"سەرەڕای بوونی دوو سەندیگای رۆژنامەنووسان لە کەرکوک نەتوانراوە بەرگری لە رۆژنامەنووسان بکرێت"

ڕاگەیاندکارانی شاری کەرکوک رەوشی رۆژنامەوانیی لە شارەکە بە خراپ و مەترسیدار ناودەبەن بۆ کاری رۆژنامەنووسی و دەڵێن: "سەندیگای رۆژنامەنووسان کەمتەرخەمن لە پاراستنی رۆژنامەنووسان."

رۆژ لە دوای رۆژ ڕەوشی رۆژنامەنووسانی شاری کەرکوک بەرەو دۆخێکی خراپتر و مەترسیدارتر دەروات بەهۆی ئەو پێشەڵکارییانەی دەسەڵاتی شارەکە ئەنجامی دەدەن بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان چ لە لێدان، دەستگیرکردن، هەرەشەو دەستگرتن بەسەر کەلوپەلی رۆژنامەوانی و ڕیگەنەدان بە رووماڵکردنی رووداوەکان و دەرکردنیان لە شوێنە حکومییەکان و سوکایەتی کردن پیان.

سەرەرای بوونی دوو سەندیگای جیاوازی رۆژنامەوانان لە کەرکوک کە سەندیگایەکیان سەر بە هەرێمی کوردستانە ئەوەی دیکەیان سەر بە حکومەتی ناوەندی عێراقە بەڵام ئەم پێشەلکارییانەی بەرامبەر رۆژنامەنووسانی کەرکوک بەردەوامی هەیە و رۆژ لە دوای رۆژ روو لە خراپ بوونە، رۆژنامەنووسانی کەرکوک رۆلی سەندیگایان بە لاواز دادنێت لە بەرگری کردن لە مافی رۆژنامەنووسان و دەلێن" سەندیگا نەیتوانی رۆڵی خۆی بگێرێت لە فەرام کردنی ئازادی کارکردن بۆ رۆژنامەنووسان."

سەندیگای رۆژنامەنووسان رۆڵێکی لاوازیان هەبووە

کاروان محەمەد رۆژنامەنووسێکی شاری کەرکوکە سەبارەت بە رۆڵی سەندیگای رۆژنامەنووسان لەبەرگری کردن لە رۆژنامەنووسانی کەرکوک، بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "لەماوەی ڕابردوودا سەندیگای رۆژنامەنووسان رۆڵێکی لاوازیان هەبووە جگە لە دەرکردنی چەند بەیاننامەیەکی ئیدانە کردن و بەستنی کۆنگرەی رۆژنامەوانی هیچی تریان پێنەکراوە بۆ داکۆکی کردن لە رۆژنامەنووسان وە هەڵوێستی سەندیگای رۆژنامەنووسان لەئاستی داواکری رۆژنامەنووسانی کەرکوکدا بێت، بەداخەوە بێ متمانەیی هەیە لە نێوان رۆژنامەنووسان و سەندیکای رۆژنامەنووسان، هەر بۆیە زۆربەی رۆژنامەنووسان ئەندام نین لە سەندیکای رۆژنامەنووسان."

نەیانتوانیوە بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و تایفی رۆژنامەنووسانی کەرکوک بپارێزن

سەبارەت بەبوونی دوو سەندیگای رۆژنامەنووسان لە کەرکوک جیاوازی کردن لە نێوان رۆژنامەنووسان، کاروان محەمەد بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "لە شاری کەرکوک دوو سەندیگای رۆژنامەنووسان هەیە بە هەردووکیانەوە نەیانتوانیوە بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و تایفی رۆژنامەنووسانی کەرکوک بپارێزن، بوونی دوو سەندیگای رۆژنامەنووسان لە کەرکوک دەیانتوانی جیاواز لە هەموو پارێزگاکانی دیکە ئازادی بۆ رۆژنامەنووسان فەراهەم بکەن یان بواری زیاتر بە رۆژنامەنووسان بدەن بۆ کارکردن بەلام بەداخەوە نەیانتوانیوە ئەمە بکەن."

دەربارەی هۆکاری ئەندام نەبوونی بەشێکی رۆژنامەنووسان لە سەندیگا، ئەو رۆژنامەنووسە بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "لە شاری کەرکوک دوو سەندیگای رۆژنامەنووسان هەیە یەکێکیان سەندیگای رۆژنامەنووسانی کوردستانە ئەوەی دیکە سەندیکای رۆژنامەنووسانی عیراق، بەشیک لە رۆژنامەنووسان ئەندامی سەندیگای رۆژنامەنووسانی کوردستانن بەشێکی دیکەی سەندیگای رۆژنامەنووسانی کوردستان ئەندامی سەندیگای رۆژنامەنووسانی عێراقن بەڵام بەشێکی زۆری رۆژنامەنووسانی چالاکی ئەم شارە ئەندامی هیچ کام لەم دوو سەندیگایە نین چونکە هیچ کام لەم دوو سەندیگایە نەیاتوانیوە ببنە داکۆکی کاری تەواوی رۆژنامەنووسان."

ئەو بەربەستانەی کە لەبەردەم رۆژنامەنووسانی کەرکوک هەیە

سەبارەت بە ئازادی رۆژنامەگەری لە کەرکوک ئەو رۆژنامەنووسە ڕایگەیاند: "لە ئیستادا رۆژنامەنووسانی کەرکوک کەمترین ئازادی و کەمترین بواریان هەیە بۆ کارکردن، پێم وایە بوونی یەک سەندیگای چالاک کاریگەری زیاتری دەبوو لەم دوو سەندیگایەی ئیستا لە کەرکوکدا هەن، داواکارین هەردوو سەندیگاکە کاری هاوبەش بکەن و پێداچوونەوە بەو کەسانە بکەن کە بەناوی رۆژنامەنووسانەوە ئەندامن لە سەندیگاکان بەلام رۆژنامەنووسی کارا نین، وە کاربکەن بۆ فەرام کردنی ئازادی رادەربڕین و لابردنی ئەو بەربەستانەی کە لەبەردەم رۆژنامەنووسانی کەرکوک هەیە."

تا ئیستا ئەو داواکارییەی سەندیگای رۆژنامەنووسان هیچ بەرهەمێکی نەبووە

چیا نوری رۆژنامەنووسێکی دیکەی شاری کەرکوکە سەبارەت بە لاوازی رۆڵی سەندیگای رۆژنامەنووسان لە پاراستنی رۆژنامەنووسانی کەرکوک، بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: " بەردەوام لەکاتی دەرکەوتنی هەر کێشەیەک بۆ رۆژنامەنووسان، رۆژنامەنووسان پەنا دەبەنە بەر سەندیگای رۆژنامەنووسان، سەندیگای رۆژنامەنووسانیش تاکە وەڵام کە پییەتی دەرکردنی بەیاننامەیەکە بۆ ئیدانە کردنی ئەو کارە، لەماوەی ڕابردوودا سەندیگای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە کەرکوک کۆنگرەی رۆژنامەووانی بەستوە کە تیدا داوی لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان کردووە کێشەی رۆژنامەنووسانی کەرکوک بگەیننە بەغداد بەڵام تا ئیستا ئەو داواکارییەی سەندیگای رۆژنامەنووسان هیچ بەرهەمێکی نەبووە."

وای کردووە لە دەکردنی بەیاننامەی ئیدانە کردن زیاتر نەتوانێ داکۆکی لە رۆژنامەنووسان بکات

هەروەها چیا نوری سەبارەت بە هەڵوێستی سەندیگا لەبەرامبەر پێشەلکارییەکانی دژ بە رۆژنامەنووسانی کەرکوک، بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "سەندیگای رۆژنامەنووسان لە کەرکوک خۆی دان بەوەدا دەنێت کە جگە لە دەرکردنی بەیاننامەی ئیدانە کردن هیچی دیکەی پێ ناکرێ، یەکێکی دیکە لە کێشەکانی سەندیگای رۆژنامەنووسانی کوردستان نەبوونی مۆڵەتی کارکردنە لە بەغداوە، کارکردنی سەندیگای رۆژنامەنووساننی کەرکوک بەبێ مۆڵەت لە کەرکوک وای کردووە کە لە دەکردنی بەیاننامەی ئیدانە کردن زیاتر نەتوانێ داکۆکی لە رۆژنامەنووسان بکات."

ناتوانی مامەلە لەگەل هێزە ئەمنی و ئیداریەکانی شارەکە بکات

هەروەها ئەو رۆژنامەنوووسە ووتی: "نەبوونی مۆڵەتی کاردنی سەندیگای رۆژنامەنووسانی کەرکوک وای کردووە نەتوانی مامەلە لەگەل هێزە ئەمنی و ئیداریەکانی شارەکە بکات بۆ چارەسەکردنی کێشەی رۆژنامەنووسانی کەرکوک، ئەمەش وای کردووە رۆژ لەدوای رۆژ کێشەی رۆژنامەنووسانی کەرکوک روو لە زیاد بوون بکات."

رۆژنامەنووسان و هاووڵاتیانی شارەکەش بوونەتە قوربانی کێشەی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق

سەبارەت بە بوونی کەرکوک وەکو ناوچەی جێناکۆک لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق و بوونە قوربانی رۆژنامەنووسان و هاووڵاتیانی شارەکە، ئەو رۆژنامەنووسە ووتی: '' هاووڵاتیان و بوونی شاری کەرکوک لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقدا وای کردووە ئەم شارە ببێتە قوربانی بە هەمان شێوە رۆژنامەنووسان و فەرمانبەران و هاووڵاتیانی شارەکەش بوونەتە قوربانی کێشەی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقدا، بەهۆی بوونی کەرکوک لە نێوان هەرێم و بەغداد دوو سەندیگای لە شاری کەرکوک هەیە ئەوانیش سەندیگای رۆژنامەنووسانی کوردستان و سەندیگای رۆژنامەنووسانی عێراق ئەمەش رۆژنامەنووسانی کردۆتە قوربانی ئەو دوو لایەنە چونکە تەنها دەتوانی ببیتە ئەندام لە یەک سەندیگادا.''

ئەو مەودایەی لە نێوان سەندیگا و رۆژنامەنووساندا هەیە رۆژنامەنووسان دەکاتە قوربانی

لە کۆتایدا رۆژنامەنووس چیا نوری ووتی: "داواکارین سەندیگای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە کەرکوک بتوانێت هەماهەنگیەکی زیاتر لەگەل رۆژنامەنووسان بکات تا بتوانن بەیەکەوە کێشەکان چارەسەر بکەن چونکە ئەو مەودایەی لە نێوان سەندیگا و رۆژنامەنووساندا هەیە رۆژنامەنووسان دەکاتە قوربانی و کێشەکانیشیان چارەسەر ناکات بەڵام ئەگەر هەماهەنگیەکی پتەو هەبێت و بەردەوام لە کێشەو گرفتەکانی یەکتر بکۆڵنەوە ئەو کاتە رۆژنامەنووسانی کەرکوک دەوانن کێشەکانیان لەگەل سەندیگا چارەسەر بکەن."

جێگای باسە سەندیگای رۆژنامەنووسانی کوردستانیش هۆکاری بەرگری نەکرنیان وەکو پێویست لە رۆژنامەنووسان دەگەرێننەوە بۆ هۆکاری ئەوەی کە لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە شاری کەرکوک لە ژێر حوکمی سەربازییە زیاتر لەوەی ئیداری بێت.

ف.ق