لە وان شەڕ روویدا و ٢ کەس کوژران

لە ناوچەى رییا ئارموش لە پارێزگاى وان شەڕێک روویدا و بەپێى زانیارییەکان لەو شەڕەدا ٢ کەس کوژران.

لە کۆڵانى ئەرەس لە گەڕەکى والی میدحەد لە ناوچەى رییا ئارموش لە وان شەڕ روویداوە و بەو هۆیەوە ٢ کەس کوژراون و ٣ پۆلیس برینداربوون و برینی یەکێکیان قورسە.

رووداوەکە کاتژمێر ٠٠:٢٠ى شەوی رابردوو روویداوە و دەیان ئۆتۆمبێلى زرێپۆش گەڕەکى والی میدحەد و کۆڵانى ئەرەسیان گەمارۆداوە و تاوەکو بەرەبەیان دەنگى تەقە بیستراوە.

وتەى شایەتحاڵەکان لەبارەى رووداوەکەوە

دانیشتوانى گەڕەکى والی میدحەد ناتوانن لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە و هاتووچۆیان لێ قەدەغەکراوە و گەڕەکەیان گەمارۆدراوە. شایەتحاڵەکانى نزیک ئەو گەڕەکە و رووداوەکە وتیان "کاتژمێر ٢٤:٠٠ گەڕەکەکە بە چەندین ئۆتۆمبێلى زرێپۆش گەمارۆدرا. کاتژمێر ٠٠:٢٠ دەنگى تەقە دەبیسترا. دواى نزیکەى کاتژمێرێک بێدەنگى، دیسانەوە دەنگى تەقە و ٢ تەقینەوە هات. دواتر تاوەکو کاتژمێر ٠٥:٠٠ دەنگى تەقە و چەک رانەوەستا. کاتژمێر ٠٦:٠٠ پۆلیسەکان بە زرێپۆشەکانیانەوە لە گەڕەکەکە هاتنە دەرەوە".

شایەتحاڵەکان تاوەکو ئێستا زانیارییان لەبارەى کوژراوان و بریندارانی ئەو شەڕەوە نییە، بەڵام دەوترێت بنەماڵەى شاهین خالید شاهین و هاوژینەکەى و هەروەها ئەندامانى ترى ئەو خێزانە بە ناوەکانى ئایهان، ئایفەر و فەتحوڵا شاهین و شەهریبان ماموکی کچیان، کە هاوسەرگیریى کردبوو و بۆ دێنێ چووەتە بۆ ماڵى باوکی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.

زرێپۆشەکان خۆیان کردووە بە باخی ماڵێکدا و زیانیان بە دیوار و دار و درەختى باخەکە گەیاندووە و لە چەندین شوێنى باخەکەدا شوێنەواری خوێن بە جێماوە.

پارێزگارى دەوڵەتى تورک لەبارەى رووداوەکەوە رایگەیاندووە "٢ کەس کە لە ئامادەکاریدا بوون بۆ چالاکی کوژران. ٣ پۆلیس برینداربوون و برینى یەکێکیان قورسە. ٦ کەسیش دەستگیرکراون".

ر.م