سوپاى پاسداران بەردەوامە لە تۆپبارانکردنی ناوچە کوێستانییەکانی چیای شاهۆ

سوپاى پاسداران لە ماوەى چەند رۆژی رابردوودا دەستیکردووەتەوە بە تۆپبارانکردنى چەندین ناوچەى چیای شاهۆ لە رۆژهەڵاتى کوردستان.

سەرباری تێپەڕینى ٤٥ رۆژ بەسەر تەواوبوونی مانۆڕی سەربازیى سوپاى پاسداران لە زنجیرە شاخ و کوێستانەکانى چیای شاهۆ، بەڵام سوپاى پاسداران تا ئێستاش بەردەوامە لە بۆردومانکردنی ناوچە جیاجیاکانى شاهۆ و بەهۆی ئەو تۆپبارانکردنانەوە زیانێکى زۆر بە سروشتی شاهۆ و بە تایبەتی ئەو ناوچانە گەیشتووە، کە کراونەتە ئامانجی تۆپبارانەکان.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەوبارەیەوە بڵاویکردەوە، چالاکوانانى رۆژهەڵاتى کوردستان نیگەرانیى خۆیان لە بەردەوامیى تۆپبارانە بەردەوامەکانى سوپاى پاسداران نیشانداوە، چونکە لە ناوەڕاستى مانگی رەزبەر (ئەیلول)ەوە و بە پاساوی ئەنجامدانى مانۆڕێکى سەربازی کە خۆیان ناویان ناوە موحەڕەمی ٢، هەموو جۆرە هاتووچۆ و جموجوڵێکى هاووڵاتییانیان بۆ کوێستانەکانى شاهۆ قەدەغە کراوە.

سوپاى پاسداران لەو کاتەوە بەشێوەیەکى بەرفراوان بەردەوامە لە جموجوڵەکانى و دەستیکردووە بە دروستکردنى رێگا و بەهۆی تۆپبارانەکان و دروستکردنى رێگا بۆ کوێستانەکانى شاهۆ زیانێکى زۆر سروشتی ناوچەکە گەیشتووە. ئەوەش لە کاتێکدایە کوێستانەکانى شاهۆ بەشێک لە ناوچەى پارێزراوى سروشتین و نابێت هیچ جۆرە دەستوەردانێک یان گۆڕانکارییەک لەو ناوچە پارێزەراوانەدا بکرێت.

بە وتەى هەڵسوڕوانى ژینگەپارێز "بەهۆی گوشارەکانى سوپاى پاسدارانەوە، بابەتى تێکدانى سروشتى شاهۆ و ئاگرتێبەردانى چیای شاهۆ لەلایەن فەرمانگەى ژینگەی سنەوە نکۆڵیى لێدەکرێت و ناوێرن باس لە کارەکانی سوپاى پاسداران بکەن".

رووبەری ناوچە و کوێستانە پارێزراوەکانى شاهۆ و کۆساڵان ٥٧ هەزار و ٢٣٦ هێکتار (٢٢٨ هەزار و ٩٤٤ دۆنم)ە و دەکەوێتە نێوان شارەکانی سەوڵاوا، رەوانسەر، پاوە، مەریوان، کامیارن و بەشێک لە ناوچە سنوورییەکانى باشووری کوردستان.

بەپێى یاسای پەسەندکراوی ژمارە ٣٠٣ی ئەنجوومەنى باڵاى ژینگەپارێزیى (کۆمسیۆنى کاروباری ژێرخانی دەوڵەت) لە ساڵی ١٣٨٨ی کۆچی هەتاوییەوە، واتە لە ١١ ساڵ لەوە پێش، ناوچە کوێستانییەکانى شاهۆ خراونەتە سەر فەرمانگەى ژینگەپارێزی، بەڵام سوپای پاسداران پێبەندی پاراستنى ژینگەى ئەو ناوچەیە نەبووە.

سوپاى پاسدارانی کۆماری ئیسلامیى ئێران لە ساڵی ١٣٨٧ی کۆچی هەتاوییەوە، واتە لە ١٠ ساڵی رابردووە تاوەکو ئێستا بە پاساوی بەرەنگاربوونەوەى هێزە کوردستانییەکان لە ناوچە کوێستانی و پارێزراوەکانى شاهۆ و کۆساڵاندا دەستیکردووە بە دروستکردنى چەندین بنکەى سەربازی.

هاوکات لەگەڵ دروستکردنى چەندین بنکەى سەربازی و رێگای سەربازی، چەندین ئۆپەراسیۆنى بەرفراوانى سەربازیشی لە ناوچە پارێزەراوەکانى شاهۆدا ئەنجامداوە و زۆربەى کاتەکانیش بە تۆپخانەکانى ناوچە پارێزراو و کوێستانییەکانى شاهۆ و کۆساڵان تۆپباران دەکات. ئەوانەش بوونەتە هۆی بەرکەوتنى زیانێکى زۆر بە سروشتی ئەو ناوچەیە و کەوتنەوەى چەندین ئاگری گەورە و تێکدانى بەشێکى بەرچاو لە کوێستانەکان و ناوچە پارێزراوەکانى شاهۆ.

لەم چەند مانگەى رابردوشدا باس لەوە دەکرێت سوپای پاسداران لە شاهۆ سەکۆ و بنکەى مووشەکیى دروستکردووە و ئەو باسانەش لە میدیاکانى دەرەوەى ئێراندا رەنگدانەوەى هەبووە.

ر.م