سوپای توركیا شه‌هیدگه‌ی گوڵان و سمكۆی له‌ بناری قه‌ندیل وێران كرد

فڕۆكه‌جه‌نگییه‌كانی سوپای توركیای داگیركه‌ر له‌ هێرشی شه‌وی ڕابردوویاندا، شه‌هیدگه‌ی شه‌هید گوڵان و شه‌هید سمكۆ-یان له‌ گوندی ماره‌دوو-ی بناری قه‌ندیل كرده‌ ئامانج و زیانێكی زۆریان به‌ گڵكۆی شه‌هیدان و مۆزه‌خانه‌ی شه‌هیدگه‌كه‌ گه‌یاند.

فڕۆكه‌جه‌نگییه‌كانی سوپای توركیای داگیركه‌ر شه‌وی ڕابردوو گونده‌كانی ماره‌دوو، به‌ستێ و ئالیه‌ڕێش-ی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی ژاراوه‌-ی ده‌ڤه‌ری پشده‌ریان له‌ باشووری كوردستان بۆردومان كرد.

له‌ هێرشی شه‌وی ڕابردوودا، شه‌هیدگه‌ی شه‌هید گوڵان و شه‌هید سمكۆ بۆمباران كران و له‌ ئه‌نجامدا زیانێكی زۆر به‌ كێلی گڵكۆی شه‌هیدان گه‌یشت‌ و مۆزه‌خانه‌ی نێو شه‌هیدگه‌كه‌ كه‌ وێنه‌ و بیره‌وه‌ری شه‌هیدانی تێدا هه‌ڵگیرابوو، به‌ته‌واوی وێران كرا. هه‌روه‌ها زیانێكی زۆر به‌ دره‌خته‌كانی شه‌هیدگه‌كه‌ گه‌یشتووه‌ و كتێبی پیرۆزی قورئان و كتێبه‌كانی دیكه‌ به‌ ده‌وروبه‌ردا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌.

سوپای توركیای داگیركه‌ر هاوشێوه‌ی داعش له‌ عه‌فرین و پێشتریش له‌ باكووری كوردستان زۆر شه‌هیدگه‌ی بۆردومان كردووه‌. شه‌وی ڕابردووش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا شه‌هیدگه‌ی شه‌هید گوڵان و شه‌هید سمكۆی كرده‌ ئامانج و وێرانی كرد. هه‌ر له‌ ئه‌نجامی بۆردومانی شه‌وی ڕابردوو زیان به‌ ڕه‌ز و باخی گوندنشینان گه‌یشتووه‌.

s.m