لە مەریوان منگرتنی دوکانداران دەستی پێکرد

شاری مەریوان-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیوەست دەبێ بە مانگرتنی گشتی شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە.

دوای ٥ڕۆژ لە بەردوامی مانگرتنی دووکاندارانی شارەەکەنی بانە و پیرانشار، ئەمڕۆ شاری مەریوان-یش پەیوەست بوو بە مانگرتنەوە.

زانرا کە ئەمرۆ چوارشەممە ٢٨ی شوبات/٩ی ڕەشەممە، لە ڕۆژی پێنجەمی مانگرتنی دوکاندار و بازاڕیانی شارەکانی بانە و پیرانشار، بازاڕییانی شاری مەریوانی-یش، دووکانەکانیان نەکردەوە.

سەرچاوە هەرێمییەکان باسی داخستنی دووکانەکانی پاساژ(مۆڵ)ەکانی خورشید، زرێوار، کوردستان و شارەداری لە شاری مەریوان دەکەن.

هەر ئەمڕۆ لە شاری بانەوە ڕاگەیەنرا کە هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، بە زەبری هێز دەرگەی پاساژەکانی شاری بانەیان کردووەتەوە، بەڵام دووکانداران ئامادەنەبوون بچنە سەر کارەکانیان. زانرا کە دووکاندار و بازاڕیانی شاری بانە چارەسەری دۆخەکەیان بەکردنەوەی خاڵەسنوورییەکانەوە گرێداوە و داوایان کردووە کە بە ڕێپێوانێکی هێمنانە بچنە بەردەم فەرمانداری ئەو شارە.

دوابەدوای ئەوەی کە هەواڵی هاتنی هێزی ئەمنی لە شارەکانیسنە و سەقزەوە بۆ شاری بانە بڵاو بوویەوە، دووکانداران ڕایانگەیاندووە کە ئەوان خوازیاری ئاشتین و ئەوە تەنیا کاردانەوەیەکی مەدەنیانەیە کە لەبەرانبەر بڕینی قووتی ژیانیان لەلایەن کاربەدەستانەوە ئەنجامی دەدەن، بۆیەش داوا دەکەن بەهیچ شێوازێک لە بەرانبەریاندا هێز بەکار نەهێنریت.

دوکاندارانی شاری پیرانشاریش ڕۆژی پێشوو ڕایانگەیاندبوو کە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە بڕیاری داخستنی خاڵە سنوورییەکان، گردبوونەوەیەکی شارستانی و دوور لە هەموو چەشنە توندوتیژییەک ئەنجام دەدەن.

مانگرتنی دووکاندار و بازاڕییانی شارەسنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوای ئەوە هات کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بڕیاری داخستنی خاڵە سنورییەکانیان دا کە سەرچاوەی دابینکردنی ژیانی بەشێکی زۆری خەڵکی ئەو شارانەیە.

دەوترێت کە ئەو بڕیارە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی ناوندی عێراق دراوە و لە چوارچێوەی زەخت خستنە سەر هاووڵاتیانی کوردە لە هەر دوو بەشی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان.