قه‌ره‌یلان: دەبێ ئێمه‌ دەرفەتی مێژوویی لەدەست نەدەین

قه‌ره‌یلان: دەولەتی تورکیا لە عەفرین، شکست دێنێت، بۆ مسۆگەرکردنی ئەو شکستە دەبێ لە هەموو جێیەک فیداکاری بکرێت. 

موراد قه‌ره‌یلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتیی كرێكارانی كوردستان - پەکەکە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ''ڕادیۆی دەنگی وەڵات''، دوایین پێشهاتەکانی هەڵسەنگاند.

ئەوە قۆناغێکی نوێیە

قه‌ره‌یلان، وتی: ''ماوەی ٤٠ڕۆژە داگیرکەریی تورکیا بە کەڵکوەرگرتن لە هەموو جۆرە تێکنۆلۆژیایەکی پێشکەوتووی جەنگی و بە هاوکاری چەتەکانی داعش، نوسرە و گرووپە هاوشێوەکانیان، لە هەرێمێکی بچووکی وەک عەفریندا لە بەرانبەری خۆڕاگری و نەبەردی شەڕڤانان و گەلی عەفرین بێچارە بوون و تووشی شکست هاتوونەتەوە. ئەوە بەرخۆدانییەکی نوێیە. ئەو ئیرادەیەی لەو بەرخۆدانییەدا هاتۆتە ئاراوە، گەلی کورد و دۆستانیان و تەواوەتی مرۆڤایەتیشی بردووەتە قۆناغێکی نوییەوە و هەروەها لە تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کوردیشدا لاپەڕەیەکی نوێی کردۆتەوە.

ئەفسانەی گەورەی سەرکەوتن

ئەوەی هەتا ئێستا لە ئەنجامی ئەو ئیرادە و بەرخۆدانییەدا هاتۆتە ئاراوە، سەرکەوتنێکی گەورەیە. گەرچی هەتا ئێستا دوژمن دانی بە شکستی خۆیدا نەناوە، بەڵام دوژمن شکاوە و گەلی عەفرین و شەڕڤانە قارەمانەکانی سەرکەوتوون. ئەو سەرکەوتنەی ئەوان، قۆناغێکی دیکەی سەرکەوتنیش لە داهاتوودا لەگەڵ خۆی دێنێت. هەرچەند شەڕهەتا ئێستاش بەردەوامە و کۆتایی نەهاتوە، بەڵام بناغەی سەرکەوتن دامەزراوە و مسۆگەر بووە. ئەوە دەبینرێت. لە هەموو دەرفەتەکان هەتا ئێستا سوود وەرگیراوە. هەم تاکتیکێکی سەرکەوتوویان لە سەر زەوی لە بەرانبەر دوژمندا بەکارهێنا و هەم لەنێو شارەکاندا بە ڕێکخستنی کۆمەڵگە، جووڵە و پاراستنی شارەکانیان کردووە و هەروەها لە پشتەوەی دوژمن و لە دەوروبەری دوژمن، بە شێوازی گەریلایی چالاکی سەرکەوتووانەیان ئەنجام داوە. بەڕاستی سەرکەوتن مافی ئەوانە. ئەوەی لە ئەفسانەکاندا دەربارەی قارەمانەتی هەیە، ئێستا بەشێوازێکی نوێ لە عەفرین زیندو بۆتەوە''.

قه‌ره‌یلان وتیشی: ''سەرەرای شەهیدبوون و پێشکەشکردنی نرخی زۆر گرانبەها، ئەو بەرخۆدانی و سەرکەوتنە نەک تەنها بۆ گەلی عەفرین بەڵکوو بۆ تەواوی گەلی کوردستان، گەلانی هەرێمەکە، هێزە دێموکراسیخوازەکان و هەموو مرۆڤایەتییە. ئەوە پاراستنی کەرامەتی هەموو مرۆڤایەتییە و لیرە وە ڕێزی خۆمان ئاراستەی تەواوەتی ئەو فیداکارییە، شەهیدانی سەربەرز، هەموو شەڕڤانانی قارەمان و فەرماندارانی ئەو شکۆمەندییە دەکەین و پڕ بەدڵ پیرۆزباییان لێدەکەین". 

مرۆڤایەتی لە مەترسییەکی گەورە ڕزگار دەکات

قه‌ره‌یلان، دەڵێ: ''وەکوو دەبیندرێ سەرکەوتن مسۆگەرە. ئەگەر ئەو بەرخۆدانییە بەو شێوازە بچێتە پێشێ، مرۆڤایەتی لە مەترسییەکی گەورە ڕزگاری دەبێت. لە هەرێمەکەدا داعش-یان دروست کرد، گەلی ئێمە لە رۆژاوای کوردستان لە تێکشکاندن و لەناوبردنی داعشدا، ڕۆڵی هەرە بەرچاو و کاریگەری گێڕا. ئێستاش ئاکەپە-مەهەپە، بە کۆکردنەوەی پاشماوەکانی داعش و نوسرە، جارێکی دیکە لە هەوڵی دروستکردنی مەترسییەکی گەورەدان لەسەر گەلانی هەرێمەکە، دێموکراتیی باکووری سووریا و داهاتووی گەلی کورد و گەلانی سووریا. هەر بۆیە ئەگەر لە عەفرین تێکبشکیندرێن، بۆ هەموو مرۆڤایەتی قازانجە. گەلی کورد، گەلی هەرێمەکە و گەلانی تورکیا-ش قازانج دەکەن. بەو سەرکەوتنە قۆناغێکی نوێ دەست پێدەکات. هەربۆیە لە ڕاستیدا ئەوە بەرخۆدانییەکی دیرۆکی و شەرافەتمەندانەیە". 

سیاسەتی لەناوبردن

''بەر لەو هێرشانە عەفرین جێیەکی ئارام بوو. ژیانێکی هاوبەش، ئارام و دێموکراتیی لەوێ بوونی هەبوو. دەوڵەتی تورکیا، داعش و نوسرە، تیرۆریان بردە عەفرینەوە و ئەو ئارامییەیان تێکدا. تورکیا دەیەوێ لە عەفرین سیاسەتی قڕکردن پەیڕەو بکات. خانوو، دار، سرووشت و هەرشتێک بۆتە ئامانجی هێرشەکانی ئەوان. دەست لە کوشتنی ژن، منداڵ و بە ساڵاچوو ناپارێزن. ئەگەر هەتا ئێستاش ژمارەی قوربانییان یەکجار زۆر نین، نیشانەی ئەوەیە کە ئەو گەلە بەڕێکخستن کراوە. ئەو شێوازە لە پەلاماردان، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و یاساکانی شەڕە. دەوڵەتی تورکیا زۆر بە ئاشکرا هاوولاتیانی مەدەنی دەەکوژێت. لە دیمەنەکاندا دەردەکەون کە هێرش دەکەنە سەر ماڵان، دەکوژن و هەرچی وەبەردەستیان بکەوێ تاڵانی دەکەن و دەیدزن. ئەو شتێکی سەرنجڕاکێشە کە هەموو جیهان ئەوە دەبینێت و لێی بێدەنگە. لە حەقیقەتدا کاتیک چاو لە چاپەمەنی جیهانی دەکەین، دەبینین کە ڕای گشتی جیهان پاڵپشتی لە بەرخۆدانی عەفرین دەکات. بەڵام دەوڵەتانی هەرێمی و جیهانی لە بەرانبەر ئەو فاشیزمەی دەوڵەتی تورکیا بێدەنگییان هەڵبژاردووە''.

قه‌ره‌یلان، وتی: ''بەر لە هەرشتێک ئامریکا و رووسیا دەیانەوێ ناکۆکییەکانی نێوان خۆیان لەسەر پشتی گەلی کورد چارەسەر بکەن. بەڕێگەی گەلی کوردەوە دەیانەوێ حیساباتی خۆیان لەگەڵ یەکتر ساف کەن. ئەوەش ڕێگەی لەبەردەم ئەو هەموو پێشێلکاری، ستەم و ناحەقییە کردۆتەوە کە لەسەر گەلی کورد بەڕێوە دەچێ، کە بێ‌ویژدانییەکی یەکجار گەورەیە".

ئەگەر تورکیا دەست بەسەر ئەو ناوچانەدا بگرێت، لێی ناچێتە دەر

ئەگەر تورکیا دەست بەسەر ئەو ناوچانەدا بگرێ، نە لە عەفرین، نە لە ئیدلب و نە لە باب-یش ناچێتەدەر و داوای حەڵەب-یش دەکات. وەک قوبرسی لێدەکات. ئایا ئەوە پارچەکردنی سووریا نییە؟ ئەی بۆچی سووریا چاوی خۆی لەو راستییە دەگرێ و لە ڕووسیا خەت وەردەگرێ؟ ئەوانە جێگەی پرسیارن. ئایا ڕووسیا بەو شێوازە دەتوانێ سووریایەکی بەدڵی خۆی دروست بکات؟ مەگەر ئەوە هەواڵگری تورکیا نییە کە هەموو داعش، نوسرە، برایانی موسوڵمان، ئەحرارئەلشام، بەیەکەوە گرێدەدات؟ هەموو ئەوانەیان کردە یەک و بەهێزیان کردن. ئەوەش بە هاوکارێ ڕووسیا دەکات. ڕووسیا دواتر ئەوانە چۆن دەردەکات؟ چۆنە کە ڕووسیا ئاوا ڕێگە بەوانە دەدات و دەهێڵێ کە خوێنی کوردان بڕژێنن؟ ئایا ئەوە بۆ داهاتووی سووریا، مەترسییەکی گەورە نییە؟ ئاشکرایە کە ئەوە مەترسییەکی گەورەیە لەسەر داهاتووی سووریا. جێگیرکردنی ئەو هەموو چەتەیە لەلایەن تورکیاوە لەو ناوچانە، بناغەی پارچەکردنی سووریا دادەڕێژێت.

"بەریوەبەری سووریا، ئەو مەترسییانە دەبینێت بەلام دوودڵە. بۆ وێنە هێندێک هێزی نزیک خۆیان چوونەتە هەرێمەکە و ناتوانن ڕاستەوخۆ پشتیوانییان لێبکەن. لەراستیدا لەوێ بەرخۆدانییەکی شکۆمەند لە ئارادایە و دەبێ هەرکەس پشتیوانی لەو بەرخۆدانییە بکات و ڕێگربێت لە بەرانبەر سیاسەتەکانی دەولەتی تورکیا و جێگیربوونی قاعیدە لەو ناوچانە. بەڵام هەتا ئێستا هەوڵدانێکی ئەوانی ڕاستەقینە لە ئارآدا نییە. وادیارە سووریا و ئێران هێندێک نارەحەتن، بەلام تا ئێستا شتێکیان نەکردووە''.

قه‌ره‌یلان، باسی هەلوێستی ئەمەریکا-ش دەکات و دەڵێ: '' ئەوانیش دەڵێن ئێمە ناڕازین. لێدوانەکانیان کە با ڕووی هەموولایەک لە داعش بێ، لەجێی خۆیدا نییە. ئەو هێرشە سەرنجەکان بڵاو ناکات بەلکوو تەواو پاڵپشتی کردنی تورکیایە لە داعش. ئێستا داعش خەریکی ڕێکخستنەوەی هێزەکانیەتی لە دێرەزوور. بۆچێ؟ قەسەدە ڕاوی نان و بردنی هەتا ئەبوکەماڵ، ئێستاش لەوێ کۆبوونەتەوە. تورکیا هێرشی کردە سەر عەفرین بۆ ئەوەی دەرفەتی خۆڕێکخستنەوە بدات بەو هێزانە. بۆ ئەوی داعش بە تەواوەتی لەناو نەچێت، دەستێوەردانیان کرد، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا بەڕاشکاوی ئەوە ناڵێن. یانی دەزانن بەڵام بەرژەوەندییەکانیان ڕێگرە لە وتنی ئەو ڕاستییە".

ئەوانەی چاولێکەرن، هەموویان بەرپرسیارن

''لێرەدا جاریکی دیکە سیاسەت و نابەرپرسایەتی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەبینرێ. بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان خۆیان و تێکەڵییەکانیان لە گەڵ تورکیا، تەنیا تەماشاچین. هێندێک وردەگلەیی دەکەن، بەڵام بێدەنگن. هەربۆیە هەموو ئەوانەی چاولێکەرن، بەرپرسیاریەتی ئەو دۆخەیان دەکەوێتە سەرشان''.

رووسیا و سووریا، کورد لەدەست دەدەن

بەتایبەتی رووسیا و دەولەتی سووریا ئەگەر لەسەر ئەوجۆرە سیاسەتەیان پێداگری بکەن، دەبێ ئەوە بزانن کە نەتەنیا ناتوانن یەکپارچەیی سووریا بپارێزن، بەلکوو لەهەمان کاتدا گەلی کوردیشیان لەدەست دەچێت. سەبر و دانبەخۆداگرتنی گەلی کوردیش سنوورێکی هەیە. باهەرکەسێک ئەوە بزانی کە گەلی کورد بێ ئاڵتێرناتیف نییە و بژاردەی دیکەی لەبەر دەستدایە. 

ڕێکخستن و بەبنەماگرتنی هێزی خۆت گرینگە

قه‌ره‌یلان، لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ: ''ڕاستینەی فیکر و رامانی ڕێبەرئاپۆ جاریکی دیکە خۆی سەلماند. دەبێ هەر نەتەوەیەک، هەر بزووتنەوەیەک، لەسەر بنەمای هێزی گەوهەری خۆی، خۆی بە ڕێکخستن بکات. دەتوانی دیپڵۆماسی بکات، تێکەڵیی دروست بکات، یارمەتی لە دەرەوە وەربگرێت، بەلام دەبێ جیا لە هێزی گەوهەری خۆی پشت بە هیچ هێزێکی دیکە نەبەستێت. ئەوە جاریکی دیکەش سەلمێنرا کە ئەگەر گەلێک لەسەر ڕەنج و هێزی خۆی، توانی خۆی بنیات بنێت، بی‌گومان دەتوانێ کاریگەری لەسەر ڕای گشتیش دروست بکات. ئێستا عەفرین سەرکێشی شەڕێکی شکۆدار دەکات و هەموو گەلانی هەرێمەکەش بەشیوازی جیاجیا جێی خۆیان لەو بەرخۆدانییەدا گرتووە و پشتیوانی ڕای گشتی نێونەتەوەییش هەیە. هەربۆیە ئەوە بەرخۆدانییەکی زۆر بێ‌وێنە و دیرۆکییە". 

گەلی ئێمە لە باشوور و ئەورووپا

''گەلی ئێمە لە ئەورووپا و لە باشووری کوردستان، بە راستی بۆ پشتیوان عەفرین، فیداکارییەکی گەورە دەکەن. ئەو بەرخۆدانییە لە کوردستان، ڕۆحێکی نەتەوەیی ئافراند. جارێکی دیکەش هەر کەس لەوە تێگەیشت کە کورد بۆخۆی دۆستی خۆیەتی و دەتوانن خاوەنداریەتی لە یەکتر بکەن، بەو جۆرە دەتوانن دۆستی ڕاستەقینەی خۆشیان بدۆزنەوە. ئیدی جارێکی دیکەش ئەوە سەلمێنرا کە پێویستیمان بە یەکیەتیی نەتەوەییە''.

باکوور و ڕۆژهەڵات

موراد قه‌ره‌یلان، دەربارەی هەڵویست و کاردانەوەکانی گەلی کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دوا و گوتی: ''بەر لە هەر شتێک مرۆڤ دەتوانێ هێندێک کەموکورتی لە دووپارچەی گەورەی کوردستان وەکوو باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ببینێت. ئەوڕۆ لە عەفرین بەرخۆدانییەک لەئارادایە کە چارەنووسی گەلی کورد لە هەرێمەکەدا دیاری دەکات. بێ گومان نابێ گەلانی هەرێمەکە لە بەرانبەر بەوە بێدەنگ بن. بەڵام گەلی کورد دەبێ لەوە تێبگات کە ئەوە بۆ ئەوان مژاری مان و نەمانە. چەندەش زەختیان لەسەر هەبێ، چەندەش لە بەرانبەریان ستەم و زۆرداریش هەبێ، دەبێ لە بەرانبەر بەرخۆدانی مێژوویی و چارەنووس سازی عەفریندا، تەماشاکەر نەبن. پێویستە مرۆڤ لەوبارەیەوە ئەرکەکانی خۆی پێکبێنێت. نەک ئەوەی کە هیچیان نەکردووە، بەڵام ئەرکیان قورسترە و ئەوانە کەمن و تێری ئەو قۆناغە ناکات. بۆ وێنە باکوور وا ڕاهاتووە کە هەموو کاتیک هێندێک فەرمانیان بۆ بچێت، هێندێک کادر بچنە نێویان، کار بکەن و چالاکی ئەنجام بدەن. هەڵبەتە کە دەبێ بۆ خۆیان لە کۆلانەکاندا بێنە لای یەک و پلانی چالاکییەکان بەشێوازێکی ڕێکخراو دابنێن. پێویستە هەرکەسێک بۆخۆی دەستپێشخەری بکات، خۆی بە بەرپرسیار بزانێت و بڵێ کە 'دەبێ هێندێک شت بکەم'. ئێمە دەزانین زەحمەتی هەیە، بەڵام لەبەرانبەر ئەو زەحمەتییە دەبێ بەرخۆدانێکیش هەبێت. مەگەر زوڵمی هەرە گەورە لە ساڵەکانی ١٩٨٨-١٩٩٠ دانەکرا؟ بەڵام لە بەرانبەریدا ئەو بەرخۆدانە پیرۆزە لە نسێبین و جزیرە دەستی پێکرد و قۆناغێکی دیکەی لە تێکۆشانی کوردستاندا بنیاتنا. ئێستاش فیداکارییەکی بەوجۆرە پێویستە. دەبێ پێشەنگانی کۆمەڵگە ئەو فیداکارییە بکەن. ئەوە قەبووڵ ناکرێت کە هەرکەس چاوی لە کەسێکی دیکە بێ و خۆی بێدەنگ بکات".

''من دەزانم کە گەلی ئێمە هەنگاوی بۆ دواوە نەناوە. لەبەرانبەر فاشیزمی ئاکەپە، کەس سەری خۆی نەتەواندووە. بەڵام بێدەنگی ڕێگەی بۆ فاشیزمی ئاکەپە کردۆتەوە. دەبێ مرۆڤ بێدەنگ نەبێت، تەنیا خۆت بپاریزی و تەسلیم نەبی ، بەش ناکات، پێویستە هەرچۆنێک بێت دەستبکەی بە چالاکی. بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوە پێویستییەکە. بەتایبەتی لە باکوور ئێمە دەکەوینە وەرزی بەهارەوە. ٨ی ئادار و نەورۆزمان لەپێشە. پێمانوایە کە بەو بۆنانەوە ئەو بێدەنگییەی باکوور تێپەرێنین. لێرەدا دەبێ هەرکەسێک خۆی بە بەرپرسیار بزانێت. بێ گومان، ئەرک و بەرپرسیاریەتیی ئێمە و بەڕێوەبەرایەتی ئێمەش هەیە. ئەگەر ئەو کۆمەڵگەیە لەوڕۆدا لەو ئاستەدا بێ‌ڕێکخستن ماوەتەوە، یان سیستەمی فاشیزم پاشەکشەی بەگەل کردووە و ئەو گەلە ناتوانی لە بەرانبەریدا وەکوو پێویست خۆی دەربخات، بەر لە هەرکەسێک ئێمە و ئەو کادرانەی بەو تێکۆشانەوە ئەرکدارن، دەبی خۆمان بەرپرسیار ببینین. بەڵام ئیستا رۆژ، رۆژی چالاکییە نەک ڕۆژی قسەکردن. دەبێ هەر وڵاتپارێزێک بە ئەرکەکانی خۆی هەستیت".

موراد قه‌ره‌یلان، دەربارەی گوشارەکانی سەر ڕێبەرئاپۆ-ش وتی: ''هەروەک چۆن ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە، لە کوردستاندا زەخت و گوشار بەڕێوە دەبات، بەهەمان شێوە لە گرتوخانەکانیش هەمان سیاسەت لەسەر گیراوان پەیڕەو دەکات. ناوەندی هێرشەکانیان ئیمرالییە. لە سەرەتادا بەشێوازێکی ڕێکوپێک، سیستەمی ئەشکەنجە و زەختی دەروونییان لە ئیمرالیدا لەسەر ڕێبەر ئاپۆ و ئەو هەڤاڵانەی دیکە کە لەو زیندانەدان، پەیڕەو کرد و هێدی هێدی بۆ گرتوخانەکانی دیکەشیان گواستەوە. هەرچەندە ئەو گوشارانە نەگەیشتونەتە ئەو زەختانەی کە لەسەر ئیمرالی هەیە. ئەوەی لەسەر ئیمرالی بەڕێوە دەچێت، شێوازێکی تایبەتی شکەنجەی دەروونی بە سیستەم کراوە. دەیانەوێ وردەوردە ئەو شێوازە بەسەر گیراوانی دیکەشدا بسەپینن. ئەگەر ئێمە توانیبامان سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمرالی لەبەریەک هەڵوەشێنین، ئەوڕۆ شایەتی ئەو زوڵم و ستەمەی سەر گیراوان نەدەبووین. یانی ئەگەر ئەوڕۆ لە گرتووخانەکان ئەوەندە زولم و گوشار بەڕێوە دەچێ، ئێمە لێی بەرپرسیارین. بۆچێ؟ لەکاتی خۆیدا ئەگەر ئێمە ئامادەکاری پێویستمان کردبا، بەشێوازێک کە ئەنجام وەرگرێت ڕێکخستن و تێکۆشانی خۆمان برەو پێدابا، لەهەموو بوارەکانی ڕێکخراوەیی، کۆمەڵگەبوون، کولتووری و تەنانەت سەربازی-ش بەگوێرەی پیویست بووباینە وەڵام، ئەو کاتە دوژمن نەیدەتوانی بەو شێوازە درێژە بە سیستەمی ئیمرالی بدات و ئەو زۆردارەییە لەسەر گیراوانی دیکە پەیڕەو بکات. ئەوە مژارێکی گرینگە. بۆ ئێمەش جێی ڕەخنە و ڕەخنەلەخۆگرتنە. ئەوە ڕاستییەکە''. 

ئێمە دەتوانین ئەنجامی بدەین و دەرفەتیشمان لەبەردەستدایە

''ئێمە ئێستا پێمان ناوەتە ساڵێکی نوێ و بە بەرخۆدانی عەفرینیشەوە کەوتووینەتە قۆناغێکی نوێ. وادیارە کە ساڵێکی زۆر گرینگمان لەبەردەمە. ئەوەی کە هەتا ئێستا نەمانکردووە، ئیدی دەتوانین بیکەین. یانی ئەو شانس و دەرفەتمان هەیە کە ئێمە بۆ هیواکانی ڕێبەرئاپۆ، گیراوانی سیاسی و گەلی خۆمان ببینە وەڵام. ئێمەش لەوبارەیەوە بڕیارمانداوە. ئەرێ ئێمە ڕەخنە لەخۆمان دەگرین، بەڵام لەوە گرینگتر ئەوەیە کە دەمانەوێ ڕۆڵی خۆمان بگێڕین. ئەو دەرفەتانەی کە هاتوونەتە پێش لەو ساڵدا بەکار دێنین و بەو شێوازە قەرەبووی کەموکورتییەکانمان دەکەینەوە. ئەو بەرخۆدانییەی لە عەفرین لەئارادایە، هەڵگری پەیامێکی گرینگ و سەردەمێکی نوییە و پێویستی بە هەنگاوی شۆڕشگێڕانە هەیە".

دەوڵەتی تورکیا شکست دێنێت

ئاکەپە-مەهەپە، ڕێککەوتن. یانی ئەوە ڕێککەوتن نەبوو، بەڵکوو ئاکەپە وەدوای فیکر و زێهنییەتی مەهەپە کەوت. مەهەپە-ش کە هەبوونی بێ‌واتا بووبوو، بەشێوازێکی ڕێکخراو بەشداری ئاکەپە بوو. ئەوانە گرینگن کە گەلی ئێمە بیبینێت. ئەوڕۆ بەڕێوەبەرایەتیەکی نەتەوەپەرەست و فاشیست لە ئەنجامی ئەو ڕێککەوتنەدا هاتۆتە ئاراوە. ئیدی ڕاستینەی ئاکەپە بۆ هەموو کەس دەرکەوت. بەلای هێندێک کوردەوە خۆی جوان پێشان دەدا و دەیکوت ئێمە دۆستی ئێوەین، ئیدی ئاشکرابوو کە ئەو دوژمنی سەرەکی گەلی کوردە. مەهەپە، هەموو کەس دەیناسێ، ئەوڕۆ ئاکەپە-ش بۆتە مەهەپە. هەربۆیە کێ بەخۆی دەڵی من کوردم، پێویستە واز لە ڕێکخستنە دژە کورد، فاشیست و نەژادپەرەستەکان بێنێت. ئەوانە ئەوڕۆ ئیدی بە ئاشکرا دوژمنایەتی گەلی کورد دەکەن. دەبێ ئەوانەی هەتا ئێستاش لەنێو ئاکەپەدان، لەوە تێبگەن و بە هەڵویستەکانیاندا بچنەوە. گەلی ئێمەی ولاتپارێزیش دەبێ ئەوە بزانێ کە ئەو سیستەمەی کە لەلایەن ئاکەپە-مەهەپە بنیاتنراوە، ئەوڕۆ پەلاماری عەفرین دەدات. ئەگەر ئێمە لەهەموو جێیەک لەدژی ئەوانە بوەستینەوە، کۆتاییان پێدێت و تێکدەشکێن. ئەوەش هەم بۆ گەلی کورد و هەم بۆ گەلانی تورکیا بەواتای هاتنی سەردەمێکی نوێیە کە ئازادی و دیموکراسی لەگەڵ خۆی دێنێت. ئێستا ئەو دەرفەتە هەیە. مرۆڤ دەتوانێ خەتێکی بەسەر دابێنێت و بڵێ؛ 'ئیدی داگیرکاریی، ژینۆسایدی گەلی ئێمە لەلایەن تورکیاوە، لە عەفرین تێکدەشکێت'. بۆ ئەوەی ئەو سەرکەوتنە مسۆگەر ببێت دەبێ لە هەموو شوێنێک تێکۆشان و فیداکاری بکریت. ئەگەر بۆ ئەوە گیانی مرۆڤ پێویست بێت، دەبێ ئەویش بدات''.

موراد قه‌ره‌یلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە، لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێ: ''جەوانانی گەلی کورد و گەلانی کوردستان دەبێ ئەوە بزانن کە بە بەرخۆدانی عەفرینەوە کەوتوینەتە قۆناغێکی نوێوە. لە تێکۆشانی ئێمەدا زۆر قۆناغی گرینگمان تێپەڕاندووە، بەڵام ئەو قۆناغەی ئێستا هاتۆتە ئاراوە قۆناغی هەرە گرینگە و ئەو ساڵ، ساڵێکی هەرە گرینگ و مێژووییە. دەبێ لەوەها قۆناغێکدا هیچ جەوانێکی کورد بێکار ڕانەوەستێ. جەوانان دەبێ بەشداری لە شۆڕشدا بکەن. یان لەو شوێنانەی کەهەن بەشداری سەرهەڵدان و ڕاپەڕینەکان ببن، یانیش بێنە نێو ڕیزەکانی گەریلاوە. هەلمەتێکی گشتی بۆ پاراستنی عەفرین ڕاگەیەنراوە، پێویستە هەر جەوانێکی کورد و کوردستانی، ژن دەبێ یان مێر، پێویستە دڵ و چاوی لەگەڵ بەرخۆدانی عەفرین بێت. بەوشیوەیە پێشەنگایەتی گەل بکات و بڵێسەی شۆڕش گەشتر کاتەوە''.

قه‌ره‌یلان، داواکارییەکی بەوجۆرەشی لە جەوانان و ژنانی کورد هەیە و دەڵێ: ''٨ی ئادار نزیک بۆتەوە، با شەپۆلی تێکۆشان و ئازادی بەرەو پێش ببەن. ئەگەر ئێمە لەو سەردەمە گرینگەدا بەشداری تێکۆشانی ئازادیخوازی ببین، سەرکەوتن مسۆگەرە و سەرکەوتن بۆ ئازادی و دێموکراسی گەلی کورد و گەلانی هەرێمەکە بەدیدێت".