عەفرین، بەردەوامی قۆناغێکی ٢٠٠ساڵەیە
دوران کاکان: ''هێرشی سەر عەفرین، بەردەوامی قۆناغی سەرەتاکانی سەدەی ١٩یە کە لە ساڵی ١٨٠٦بە داگیرکردنی ڕەواندز دەستیپێکرد''.
دوران کاکان: ''هێرشی سەر عەفرین، بەردەوامی قۆناغی سەرەتاکانی سەدەی ١٩یە کە لە ساڵی ١٨٠٦بە داگیرکردنی ڕەواندز دەستیپێکرد''.
دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە، بوو بە میوانی بەرنامەی ''ئولکەدەن"ی تێلڤیزیۆنی 'مەدیا هابەر' و وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەوان 'دەروێش ئەرەن"ی دایەوە.
کاڵکان، باس لە پاشخانێکی مێژوویی هێرشەکانی سەر عەفرین دەکا و دەڵێ: ''لەو هێرشەدا حیساب پرسینەوەیەکی مێژوویی لە ئارادایە. قۆناغێکە کە لەساڵی ١٨٠٦ و بە داگیرکردنی ڕەواندز دەستی پێکرد. ئەو هێرشەی سیستەمی دەوڵەتی ناوەندی بۆ لەناوبردنی ژیانی کۆمەڵایەتی و خۆبەڕیوەبەریی کۆمەڵگای کورد لە ڕەواندز دەستی پێکرد، هەنگاوی سەرەتای قۆناغەکە بوو. هێرشی سەر عەفرین-یش خاڵی کۆتایی ئەو قۆناغەیە. دەسەڵاتدارانی عوسمانی و کۆماریی تورکیا ماوەی ٢٠٠ساڵە هێرش دەکەنە سەر هەبوون، ئازادی، ناسنامە و بە کۆمەڵگەبوونی کوردان".
کاڵکان، ئاشکرای دەکات کە دەسەڵاتداریەتیی تورکیا وازیان لە کۆمەڵکوژی نەهێنا، لە هەمانکاتدا گەلی کوردیش بۆ مانەوەی خۆی و ژیانێکی ئازاد دەستیان لە تێکۆشین هەڵنەگرت. ''ئیدی بەرخۆدان بووە بەشێک لە ژیان و بووە کاراکتەرێک. ئەو کاراکتەرە ئەمڕۆ لە عەفرین-یش هەستاوەتە سەرپێ و بە جەسارەتەوە لە دژی هەر کۆنەپارێزییەک بە فیداکارییەوە تێدەکۆشێ. لە دژی ٢٠٠ساڵ هێرش دەڵێن؛ 'بێجگە لە هەبوون و ژیانێکی ئازاد، هیچ شتێکی دیکە قەبووڵ ناکەین'. ئەوە قسەی گەلی کوردە و لە کەسێتی عەفرین-یشدا هەموو گەلانی سووریا وادەڵێن''.
کاڵکان، دەڵێ: ئەو هەوڵدانەی کە بۆ داگیرکردنی عەفرین دەستیپێکردووە، تەنیا لە دژی عەفرین نییە، بەڵکوو لەدژی ڕۆژاوا، سووریای دێموکراتی و هەموو کوردستانە. ئەوە هێرشێکە لەدژی مرۆڤایەتی، دێموکراسی و سەدەی ٢١. کاڵکان، وتی: ''لەڕاستیدا مرۆڤایەتی لەوە تێگەیشت، هەرکەس داهاتووی خۆی لە ئازادی عەفریندا دیت و لە هەر چوارلای جیهانەوە پشتیوانیان کرد. دەتوانین بڵێین بۆ عەفرین، مرۆڤایەتی هەستاوەتە سەرپێ".
''لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکانەوە گەلی کورد و دۆستانیان لە ئەورووپا لە چالاکیدان و ئەوە جێی ڕێزە. کوردانی ئەورووپا، هێزە دێموکراتییەکان و دۆستانیان، هاوبەشی قارەمانیەتی عەفرینن. پێویستە چالاکییەکان لەوەش گەورەتر و بەرفرەوانتر بکرێن. دەبێ وابکەن کە سیستەمی ئێستای وڵاتان ناچار ببن کە زەخت و گوشارەکانی سەر تورکیا زیاتر کەن. کێ چەک بە تورکیا دەفرۆشێ، پێویستە چالاکی بۆ شەرمەزارکردنی ئەنجام بدرێت، دەبێ چەک بە ڕژێمێک نەفرۆشێ کە خەریکی کوشتنی منداڵانی کوردە".
دوران کاڵکان، دەربارەی پێکهاتنی هەستی نەتەوایەتی کوردانیش دەڵێ: ''خۆڕاگری عەفرین، ڕێگەی لەبەردەم یەکێتیی نەتەوەیی کردەوە. گەلی باشوور لە مژاری پشتیوانیکردن لە بەرخۆدانی عەفرین، هەنگاوێکی گەورەیان هەڵهێنا کە بوو بە نموونەی هەرەگەورەی وڵاتپارێزی، یەکێتیی نەتەوەیی و خۆڕاگری. گەلی باشوور بە وتنی؛ 'دەبێ هەرکەس ڕوو لە عەفرین بکات و دەبێ هەموو کەس بچێتە عەفرین'، هەڵسوکەوتێکی نەتەوەیی و وڵاتپارێزی ئەنجام دا. ئەوەش سەلمێنەری راستینەیەکی مێژوویی گەلی باشوور بوو. گەلی باشوور گەڵێکی خۆڕاگرە".
کاڵکان، باسی گرینگی بەهێزکردنی ئەو خاوەنداریەتیی و پشتیوانیانەی کرد و وتی: ''گەلی باشوور دەتوانێ بەرەو عەفرین ڕێپێوان بکات. هیچ ڕێگرییەک بۆ ئەو کارە لە ئارادانییە. گەنجان دەتوانن ڕووبکەنە عەفرین. ئەو هێزەی ئێستا هێرش دەکاتە سەر عەفرین، لەسەر باشووریش هەڕەشە و مەترسییە. بەرخۆدانی عەفرین، بەرخۆدانی هەر چوارپارچەی کوردستانە. ئەرکی هەموومان ئەوەیە کە بۆ سەرخستنی ئەو بەرخۆدانییە تێکۆشان بکەین".
''داگیرکاری تورکیا لە عەفرین، نیزیکەی ٤٠ڕۆژە بەردەوامە. ئەو خۆڕاگرییە مێژووییە هەتا ئێستا شکستی بە چەندین پلانی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە هێناوە. ئەو بەرخۆدانە پلانی ٢کاتژمێر، ٢ڕۆژ و هەفتەیەکی فاشیزمی دەوڵەتی تورکیای تێکدا و دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە لە کۆتاییدا ئەوەی سەردەکەوێ گەلی عەفرینە. لە ئێستاوە ئەنجامەکان دیارن و ڕووناکی کۆتایی تونێلەکە دەرکەوتووە. داگیرکەر دەشکێت و لەبەریەک هەڵدەوەشێ. هەتا ئێستاش خۆڕاگرانی عەفرین سەرکەوتوون و سەرکەوتنی گەورەتریش وەدەست دەخەن. ئەوە بەڕوونی دەبینرێت".
کاڵکان، ئەوەش دەڵێت کە پێویستە هەموو کاتێک لە دژی هێرشەکان ئامادەکاری هەبێت. نابێ قەت تێکۆشان لە بەرانبەر داگیرکاریدا سست بکرێت. ئەو تێکۆشانە دەبێ لە جاران زیاتریش بە ڕێکخستن و دیسیپلین ببێت.
کاڵکان، دەڵێ: ''نابێ شەڕ بەتەنیا بخرێتە سەرشانی شەڕڤانانی یەپەگە، یەپەژە، قەسەدە و گەلی عەفرین. گرینگ ئەوەیە کە لە چوارپارچەی کوردستان، لە سووریا، لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و لە هەر چوارلای جیهان ئەو تێکۆشانە بەڕێوە بچێت".
دوڕان کاڵکان وتیشی: ''سوپای تورکیا نەک تەنها عەفرین، بەڵکوو دەیەوێ هەموو سووریا داگیر بکات و ئەگەر پێشی لێنەگیرێت لەوانەیە تورکیا خاکی سووریا پارچە بکات. تەیب ئەردۆغان بۆ خۆی دەڵێ دەتوانێ هەتا کەرکووک-یش بچێت، باسی داگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی فرات-یش دەکات. ئەگەر بتوانێ عەفرین داگیر بکات ئەوە ئیدلب بە باب، جەرابلۆس و ئەعزاز دەبەستێتەوە و وەکوو قبرس-ی لێدەکات و لێی ناچێتە دەر. ئەگەر ئەوە ڕوو بدات ئیدی سووریا بە فەرمی لەت دەبێت و دەبێتە ٣پارچە. یەکێک لە ئامانجەکانی تورکیا لەو هێرشانە پارچەکردنی سووریایە".
كاڵکان، ئاماژەی بە گرینگی پێگەی عەفرین لە بنیاتنانی سووریایەکی دێموکراتیدا کرد و بۆ سووریایەکی دێموکراتی سەرنجی خستە سەر دوو خاڵی بنەڕەتی:
- دەبێ بەر لە هەر شتێک کۆتایی بە داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا لە سووریادا بهێنرێت. دەبێ تورکیا لە باب و جەرابلۆس-یش کە بە زۆرداری داگیری کردووە، وەدەربنرێ.
- دەبێ سووریا دێمۆکراتیک بێت و واز لە ئایدیۆلوژیای شوونیستی دەوڵەت-نەتەوە بێنێت و ڕێز لە بوون، ئازادی، ناسنامە و ژیانی دێموکراتی گەلانی سووریا بگرێت.
دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە، نایشارێتەوە کە بوون و مانەوەی سووریا گرێدراوی ئەو دوو خاڵەی سەرەوەیە. کاڵکان دەشڵێت: ''بەرخۆدانی عەفرین بۆ یەکپارچە هێشتنەوەی خاکی سووریا زۆر گرینگە و دەبێ هێزەکانی ڕژێمی سووریا سنووری عەفرین بپارێزن".