لە چالاکییەکانی هەپەگە؛لە وەرزی زستان ٧٦ سەربازی تورکیا کوژراون

گەریلاکانی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لە وەرزی زستانەدا لە ناوچە جیاوازەکانی باکوری کردستان لە دژی سوپای تورک چالاکییان ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا تا ئێستا ٧٦ سەربازی تورک کوژراون.

سولەیمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی حکومەتی تورکیا، وتبووی کە بە زستانیشدا بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان لە دژی پەکەکەدا، هاوکات گەریلاکانی هەپەگەش لە دژی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی سوپای تورکیادا چالاکییان ئەنجامداوە.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی چالاکییەکانی هەپەگە ئەوەیە، کە هەرچەند حکومەتی تورک ئاماری کوژراو و بریندارەکانی ڕاناگەیەنێت و لە ڕایگشتیی دەشارێتەوە، بەڵام ڤیدیۆکانی گەریلا تیڤی ئەو ئامارانە پشتڕاست دەکەنەوە.

گەریلاکانی هەپەگە لە دوو مانگی ڕابردووی زستانی ئەمساڵدا، لە هەموو مەیدانەکان لە دژی سوپای تورکیا چالاکییان ئەنجامداوە، لە ئەنجامی ئەو چالاکییانەدا ٧٦ سەربازی تورکیا کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.

لە مێژووی تێکۆشانی هێزەکانی گەریلادا کەم ڕوویداوە کە گەریلاکان لە زستاندا ڕێژەیەکی بەم شێوەیە بەرز چالاکی ئەنجام بدەن.