دوای پێشوازیکردن لە شاندێکی ئاوارەکانی باکوری کوردستان، کە ئێستا لە کەمپی پەنابەرانی مەخمور گەمارۆ دراون، سیاسەتمەداری کورد محمد ئەمین پێنجوێنی نامەیەکی کراوەی ئاڕاستەی ھەر یەک لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و نیچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کرد.
لە نامەکەدا محمد ئەمین پێنجوینی داوا دەکات ئەو گەمارۆیەی سەپێنراوە بە سەر کەمپی مەخموور و نزیکەی ساڵێکە بەردەوامە، ھەڵبگیرێت و رێگا بدریت تووشبووانی کۆرۆنا لە ھەولێر چارەسەری وەربگرن و کرێکارەکانی ئەو کەمپە بتوانن لە ھەولێر پارەی نان بۆ منداڵەکانیان پەیدا بکەن. پێنجوینی ئەوەش بەبیری ھەردوو بارزانی دێنێتەوە کە دانیشتوانی کەمپی مەخمور رێگریان کرد لەوەی داعش بگاتە شاری ھەولێر.
دەقی نامەکەی پێنجوێنی بەم شێوەیەیە:
"بەرێز کاک مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
بەرێز کاک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
سڵاو رێز
لە پێشوازیماندا لە شاندێکی کەمپی مەخمور باسی باری ناھەمواریی کەمپەکەیان کرد کەوا یانزدە مانگە بەسەریدا تێپەر دبێت.
بۆیە بە ناوی مرۆڤایتیەوە داواتان لێدەکەم ئەو گەمارۆیە لا ببرێت.
١- رێگە بدرێت بە نەخۆشەکانی کۆرۆنا لە ھەولێر چارەسەری وەربگرن.
٢- رێگا بدریت بە کرێکارە ئاوارەکان لە ھەولێر پارەی نان پەیدا بکەن.
٣- لە زاڵگەی مەخموور - ھەولێر ئەوەندە ژنی دووگیان دوانەخرێت، رێگەیان لێنەگێریت تا بە ژانی منداڵەوە بمرن!
بەرێزان ھەر ئەمانە بوون نەیانھێشت داعش بگاتە شاری ھەولێر .
ئیتر ھەر بژین بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان
مەحمەد ئەمین پێنجوێنی "
کەمپی ئاوارەکانی مەخموور لە ساڵی ١٩٩٨ دروست کراوە و ھاوڵاتیانی باکوری کوردستان تێدا نیشتەجێن کە بە ھۆی زوڵم و ستەمی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەسەر زید و گوندەکانی خۆیان کۆچبەر بوون، ژمارەی ئەو کۆچبەرانە نزیکەی ١٢ ھەزار ھاوڵاتی دەبێت، لە ١٧ی تەمموزی ساڵی پارەوە لە ژێر گەمارۆی پارتی دیموکراتی کوردستاندان و رێگە نادرێت ھاوڵاتیانی ئەو کەمپە بچن بۆ شاری ھەلێر بۆ کار کردن و دابینکردنی پێداویستیەکانیان.
بەھۆی ئەو رێگریانەی پارتیەوە تا ئیستا دوو ژنی دوو گیان لە زاڵگەکانی پارتی منداڵەکانیان لە بارچووە لەبەر ئەوەی ئاسایشی پارتی رێگەی نەداوە بگەیێنرێنە نەخۆشخانە، ھەروەھا بە سەدان خێزانیش بێبەش بوون لە پەیداکردنی بژێوی ژیان کە پێشتر لە ھەولێر کاریان دەکرد.
ز.ش