"ژووری دەستپێشخەریی گەل" دوای یەکەم ڕاگەیەندراوی کە تیایدا هەڵمەتی 'ئیدی بەسە'ی ڕاگەیاندبوو و لەلایەن خەڵکەوە پێشوازی لێیکرا، دووەمین ڕاگەیەندراوی بە ناوی "پێکەوە لەدژی فاشیزم" بڵاو کردووەتەوە و تیایدا داوا لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی شوبات کاتژمێر ١٧:٠٠ بۆ ٢٠:٠٠ بڕژێنە سەر شەقام و مەیدانەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ژووری دەستپێسخەریی گەل لە ڕاگەیەندراوەکەیدا شوێنی خۆپێشاندانەکانی لە شارەکانی: سنە، سەقز، مەریوان، مەهاباد، بۆکان، ورمێ، خوی، ماکۆ، کرماشان، جوانڕۆ، شاباد و ئیلام دیاریکردووە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی ژووری دەستپێشخەری گەل بەو شێوەیە:
پێکەوە لەدژی فاشیزم
دوژمنان بە ساڵانە بە نیازی لەناوبردنی داوا ڕەوا و مرۆییەکانی گەلەکەمانن لە هەر چوار بەشی کوردستان، هەروەها بە ساڵانە گەلی کورد لە سەنگەری بەرخۆداندایە، کە بەرخۆدانێکی مانادار و شکۆدارە. تەمەنی ڕەشی دوژمنانی گەلەکەمان بەرەو کۆتاییە و هەڵاتنی خۆری ئازادی نزیک بووەتەوە.
ژووری دەستپێشخەری گەل پەیوەستە بە ڕاگەیەندراوی ژمارە یەکی خۆی، کە لە ڕێکەوتی ٧/١/٢٠١٩ بڵاویکردەوە، بانگ لە خەڵکی قارمانمان دەکات، خۆی بۆ خولێکی نوێی بەرخۆدان و تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافە مرۆیی و دیموکراتییەکانی ئامادە بکات. بە بەرخۆدانێکی واتادار و شکۆمەندانە، ژیانێکی بە واتا و شکۆدار بۆ خۆی بخولقێنێت، بۆیە داوا لە هەموو خەڵکەکەمان دەکەین ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی شوبات کاتژمێر ١٧:٠٠ بۆ ٢٠:٠٠ ی ئێوارە لە شەقام و مەیدانەکانی شارەکانیان دەست بە ڕێپێوانی بێدەنگ بکەن.
ناونیشانی شەقام و مەیدانەکان بەو شێوەیەیە:
سنە: مەیدانی ئازادی بەرەو سێڕێیانی ئەدەب
سەقز: مەیدانی هەڵۆ بەرەو مەیدانی جمهوری
مەریوان: شەقامی شەبڕەنگ بەرەو چوارڕێیانی سەرەکی
مەهاباد: مەیدانی شارەداری بۆ چوارڕێیانی ئازادی
بۆکان: مەیدانی فەرمانداری
ورمێ: شەقامی ئیمام بەرەوە مەیدانی ئەیالەت
خۆی: شەقامی ئیمام
ماکۆ: بولواری ڕەسالەت
کرماشان: مەیدانی ئازادی (گاراژ) بەرەو پارکینگی شارەداری
جوانڕۆ: شەقامی بێهداری بەرەو مەیدانی بەسیج
شاباد: مەیدانی ئیمام بەرەو مەیدانی هیدایەت
ئیلام: چوارڕێیانی سەعدی بەرەو مەیدانی ئیما
ر.م