فەرمانداریەتیی "یەژەشە، شەهیدانی ٣ی ئاداری ٢٠١٧ی وەبیرهێنایەوە

فەرمانداریەتیی یەکینەکانی ژنانی شنگال-یەژەشە، یادی شەهیدانی ٣ی ئاداری کردەوە

 

ئەمڕۆ ٣ی ئادار/ ١٢ی ڕەشەممە، یەکەمین ساڵڕۆژی هێرشی پارتیی دێموکراتیی کوردستان – پەدەکە بۆ سەر خانەسۆر-ی شنگالە. فەرمانداریەتیی یەکینەکانی ژنانی شنگال- یەژەشە، بە ڕاگەیەنراوێک یادی ئەو شەهیدانەی لە ئەنجامی هێرشی پەدەکەدا لە خانەسۆر گیانیان لەدەستدا، بەرز ڕاگرت و ڕایگەیاند کە لەسەر ڕێبازی ئەو شەهیدانە بەردەوام دەبن.

لە ڕاگەیەنراوەکەی یەژەشەدا هاتووە کە لەدوای فەرمانی ٣ی تەباخی ٢٠١٤ کە لە ئەنجامی پلانسازی دەوڵەتی تورکیا و بەهاوکاری پەدەکە لە سەر گەلی ئێزدی لە شنگال پێکهات، ژنان و گەلی ئێزدی، یەکینەی پاراستن و هیزی گەوهەری خۆیان بنیاتنا. یەژەشە، هێرشی پەدەکە لە ٣ی ئاداردا وەکوو هێرشێک لەدژی ڤین، ئیرادە و بەڕێکخستن بوونی گەلی ئێزدی لێکدەداتەوە و دەڵێ؛ هێرشی ٣ی ئادار، دابڕاو نییە لە هێرشەکەی ٣ی تەباخی ٢٠١٤ و لە درێژەی فەرمانی لەناوبردنی ئێزدییەکاندایە.

یەژەشە، ڕایدەگەیەنێ کە ئامانجی ئەو هێرشانە هیزی پاراستن، ڤین و خواستی خۆبەڕێوەبەری گەلی ئێزدییە و بەو هێرشە هەوڵدرا ناسنامەی ڕەسەن و ئیرادەی گەلی ئێزدی لەناوبەرن. یەژەشە سەرنج دەخاتە سەر هەڵوێستی دایکان و گەلی ئێزدی لەسەر ئەو هێرشە و دەڵێ؛ ''با ئەوە ڕوون بێت کە ژنانی ئێزدی شنگال هیچ کاتێک ڕیگە بە خیانەت نادەن".

یەکینەکانی ژنانی شنگال-یەژەشە لە کەسێتی 'نوژیان ئەرهان، نازێ نایف و تێکۆشین سەرحەد'دا، شەهیدانی خانەسۆر وەبیردێنێتەوە و دەڵێ؛ ''ئیرادەی گەلی ئێمە هیچ کاتێک خۆی ڕادەست ناکات. بە شەهیدبوونی ئەوان، ژیانی ئازاد و خۆسەر کرانە ئامانج".

یەژەشە، لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەیدا وتی؛ هێزی چەکداری ژنانی ئێزدی لە بەرانبەر بەو هێرشانە خەبات دەکەن و لەدژی هەرجۆرە خیانەتێکیش پێداگرتر دەبن لەسەر تێکۆشانی ئازادیخوازی خۆیان. یەژەشە دەڵێ؛ ''لەسەر ئەو بنەمایە لە کەسێتی شەهیدان 'تێکۆشین، نوژیان و نازێ نایف'دا، هەموو شەهیدانی ٣ی ئاداری ٢٠١٧ بە ڕێزەوە یاد دەکەینەوە و بەڵێن دەدەین کە بە بڕیاردارییەوە ڕێگە لە هەرجۆرە خیانەتێک دەگرین و ئاڵای تێکۆشانی ئەو شەهیدانە بەرز ڕادەگرین. جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە لە دژی هێرشی بەوجۆرە ئێمە باشتر خۆمان بەڕێکخستن دەکەین و بەبیر و باوەڕییەکی بەهێز و بە ئیرادەیەکی گەورەتر، ئاستی تێکۆشانی خۆمان بەرز دەکەینەوە و تۆڵەی خۆمان دەستێنینەوە".