گۆران شاهۆ ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان-کۆدار لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات، باسی لە گرنگیی سازکردنی سێهەمین کۆنگرەی کۆداری کرد.
شاهۆ لە سەرەتای قسەکانیدا، بە هۆی سازکردنی سێهەمین کۆنگرەی کۆدار، پیرۆزبایی ئاڕاستەی عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و شەهیدانی رێگای ئازادی و گەلی کورد و گەلانی ئێران کرد و رایگەیاند، کۆنگرەکە لە هەڵومەرجێکی ناڵەبار و هەستیاری ناوچەکەدا بەڕێوە چوو. بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و دەستوەردانەکانی سیستمی سەرمایەداری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕ و پێکدادانەکانی دەوڵەتانی دەسەڵاتخواز لەو ناوچەکە، دەکرێت بگۆڕێت بۆ گۆڕانکاریی ئەساسی بۆ ناوچەکە. بێگومان بارودۆخی ئێستا دەکرێت چارەنووسی گەلان و بە تایبەت گەلانی ژێردەستە، لە رووی ناسنامە، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوریەوە یەکلایی بکاتەوە. هاوکات بارودۆخی ئێستا دەتوانێت داواکاریەکانی سەدان ساڵەی گەلی کورد وەکو ئازادی و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، بە دوای خۆیدا بهێنێت.
گۆران شاهۆ تیشکی خستە سەر واقیعی بارودۆخە ئاڵۆزی ناوچەکە و بەم شێوەی باسی لێوە کرد:"لە ئێستادا ٣ هێڵی سیاسی هەوڵ دەدەن هزر و سیستمی خۆیان لە ناوچەکە بچەسپێنن. سیستمی سەرمایەداری بە پشتبەستن بە ئایدۆلۆجیای نیولیبرال کە لە هەوڵێ ئەوەدایە، سیستم و هزر و دەستبەسەرداگرتنی سەرمایە لە ناوچەکە، زیاتر بە جیهانی بکات، سیستمی دەوڵەت-نەتەوەش بە هەڵوێستێکی دەسەڵاتخواز هەوڵ دەدات بۆ بەردەوامیدان بە خۆی، دەست بە سەر دەستکەوتنەکانی گەلاندا بگرێت. لە بەرامبەر ئەم دوو هێڵەش، هێڵی دیمۆکراتیک، یان هێڵی گەلان و خۆڕاگرییە کە هەوڵ دەدات خۆی بگەیێنێتە داواکاریە رەواکانی سیاسی، کلتوری و ناسنامەیی. ئەوەی پێشەنگایەتی ئەم هەنگاوەش دەکات، سیستمی نەتەوەی دیمۆکراتیکە کە دەیەوێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، سیستمی سەرمایەداری و سیستمی دەوڵەت-نەتەوە تێپەڕێنێت."
شاهۆ، زیاتر تیشکی خستە سەر سیستمی نەتەوەی دیمۆکراتیک و وتی"ئەم سیستمە خۆی لە سەر هەموو ئاستێک بەرێکخستن دەکات. هاوکات خۆشی بونیاد دەنێت و بەرێکخستن دەکات و لە سەر ئاستی خۆپاراستن، سیاسی، دیپلۆماسی و خەبات و تێکۆشانێکی فرە رەهەندەوە، بەڕێوە دەبات. هاوکات ئەم سیستمە بە پڕۆژەی دەوڵەت-دیمۆکراسی و دوور لە هزری روخاندنی دەوڵەت، خۆی بەڕێکخستن دەکات و خەباتی دیمۆکراتیک لە ناو ژیانێکی ئازاد و یەکساندا، بەڕێوە دبات. کۆنگرەی کۆداریش لەسەر ئەم بنەمایە، یان بۆ ئەوەی بتوانێت ئاستی خەباتەکانی خۆی لە ناو راستیی بونیادنانی سیستمی دیمۆکراتیک و بەرێکخستنبووندا بەرز دەکاتەوە، ساز کرا.
گۆران شاهۆ ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆدار لە بارەی گرنگیی کۆنگرەکە کە لە بارودۆخێکی نائارامی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بەڕێوە چوو، وتی:"لە کاتێکدا کە لایەنە سیاسیەکان بە هۆی گەندەڵی ئەخلاقی، ئابوری، سیاسی و پاراستنی بەرژەوەندیە شەخسیەکانیان، لە ناو ململانی و شەڕێکی قوڵدان و هاوکات بە هۆی بێکەڵکی و سیاسەتی چەوت و هەڵەی دەسەڵاتداریەوە، کۆمەڵاگایان رووبەرووی چەندین قەیران کردبووەتەوە، سازکردنی ئەم کۆنگرەیە گرنگیەکی زۆری هەیە. چونکە بەڕێکخستنکردن، یەکگرتنی گەل و هاوکات چارەسەرکردنی کێشەکان، بە رێبازی خۆبەڕێوەبردن کە خۆی دەسپێرێتە ئەم جەوهەرانە، گرنگرین بنەماکانی سێهەمیش کۆنگرەی کۆدارن."
گۆران شاهۆ لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی:"کۆنگرە بە چاوێکی رەخنە ئامێز و هاوکات خۆرەخنەکردن و بە لەبەرچاوگرتنی کۆنگرەکانی پێشووتر، ساز کرا. شایەنی باسە کە هەڵومەرجی شەڕ لە ناوچەکە، بارودۆخەکەی سەختتر کردووە. سازکردنی ئەم کۆنگرەیە لە ناو هەڵومەرجێکی بەم شێوەیەدا، سەرکەوتنێکی گەورەیە. هیوادارم هەموو لایەنێک و پارتە سیاسیەکان بە تێگەیشتن لەم بارودۆخە، بتوانن لە ناو بەرەیەکی یەکگرتووەدا لە بەرامبەر داگیرکەران تێبکۆشن."
ز.ش