"شارەوانییەکان رزگار دەکەین و رادەستى گەلیان دەکەین"

زوبەیدە زومروت ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى ناوەندیى هەدەپە رایگەیاند، حیزبەکەیان بۆ هەڵبژاردنى ٣١ی ئادار ئامادەیە. راشیگەیاند، ئەو زیانانەوەى قەیومەکان بە شارەوانییەکانیان گەیاندووە ساڕێژ دەکەن و شارەوانییەکان رادەستى گەل دەکەنەوە.

پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لە ژێر گوشارێکى زۆر قورسدا خۆی بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە ٣١ی ئاداری ٢٠١٩دا ئامادە دەکات تاوەکو ١٠٢ شارەوانییان لە دەستى قەیومەکانى رژێمى ئاکەپە دەربهێنن و بیگەڕێننەوە بۆ گەل. هەدەپە تاوەکو رۆژی ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ داوای هاووڵاتییان و چالاکوانان بۆ پاڵێورابوون بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان وەردەگرێت.

زوبەیدە زومروت ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى ناوەندیى پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لەبارەى هەوڵ و کارەکانیان بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد.

 

زوبەیدە زومروت لە قسەکانیدا باسی هێرش و گوشارەکانى سەر هەدەپە کرد و رایگەیاند، ئەگەریش تەنها یەک کەسیان بمێنێتەوە درێژە بە کار و خەباتەکەیان دەدەن.

راشیگەیاند "ئێمە بۆ کارەکانی بەرێکخستنکردن و بەهێزکردنى دیموکراسیى خۆجێى لە کوردستان و تورکیا دەستمان هەوڵەکانمان کردووە. بۆ ئەوەى شارەوانییەکانمان لە قەیومەکان پاک بکەینەوە، کۆمسیۆنێکمان دامەزراندووە و کارەکانیشمان ماوەی چەند رۆژێکە بە شێوەى فەرمی دەستیپێکردووە. بە قبوڵکردنى داواکان بۆ بوونە پاڵێوراو کارەکانمان دەستپێکردبوو. هاوکات هەوڵی زۆر بۆ کۆتایهێان بە هەدەپە دەدرێت، بەڵام خاوەنداریکردنى گەلەکەمان لە هەڵبژاردنى خۆجێى شارەوانییەکاندا ئەو هەوڵانە پووچ دەکاتەوە".

"گەل توڕەیى خۆی بە دەنگەکانى دەخاتەڕوو"

زومروت ئەوەشی وت "لە کۆبوونەوەکانى گەل دا ئەوە دەبینین، کە گەلەکەمان لە دژی سیاسەتەکانى هاوپەیمانیى ئاکەپە – مەهەپە زۆر توڕەیە. هەر چەند ئێستا گەلەکەمان لەسەر شەقامەکاندا نین، بەڵام توڕەبوونەکەى خۆیان بە دەنگەکانیان دەخەنەڕوو".

وتیشی "گەلەکەمان هەڵبژاردنى ٣١ی ئاداری ٢٠١٩ وەک ریفراندۆمێک دەبینێت. ئەوەى دەکەوێتە سەر شانی ئێمە بە باشی بەڕێوەى دەبەین و کار و هەوڵەکانمان دەکەینە بەڕێکخستنکردنێکى هەمیشەیى. بۆ ئەوەش دەمانەوێت مۆدێلێکى نوێى رێکخستنکردن بئافرێنین. ئەوەش رێگا بە ڕووی بەرخودانى دیموکراتیکى خۆجێى دا دەکاتەوە".

زومروت ئاماژەى بە زیانەکانى ئاکەپە لە رێگەى قەیومەکانەوە لە کوردستان کرد و وتى "پێش هەموو شتێک ئێمە بڕوامان بەوە هەیە،  گەلەکەمان لەم هەڵبژاردنەدا دەچێتە سەر سندوقەکانى دەنگدان و خاوەنداری لە دەنگی خۆی دەکات. گەلەکەمان ئەوە دەبینێت، کە قەیومەکان لە ٢ ساڵی رابردوودا چەند زیانیان بە شارەوانییەکان و پلانسازیى شارەکان گەیاندووە".

ئەوەشى خستەڕوو "ئێمە خاوەنی ئیرادەین و بە پێداگرییەوە کار بۆ ئەوە دەکەین، ئەو زیانانەی قەیومەکان بە شارەوانییەکانیان گەیاندووە ساڕێژ بکەین و خزمەت بە گەلەکەمان بکەین. کاتێک ئێمە لە ساڵی ١٩٩٩دا شارەوانییەکانمان بەدەستهێنا ئەو کاتەش تۆمارەکانى کاروباری شارەوانی، ئارشیڤەکانی کارکردن، بەڵگەنامەکانی پەیوەندیدار بە داهات و خەرجی و بودجە و زۆر شتی تر لە شارەوانییەکاندا بوونیان نەبوو، بەڵام ئێمە شارەوانییەکانمان کرد بە دامەزراوە و رێکمان خستنەوە. بۆ ئەوەش لە ١ی نیسان بە دواوەوە هیچ گومان و نیگەرانیمان نابێت. با گەلەکەشمان ترس و نیگەرانییان نەبێت. سەرباری ئەو هەموو تاڵانى و قەرزخستنە سەر شارەوانییەکان و پەکخستنى کار و پرۆژەکان کە قەیومەکان ئەنجامیانداوە و زیانی زۆریان بە شارەوانییەکان گەیاندووە، بەڵام ئێمە شارەوانییەکانى خۆمان لە چەند مانگ دا وەک پێشوو دەکەینەوە بە دامەزراوە و ریکیان دەخەینەوە و رادەستى گەلی دەکەینەوە".

"چاوپێکەوتنمان بۆ ئەنجامدانى هاوپەیمانى بەردەوامە"

زومروت لەبارەى هاوپەیمانى بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکانەوە وتى، حیزبەکەیان لە هەوڵدایە بۆ دروستکردنی بەرەیەکى دیموکراسی و بە بەردەوامیش ئامادەن بۆ هاوپەیمانییەکى دیموکراتیک. ئەوەشی وت "ئێستا هەم لە کوردستان و هەم لە تورکیا هەوڵ و کارەکان بۆ هاوپەیمانى بەردەوامن".

ر.م