هاوسه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه) ده‌رباره‌ی كاره‌ساتی لافاوی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران بانگه‌وازێكی بڵاوكرده‌وه.
كه‌جه‌كه ڕایگه‌یاند، «له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران به‌هۆی باران بارینی زێده سه‌دان مرۆڤ ژیانیان له‌ده‌ست داوه و زیان به ماڵ، باخچه، زه‌وی و كارگه‌ی هه‌زاران خانه‌واده گه‌یشتووه. ڕه‌حمی خوا له‌و كه‌سانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران بێت كه ژیانیان له‌ده‌ست داوه. سه‌ری خانه‌واده و كه‌سوكاریان ساخ بێت.»
له بانگه‌وازه‌كه‌دا ده‌ستنیشان كراوه، كاره‌ساتی سروشتیی له‌م شێوه‌یه بیانووی پشتیوانییه بۆ كۆمه‌ڵگه‌كان. تیایدا هاتووه، «گرنگترین به‌های ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وه‌یه كه له دۆخێكی له‌م شێوه‌یه‌دا پشتیوانی یه‌كتر بكه‌ین. كوردیش كه گه‌لێكه له جوگرافیای به‌كۆمه‌ڵگه‌بوونی سه‌ره‌تای مرۆڤایه‌تییه، هه‌میشه هۆش و هه‌ستی پشتیوانی پاراستووه. له دژی كاره‌ساتی له‌م شێوه‌یه و زه‌خته‌كانی ده‌ره‌وه هه‌میشه به پشتیوانی هه‌بوونی خۆی به‌م ڕۆژه گه‌یاندووه. پێویسته له كاره‌ساتی لافاوی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێرانیشدا پشتیوانی خۆی پیشان بدات. كورد و گه‌لانی دراوسێ هه‌موو ده‌رفه‌ته‌كانی خۆیان بۆ زیانلێكه‌وتوانی لافاوه‌كه به‌كاربێنن.»
«پشتیوانی واتادارترین به‌های كۆمه‌ڵگه‌یه»
له بانگه‌وازه‌كه‌ی كه‌جه‌كه‌دا هاتووه، «به‌های پشتیوانی واتادارترین به‌های كۆمه‌ڵایه‌تییه. بۆ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌بوونیش پێویستی به پشتیوانییه‌كی به‌هێز هه‌یه. ئه‌وانه‌ی پشتیوانی‌یان به‌هێز نه‌بێت نه ده‌توانن ببنه گه‌ل نه ده‌شتوانن ببنه نه‌ته‌وه. ناتوانن ببنه خاوه‌نی ژیانێكی ئازاد و دیموكرات. له‌به‌رئه‌وه پێویسته له به‌رزترین ئاستدا پشتیوانی له گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران بكرێت. پێویسته ڕۆژه‌ڤ و هه‌وڵی ئه‌م ساته ئه‌مه بێت. به‌بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی ده‌وڵه‌ت بكه‌ن، پێویسته گه‌ل له‌نێو خۆیدا پشتیوانی یه‌كتر بكات. هه‌ڵه‌یه كه چاوه‌ڕوانی هه‌موو شتێك له ده‌وڵه‌ت بكرێت. ده‌وڵه‌ت ئه‌و ئۆرگانه‌یه كه گورزارشت له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی به‌شێك ده‌كات نه‌ك هی كۆمه‌ڵگه‌كان.»
«چاوه‌ڕوانی له ده‌وڵه‌ت پشتیوانی كه‌م ده‌كاته‌وه»
كه‌جه‌كه ڕایگه‌یاند، «چاوه‌ڕوانی له ده‌وڵه‌ت به واتای كه‌مبوونه‌وه‌ی پشتیوانی و لاوازبوونی پشتیوانی دێت. ئه‌مه بۆ كۆمه‌ڵگه‌كان گه‌وره‌ترین ته‌نگه‌تاوییه. له كوردستان كاره‌ساتی له‌م شێوه‌یه به‌رده‌وام ڕووده‌دات، بۆیه ده‌بێ پشتیوانیی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌هێز بكرێت. ئه‌مه‌ش به كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكراتیی ڕێكخراو ده‌كرێت. كاره‌ساتی وه‌ها پێویستیی خۆڕێكخستن نیشان ده‌دات و ده‌بێ ببنه هۆی به‌هێزبوونی خۆڕێكخستن.»
«پێویسته له هه‌موو شوێنێك هه‌وڵه‌كان بخرێنه‌گه‌ڕ»
له درێژه‌ی بانگه‌وازه‌كه‌ی كه‌جه‌كه‌دا هاتووه، «كاتێك دۆخێكی وه‌ها له كوردستان هاته ئاراوه، ده‌بێ گه‌له‌كه‌مان له پارچه‌كانی دیكه و هه‌نده‌ران هاریكاری پێشكه‌ش بكات. هه‌بوونی سنووره‌كان نابێ ببێته هۆی ڕێگری و به‌ربه‌ست له به‌رده‌م پشتیوانی. به‌تایبه‌تی پارچه، هه‌رێم و ئه‌و شارانه‌ی نزیكن له شوێنی كاره‌ساته‌كه ده‌بێ چالاكانه‌تر به به‌رپرسایه‌تیی خۆیان هه‌ستن. گه‌لی كوردی هه‌نده‌رانیش گرنگه له دۆخێكی وه‌هادا ده‌موده‌ست پشتیوانیی خۆی پیشان بدات. هۆش و هه‌ستی پشتیوانیی گه‌لی كورد به‌هێزه. ده‌بێ ئه‌م ڕۆحی پشتیوانییه بۆ گه‌له‌كه‌مان له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له هه‌موو شوێنێك پیشان بدرێت.»
«ئێمه هیوادارین ده‌وڵه‌تی ئێران له كاتی كاره‌ساتی وه‌هادا نه‌بێته ڕێگر له به‌رده‌م هاریكاریی گه‌لی كورد له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی ئێران و ڕێی پشتیوانی بكاته‌وه. ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی له كاره‌ساتی وه‌هادا پیشان ده‌درێن، بۆ به‌هێزكردنی برایه‌تیی نێوان گه‌لان زۆر گرنگ ده‌بێت. له‌به‌رئه‌وه‌ش ده‌بێ هاریكاریی گه‌لانی ئێران و گه‌لی كورد بۆ زیانلێكه‌وتوانی لافاو بگاته شوێنی خۆی.»
كه‌جه‌كه ڕایگه‌یاند، «ئێمه وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی كورد له كاره‌ساتی وه‌هادا هه‌میشه له‌گه‌ڵ گه‌لی خۆمانین. بۆ ساڕێژكردنی برینه‌كانی گه‌له‌كه‌مان له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و پشتیوانیی گه‌له‌كه‌مان له پارچه‌كانی دیكه بۆ ڕۆژهه‌ڵات، ئێمه ئه‌و ئه‌ركه‌ی ده‌كه‌وێته سه‌رشانمان جێبه‌جێی ده‌كه‌ین. بڕوامان وایه كه گه‌له‌كه‌مان به پشتیوانی برینه‌كانی خۆی ساڕ‌ێژ ده‌كات و جارێكی دیكه به گه‌لی زیانلێكه‌وتووی خۆیان ده‌ڵێن؛ ده‌ربازی بێ.»
s.m