قەندیل بۆ داگیرکەران نابێت

ئەندامی تەڤگەری گەنجانی نیشتیمانپەروەر سیروان ڕاپەڕین لەسەر چالاکیی قەڵغانی زیندوو لە قەندیل وتی "قەندیل هیچ کات نابێتە هی داگیرکەران".

چالاکیی قەڵغانی زیندوو کە لە باشووری کوردستان لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی سەر قەندیل ماوەی ٢١ ڕۆژی تێپەڕاند. بەرپرسی تەڤگەری گەنجانی نیشتیمانپەروەر سیروان ڕاپەڕین لەسەر ئەو چالاکییە دوا.

ڕاپەڕین وتی "ڕێژەی بەشداریکردن لە چالاکییەکە دژ بە هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر باشووری کوردستان باشە و لە هەر چوار بەشی کوردستانەوە گەنجان دێن و بەشدار دەبن، هەروەها چەند کەسێکی بیانیی لە چوارچێوەی ئەنتەرناسیۆنالیستدا بەشدارییان لەم چالاکییەدا کردووە. لەناو زۆر لە لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستانیشەوە ئامادەیی هاوکاریی و پشتیوانیمان بۆ نیشان دراوە. بە نموونە سەردانیان کردووین و دەربارەی پرسی دژایەتی هێرشە داگیرکارییەکان و ئەوەى ئەوان بتوانن ئەنجامی بدەن گتفوگۆى لەبارەوە کراوە".

سیروان ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەشکرد، ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی ئەوان شەڕی سەختە لە هەر چوار بەشی کوردستان و هاوپەیمانیی نێوان ئاکەپە و مەهەپە لەسەر دوژمنایەتیی کوردان. سیران ڕاپەڕین وتیشی "ئەم قۆناغە پاش داگیرکردنی کەرکوک و عەفرین دەستی پێکرد. ئێستاش هەڕەشە لە قەندیل دەکەن. قەندیل پاروویەکی هەروا ئاسان نییە. لە مێژەوە دەیانەوێت بکەونە ناو قەندیلەوە، بەڵام تەنانەت یەک جاریش سەرکەوتنیان بەدەست نەهێنا. قەندیل هیچ کات نابێتە هی داگیرکەران".

ڕاپەڕین تیشکیشی خستە سەر هێرشەکانی سەر قەندیل و وتی "لە هێرشەکانی سەر قەندیلدا، گەلی قەندیل زیانی بەردەکەوێت، بەڵام ئەوان ئاگایان لەوەیە، کە دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت چی بکات و چ پلانێکى خراپى هەیە. گەلی قەندیل برای ئێمەن و بەرخۆدانی زیندوون. ئەوان بڕیاریانداوە کە دەستبەرداری شوێن و واری خۆیان نەبن".

سیروان ڕاپەڕین دەربارەی ڕۆژەکانی چالاکیی قەڵغانی زیندووش وتی "ئێستا جگە لە پێشوازیکردن لە میوانان، خێراییەکی زیاتری خەبات هەیە. هەموو ڕۆژێک ئێمە پەروەردە دەبینین. بۆ خۆی پەروەردە هەمیشە پێویستییەکە و ئێمەش هەمیشە لەناو پەروەردەداین. پەروەردەکانمان دەربارەی ڕاستیی داگیرکردنی کوردستان، چوارچێوەی داگیرکاریی، هۆشمەندیی و هێڵی کلتورییە. بە هۆشمەندی و هۆشیاری لەبارەی ڕاستیی داگیرکاریییەوە، هەوڵ دەدەین کە لە کێشەی ئەم قۆناغە تێبگەین و ئەوەش دەخەینە سەر شانی خۆمان. مێژووی ئێمە و خەباتی گەنجان لە تەوەرەکانى پەروەردی ئێمەدان. بە دڵ و گیان هەوڵ دەدەین ئامانج و زیانەکانى هێرشە داگیرکارییەکان بۆ ڕای گشتیی بخەینەڕوو و راى گشتى زیاتر لەوەى کە هەیە هۆشیارتر بێت بەرامبەر بەو داگیرکارییە".

ر.م