لە کوردستان، ئەوروپا و جیهان، کورد بۆ عەفرین ڕابوون

لە کوردستان، ئەوروپا و جیهان، کوردان بۆ عەفرین ڕابوون و ڕژاونەتە شەقام و مەیدانەکان و بەتوندی هێرشی تورکیا و چەتەکانی بۆ سەر عەفرین و بێدەگی دنیا شەرمەزار دەکەن.

 

هەر ئێستا، لە کوردستان، ئەوروپا و جیهان، بۆ خاوەنداری لە عەفرین و بۆ ڕێگرتن لە کۆمەڵکوژکردنی سەدان هەراز کەسی مەدەنی، کوردان ڕژاونەتە شەقام و مەیدانەکان و بەتوندی هێرشی تورکیا و چەتەکانی بۆ سەر عەفرین شەرمەزار دەکەن. هاوکات بێ دەنگی وڵاتانی دونیا  نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەرامبەر عەفریندا ڕسوا دەکەن و داوایان لێ دەکەن، خێرا بەهانای عەفرینەوە بچن و گەلی عەفرین لە کۆمەڵکوژی بپارێزن.


ئەم ئێوارەیە، کەجەدەکەی ئەوروپا، بانگەوازی بەپەلەی بۆ عەفرین کردبوو و و داوای کردبوو، ئەم شەو گەلی کورد و دۆستانی لە پێناوی عەفریندا بڕژێنە شەقامەکانی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا و جیهان. کەجەدە، ڕایشیگەیاندبوو: لە ئێستادا، ئەرتەشی داگیرکەری تورکیا و تاقمە چەتەکانی لە 2 کیلۆمەتری شاری عەفرین دان، بەو هۆیەوە سەدان هەزار کەس مەترسی کۆمەڵکوژکردنیان هەیە.

جێگای ئماژەیە، ئەم نزیکبوونەوەی داگیرکەری تورکیا و تاقە چەتەکانی لە شاری عەفرین، لە پاش ٥۰ شەو و ڕۆژ لە بەرخودانی بێهاوتای گەل و شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە دێت، کە لەو ماوەدا دوژمن بە هێرشی بێناوبەری زەمینی و ئاسمانی و بە بەشداری دەیان هەزار سەرباز و ئەندامی تیمی تایبەتی ئەرتەش، دەیان هەزار چەتەی ئەلقاعدە، بەرەی نوسرە، داعش و کوردانی بەکێگیراو، بە پاڵپشتی ۷۲ فڕۆکەی جەنگی، دەیان هەلیکۆپتەر، سەدان تانک و تۆپ، موشەکهاوێژ و پێشکەوتوترین چەک و تەنکەلۆژی دەستی پێکردووە. لە دەست پێکی هێرشەکانیشەوە، بەزانابوون و ڕاستەوخۆ مەدەنیەکانی عەفرین کراونەتە ئامانج و بەو هۆیەشەوە سەدان کەس لە ناویاندا زۆرێک ژن و مندالیش هەن شەهید و برینداربوون.

ئەو بە ئامانجگرتنەی مەدەنیەکان لە ئێستادا بەنزیکبوونەوەی هێزەکانی دوژمن لە عەفرین گەیشتووەتە لوتکە. شایانی باسە وێڕای هەموو ئەمانەش داگیرکاری تورکیا و تاقمە چەتەکانی تا ئێستا ئەو ئامانجەی نەپێکاوە کە ویست و خواستی سەرانی ڕژێمی تورکیا بووە و بەرخودانی سەردەم لە عەفرین لە بەرزترین ئاستیدا بەردەوامە.

هـ.هـ