لە شارەکانی باشووری کوردستان لەدژی دەسەڵات خۆپیشاندان ئەنجامدرا

لە شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و شارۆچکەکانی ڕانیە و دەربەنیخان و کەلار و چەمچەماڵ و کۆیە و قەلادزێ خۆپیشاندان ئەنجامدرا و ئاڵۆزیی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا دروستبوو، لە شاری هەولێر و دهۆک و سنووری بادینانیش ڕێگریی لە خۆپیشاندان کرا.

ئێوارەی ئەمڕۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، لە چەندین شار و شارۆچکە دەستیان بەخۆپیشاندان کرد و داواکاریی سەرەکییان هەڵوەشانەوەی حکومەت و دروستکردنی حکومەتێکی ڕزگاریی نیشتیمانی بوو.

سلێمانی

لە سەکۆی ئازادیی ناو پارکی ئازادیی شاری سلێمانی، هەزاران کەس لە چین و توێژە جیاجیاکان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و دروشمی “بڕۆخێ”یان بەڕووی دەسەڵاتدا بەرزکردەوە.

مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشیان و گەنجان و ژنان و بەشێکی دیکە لە توێژە جیاجیاکانی شاری سلێمانی بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کردبوو و چەندین دروشمی وەک “بڕوخێ دز، بارزانی و تاڵەبانی ئەندازیاری تاڵانی”یان بەرزکردبووەوە.

خۆپیشاندەران جگە لە بەرزکردنەوەی دروشمی “بڕوخێ” داوای گۆڕینی سیستمی حکومڕانیی و ئەنجامدانی چاکسازیی و گێڕانەوەی شکۆ بۆ خەڵک و دابینکردنی مووچە و بژێویی ژیانیان دەکرد، لە خۆپیشاندانەکەی سلێمانیدا لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە هێرشکرایە سەر شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ.

هەڵەبجە

لە شاری هەڵەبجەش خۆپیشاندان لە بەردەم فولکەی عومەری خاوەرەوە دەستی پێکرد و خۆپیشاندەران بەوتنەوەی دروشمی ‘بڕوخێ دز شەریکە دز، حکومەت تۆهێشتا ساوای پێم بڵێ تاکەی ئاوای، دووبنەماڵەی پێ پەتی بۆمان بوونە نەگبەتی، بەرەو ناو بازاڕی شاری هەڵەبجە ڕۆشتن و داوای هەڵوەشانەوەی حکومەتیان دەکرد.

لە خۆپیشاندانەکەدا هیچ ئاڵۆزییەک ڕووی نەدا و دوای مانەوەیان بۆ ماوەی نزیکەی کاتژمێرێک خۆپیشاندەران کۆتاییان بە خۆپیشاندانە هێنا.

ڕانیە

ئێوارەی ئەمرۆ وەکو ڕۆژانی ڕابردوو، لە بەردەم باخی گشتی شارۆچکەی ڕانیە گردبوونەوە و خۆپێشاندان دەستی پێکرد دواتر بە دەست تێوەردانی هێزە ئەمنیەکان گرژی و ئاڵۆزیی دروست بوو، هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسک ڕێژ و بۆمبی دەنگی و پلاستیکی ویستیان بڵاوە بە خۆپێشاندانەکە بکەن.

خۆپیشاندەرانیش بە بەرد هێرشیان دەکردە سەر هێزە ئەمنییەکان، بەهۆی هێرشی پۆلیسی چالاکی مەدەنی چەندین خۆپیشاندەر بریندار بوون، محەمەد حەسەن پەیامنێری ڕۆژنیوز یەکێک لەو کەسانەبوو کە بەهۆی گولـلەی پلاستیکییەوە بریندار بوو.

کەلار

لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، خۆپیشاندان لەبەردەم پارکی لەیلا قاسمەوە دەستی پێکرد و دواتر بەرەو ناو بازاڕی شارۆچکەکە ڕۆشتن، ئاڵۆزیی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی ئاسایشدا دروستبوو.

ئاسایشی گەرمیان گەنجێکی دەستگیر کرد و دواتر تەقەی بەسەر خۆپیشاندەراندا کرد، لەدژی تەقەی ئاسایش خۆپیشاندەران چوونە بەردەم بینای ئاسایش و ناڕەزایەتیان دەربڕی، دواتر ڕۆشتن بەرە و بینای قائیمقامیەتی کەلار، لە ئێستادا خۆپیشاندەران ئاگریان لە حەوشەی بیناکە بەرداوە و هێزەکانی ئاسایشیش تەقە بەسەر خۆپیشاندەراندا دەکەن.

هەولێر

لە هەولێر ڕێگریی لە خۆپیشاندان کرا و هێزێکی زۆری ئەمنی لەناو بازاڕدا بڵاوەیان پێکراوە، چەندین هاوڵاتیان دەستگیرکردووە و ڕێگرییان کرد لە گردبوونەوە و کۆبوونەوەی هاوڵاتیان، هەروەها دەوترێت کە هێرشیان کردووەتە سەر کاوە عەبدولقادر، پەرلەمانتاری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.

بادینان

لە دهۆک و زاخۆ و شیلادزێ و سیرێ، ڕێگریی لە خۆپیشاندان کراو ناوچەکە کرابوویە سەربازگە، بەزۆر دوکان و بازاڕەکان بە هاوڵاتیان داخرا و بازاڕەکان چۆڵکران، هێزی نیشانەشکێنیان لەسەر بەرزییەکان ڕوو لە هاوڵاتیان دانابوو، لەناو مزگەوت و خوێندنگاکاندا هێز کۆکرابوویەوە بۆ پشتیوانی ئەو هێزانەی کە لەناوشارەکاندا بڵاوەیان پێکرابوو.

ف.ق