لە باکووری کوردستان بە ئەنقەست ڕێوشوێن لەدژی کۆرۆنا ناگیرێتەبەر

لە باکووری کوردستان ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بڵاودەبێتەوە. لە ئامەد ٣٤٦ کارمەندی تەندروستی تووشی ڤایرۆسەکە بوون. دەوڵەتی تورک بە ئەنقەست لە شارە کوردیەکان ڕێوشوێن لەدژی کۆرۆنا ناگرێتەبەر.

دوای ئەوە کەرەنتینە لە ١ی حوزەیرانەوە هەڵگیرا. ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە باس لەوەبکرێت شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا زوتر دەستپێبکات. دوای ئەوە ژمارەیە تووشبووان بە تەواوی ئاشکرانەکرا و دەوڵەت ڕێوشوێنی نەگرتەبەر، یەکێتی پزیشکانی تورک وتی،"ئەو کەشوهەوایەی کە دروستکراوە مەترسیەکی زۆری دروست کردووە.

لەم ماوەیەی دواییدا لە میدیاکاندا باسی ئەوە دەکرێت کە لە ئامەد و جزیر ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا زۆر زیادی کردووە. پلاتفۆمری تەندروستی ئامەد ڕایگەیاندبوو، لە ٦ی ئابەوە و تا ئێستا ٣٤٦ کارمەندی تەندروستی تووشی کۆڤید١٩ بوون. باسی ئەوە دەکرێت تا دوو مانگ لەمەوبەر ٩٥ کەس تووشی ڤایرۆسەکە ببوون و دوای ١ی حوزەیران ژمارەکە بووەتە ٢٥١ کەس.

خالس یەرلیکایا ئەندامی یەکێتی پزیشکانی تورکیا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڕایگەیاند، لە ئامەد و کوردستان (باکوور) ٦٠٠ نەخۆش هەیە کە دۆخیان خراپە  و وتی،"دۆخەکە زۆر خراپە. لە ئامەد ژمارەی تووشبووان زۆر زیادی کردووە، لە نەخۆشخانەکان جێگا نەماوە و ڕۆژانە ٣٠٠ کەس تووش دەبن. بەشێکیان بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن دەگوێزرێنەوە و دەرمانیان پێدەدەن و ڕەوانەی ماڵەوەیان دەکەن و کاتێک لێیان قوڕس بوو دەیهێننەوە بۆ نەخۆشخانە. هەم لە ماڵەوە و هەم لە نەخۆشخانەکان هاوڵاتیان لە کەرەنتینەدان.

یەرلیکایا وتیشی،"هاوڵاتیان لەگەڵ قەدەریان بەجێهێلراون. بەپێی هزری زانستی و پزیشکی حکومەت ناجووڵێتەوە، بە تەنها بیر لە ئابۆری دەکاتەوە. لە ١ی حوزەیرانەوە حکومەت بە تەنها بیر لە ئابۆری دەکاتەوە و بەو هۆیەوە ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە باکووری کوردستان زیاد دەبێت."

ف.ق