لە هەولێر و سلێمانی ١٠ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کران

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ١٠ توشبووی کۆرۆنای لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، کە توشبوویەکیان لە شاری هەولێرە و نۆ توشبووەکەی دیکە لە شاری سلێمانین.

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی توشبووانی کۆرۆناوە بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە: لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، ١٠ توشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان دەستنیشانکران، یەکێکیان پیاوێکی تەمەن (٤٤) ساڵ توشبووی نوێ یە و نیشانەکانی نەخۆشی هەیە و دانیشتوی گەڕەکی قەتەوی شاری هەولێرە.

هەروەها هاتووە: نۆ توشبووەکەی تر لە پارێزگای سلێمانییە، کە چواریان ئافرەتن تەمەن (٥٣)، (٥٢)، (٢٩)، (٢٤) ساڵ و چواریان پیاون تەمەن (٥٣)، (٣٦)، (٣٤)، (٣٠) ساڵ و کچێكی گەنجی تەمەن (١٥) ساڵ هەموویان دانیشتوی ناو شاری سلێمانین، هەشت لەوان بەرکەوتەی توشبووانی پێشوون و یەکێکیان توشبووی نوێیە و نیشانەکانی نەخۆشی هەیە.

کۆی گشتی توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە (٤٢٤) توشبوو، لەنێویاندا (٥) مردن هەیە و (٣٧٥) نەخۆش چاکبووەتەوە، ئێستا تەنها (٤٥) نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشکی دان.