لە بازگەی سەرکەپکان ڕێگریی لە ڕێپێوانی گەنجانی باشوور کرا

لە بازگەی سەرکەپکان ڕێگری لە ڕێپێوانی گەنجانی باشور کرا، کە بە نیازن بچنە زینی ئەستێرۆکان.

بەیانی ئەمڕۆ بە دروشمی بەڕۆحی گەنجییەتی داگیرکەری تێکدەشکێنین، یەکێتی نەتەوەیی پێکدێنین، ژمارەیەک لە گەنجانی ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان ڕێپێوانێکیان بۆ زینی ئەستێرۆکان (زینی وەرتێ) دەستپێکرد، بەڵام بە گەیشتنیان بە بازگەی سەرکەپکان لە لایەن هیزە ئەمنییەکانەوە ڕێگرییان لێکرا.

گەنجان بە هەڵگرتنی ئاڵای باشوری کوردستان و وتنەوەی دروشمی "یەکە، یەکە،یەکە، گەلی کورد یەکە" ڕێپێوان بەرەو زینی ئەستێرۆکان دەستپێکردبوو و ئامانجی ڕێپێوانەکە دژ بە ناردنی هێز بۆ زینی ئەستێرۆکان (زینی وەرتێ) و فشارکردنە لە لایەنەکان بۆ دروستکردنی یەکێتی نەتەوەیی.

گەنجان لە ئێستادا لەبەردەم بازگەی سەرکەپکان وەستان و ڕاگەیەنراوێکیان خوێندەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەکرا، بە چاوساغی و پاڵپشتی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەوڵەتی تورک لە هەرێمی بادینان ٢٣ بارەگای کردووەتەوە و ١٠ هەزار سەربازی تێدا جێگیر کردوون.

هەروەها باسی ئەوەشکرا، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، هێزەکانی پارتی ناردووەتە زینی ئەستێرۆکان و خۆیشی لە ڕێگەی فڕۆکەوە بەردەوام چاودێری ناوچەکە دەکات، دووپاتیشییان کردەوە کە پارتی بەم کارەی زیان بە یەکێتی نەتەوەیی دەگەیەنێت.

لەبارەی ڕێگرییان لەلایەن یەکێتیەوە، گەنجان لە بەیاننامەکەیاندا، ڕایانگەیاند کە ئەوان تێناگەن بۆچی یەکێتی ڕێگرە لە ڕێپێوان و چوونی گەنجان و کەسایەتیەکان بۆ زینی وەرتێ و پرسیاری ئەوەیان کرد کە ئایا یەکێتی دەستی هەیە لەناو ئەم پلانگێڕییەی سەر زینی ئەستێرۆکان یاخود نا؟

ف.ق