لە خانەقین چەتەکانی داعش ئاگریان لە دەغڵودانی جوتیاران بەردا

لە سنووری خانەقین چەتەکانی داعش ئاگریان لە دەغڵودانی جوتیاران بەردا.

شەوی ڕابردوو له ناوچەی شێخ باوە لە سنووری شارەدێی گوڵاڵەی سەر بە شارۆچکەی خانەقینی سەر بەپارێزگای دیالە، چەتەکانی داعش دەغڵودانی جوتیاران سوتاند.

شەماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری بنکەی ئاسایشی شارەدێی کوکسی سەر بە شارۆچکەی کفری، بە ڕۆژنیوزی وت: چەتەکانی داعش لە زیاتر لەپێنج شوێنەوە ئاگریان لە دەغڵودانی جوتیارانی گوندی ئوم حونتەی ناوچەی شێخ باوە بەرداوە و ئاگرەکە تا دێت گەورەتر دەبێت.

وتیشی: یەکێک لە ئامانجەکانی داعش لەم کردەوەیە ئامانجی ئەوەیە، خەڵکی گوندەکە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بڕۆن و ئەوانیش تەقەیان لێ بکەن و بیانکوژن.

هەروەها موقەدەم عەمار ئەمیر، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی خانەقین بە هەمان ئاژانسی ڕاگەیاند، تەنها لە ماوەی نزیكەی ١٠ ڕۆژی سەرەتای ئەم مانگەدا، چوار  حاڵەتی سوتاندنی زەوییە كشتوكاڵییەكان تۆمار كراوە و بەهۆیانەوە زیاتر لە ١٠٠ دۆنم زەوی جوتیاران لە بەرهەمی  گەنم و جۆ زیانیان بەركەوتووە و سوتێنراون.

ف.ق