قەرەسوو؛ هێرشی سەرعەفرین بۆ پاراستنی ستاتۆی سەدەی بیستەمە

مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە؛ لە دیزاینی سەەدەی بیستەمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گەلی کورد زەرەرمەندی یەکەم بوون. دەوڵەتی تورکیا سوودی لەو ستاتۆیە وەرگرت، هەربۆیە بە پەلاماردانی عەفرین لە هەوڵی پارێزگاریکردن لە ستاتۆی سەدەی بیستەمدایە.

مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە؛ لە دیزاینی سەەدەی بیستەمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گەلی کورد زەرەرمەندی یەکەم بوون. دەوڵەتی تورکیا سوودی لەو ستاتۆیە وەرگرت، هەربۆیە بە پەلاماردانی عەفرین لە هەوڵی پارێزگاریکردن لە ستاتۆی سەدەی بیستەمدایە.

قەرەسوو، بابەتێکی دەربارەی دیزاینی سەدەی بیستەم و پەیوەندی ئەو دیزاینە بەهێرشەکانی ئێستای دەولەتی تورکیا بۆ سەر عەفرین، لە ڕۆژنامەی ''یەنی ئوزگور پۆلیتیکا''دا بلاوکردۆتەوە.

قەرەسوو، لە وتارەکەیدا، نووسیویەتی: بە قڕکردنی کوردان لە سەدەی بیستەمدا، دیزاین و ستاتۆی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتە ئاراوە. ئەو ستاتۆیەی کە لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی هاتە ئاراوە لە سەردەمی شەڕی ساردیشدا لەسەر کوردان قورستر کرا.

ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوبەری کەجەکە، ئاماژە دەکات بەوەی کە ''لە پێشڤەچوونی مێژوودا، هەر ستاتۆیەک بەکاری سەردەمێک دێت و هەرکات دۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری، سیاسی و سەربازی گۆڕدرا، هاوسەنگیی و ستاتۆیەکی نوێ سەرهەلدەدات''.

قەرەسوو، نووسیویەتی؛ ئەو قۆناغە بە شەڕی یەکەمی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ دەستیپیکرد و بە شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە وەکوو شەڕی جیهانی سێهەم پێناسە دەکرێت، بەردەوامە. ئەوە دەتوانرێ وەکوو قۆناغی بنیاتنانی ستاتۆ و هاوسەنگییەکی نوێ ببیندرێت.

''کورد لە ستاتۆی سەدەی بیستەمی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا زۆرترین زەرەریان بەرکەوت. تورکیا لەو ستاتۆیە سوودمەند بوو و لەدژی کوردان سیاسەتی لەناوبردنی پەیڕەو کرد. هەر بۆیە ئەوەی کە لەهەموو کەس زیاتر دەیانەوێ ئەو ستاتۆیەی سەدەی بیستەم لەبەریەک‌هەڵوەشێنن و تێکۆشانی بۆ دەکەن، گەلی کوردن. لە بەرانبەریشدا ئەوەی تێدەکۆشێ کە ستاتۆی سەدەی بیستەم بهێڵتەوە تورکیایە".

قەرەسوو، ئاماژە بەوە دەکات کە شەڕی عەفرین بەو مانایەیە کە دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکاتە سەر ئەو کوردانەی کە پێشەنگایەتی گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن. قەرەسوو دەڵێ: ''هەر بۆیە دەبێ شەڕی عەفرین وەکوو شەڕی نێوان ئەو هێزانەی کە بۆ دێموکراسی تێدەکۆشن و ئەو هێزانەی کە دژی دێمکراسین، ببیندرێت. لە کەسێتی عەفریندا دەیانەوێ ئیرادەی کوردان بشکێنن کە سەرەکیترین هێزی گۆرانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان''.

مستەفا قەرەسوو، لە وتارەکەیدا کە بۆ رۆژنامەی یەنی ئۆزگوور پۆلیتیکا، نووسیویەتی، ئاشکرای دەکات کە ئەگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا دێموکراسی جیگیر ببێ و لەسەر ئەو بنەمایە ستاتۆی ڕۆژهەڵاتی ناوین گۆڕانکاری بەسەر دابێت، ئەو کات سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا بۆ لەناوبردنی کوردان، شکست دێنێت. قەرەسوو، دەڵێ: ''هەر بۆیەشە کە فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە لەهەوڵی پاراستنی ستاتۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان و لە هەموو شوێنێک پەلاماری کوردان دەدەن. کورد لە هەر جێیەک هێندێک بەهێز دەبێت یان دەسکەوتێک وەدەست دەخات، لەوێ هێرشی دەکەنە سەر. ئەوەیە کە ئەردۆغانی میراتگری فاشیزم دەڵێ 'لە هەر شوێنێک دەبێ با ببێ، هێرشیان بکەنە سەر'.''

قەرەسوو، پییوایە کە بە پەلاماردانی عەفرین، کاراکتەری دەسەڵاتدارێتیی فاشیستی ئاکەپە – مەهەپە لە دژی کورد و هێزە دێموکراسیخوازەکان لە هەموو کاتێک ڕوونتر بۆتەوە و دەڵێ: ''ئەگەر کەسانێک هەبن کە لەو هێرشانەدا لەو ڕاستییە تێنەگەن، ئەو کاتە ئەوانەی تێناگەن یان لە دڵ و مێشکیاندا کێشەیەک هەیە یانیش لە لایەنگرانی ئەردۆغان و ئاکەپەن".

لە درێژەی وتارەکەدا، قەرەسوو ئاشکرای دەکات کە تورکیا لە کەسێتی ئاکەپە – مەهەپەدا لەدژی گۆڕانکارییەکان دەوەستێتەوە و ئەگەر درێژە بەو سیاسەتەی بدات، کۆتایی بەخۆی دێنێت. ئەگەر ئەو پەلاماردان و دژایەتییەی کە فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە لە بەرانبەر دێموکراسییەت و گۆڕانکاری بەڕێوەی دەبەن، باش شڕۆڤە بکرێت، دەتوانرێ هێندێک ئاکامی باشیشی لێدەربخرێ. ئەویش ئەوەیە کە بە تێکشکاندنی ئەو دەسەڵاتدارییە فاشیستە، تورکیا بەرەو دێموکڕاسی و گۆڕانکاری بنەڕەتی هەنگاو دەنێت.

مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، لە کۆتایی وتارەکەیدا نووسیویەتی: ''کورد لەسەر بنەمای هێڵی ئازادی ژن، چوارچێوە و قووڵایی دێموکراسییان زۆر فرەوانتر کردۆتەوە. کوردیکی کە بۆتە خاوەنی وەها زێهنییەت و تێگەیشتنێک لە ئازادی و دێموکراسی، قەت ناتوانی واز لە ژیانی ئازاد و دێموکراتیک بێنێت''.