هه‌ده‌په داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی ٥ شاره‌وانی ده‌كات
هه‌ده‌په داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی ٥ شاره‌وانی ده‌كات كه سه‌ره‌ڕای سه‌ركه‌وتنی هه‌ده‌په ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه.
هه‌ده‌په داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی ٥ شاره‌وانی ده‌كات كه سه‌ره‌ڕای سه‌ركه‌وتنی هه‌ده‌په ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه.
ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردن بڕیاریداوه به‌ڵگه‌نامه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی ٥ هاوشاره‌داری هه‌ده‌په كه به‌بڕیاری تایبه‌تی ڕژێمی تورك پێشتر دوورخراونه‌ته‌وه، بدات به كاندیده سه‌رنه‌كه‌وتووه‌كانی ئاكه‌په. په‌رله‌مانتارانی پارتیی دیموكراتیی گه‌لان (هه‌ده‌په) له دژی ئه‌م بڕیاره سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ن و داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌و ٥ شاره‌وانییه ده‌كه‌ن.
میدحه‌ت سانجار په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په به ناوی هه‌موو په‌رله‌مانتارانه‌وه لێدوانی دا و ڕایگه‌یاند، ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردن سه‌ربه‌خۆیی و بێلایه‌نی خۆی له‌ده‌ست داوه. سانجار ئاماژه‌ی به بڕیاره بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تی كرد و گوتی، ئه‌م بڕیاره نائه‌خلاقییه و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك له دژی قانوونه. سانجار وه‌بیری خسته‌وه كه ئاسایشی هه‌ڵبژاردن له توركیا پرسێكه په‌یوه‌ندی ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه هه‌یه.
ڕاشیگه‌یاند، «ئێستا له ٥ ناوچه به‌ڵگه‌نامه‌ی ده‌ستبه‌كاربوون نادرێ به‌و هاوشارهدارانهمان كه له هه‌ڵبژاردن سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێناوه. به بیانووی ئه‌وه‌ی ئه‌و هاوشارهدارانه به بڕیارنامه‌ی حوكمی قانوون (BHQ) لهكاردووخراونهتهوه. به گوێره‌ی بڕیاره‌كه‌ی ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ڵگه‌نامه‌ی ده‌ستبه‌كاربوون ده‌ده‌ن به‌و كاندیدانه‌ی پله‌ی دووه‌میان به‌ده‌ستهێناوه. هه‌ردوو بڕیاره‌كه زۆر گرنگن. به واتای كوده‌تا دێت له به‌رانبه‌ر ئیراده‌ی هه‌ڵبژاردن. به واتایه‌كی دیكه كوده‌تایه‌كه له دژی ئایندهی دیموكراتی له توركیا. له‌و كۆبوونه‌وانه‌ی ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردن له‌وباره‌یه‌وه كردوونی ٢ بڕیار دراون. له ده‌نگدانی ١٠ كه‌س ده‌رباره‌ی سه‌رله‌نوێ ئهنجامندانهوهی هه‌ڵبژاردن یان ڕاده‌ستكردنی به‌ڵگه‌نامه‌ی ده‌ستبه‌كاربوون به‌و كاندیدانه‌ی پله‌ی دووه‌میان به‌ده‌ستهێاوه، ٥ به ٥ ده‌نگ دراوه. به‌ڵام ڕۆژی دواتر ئه‌نجامی ده‌نگدانه‌كه گۆڕدراوه. دواتر ئه‌نجامه‌كه بووه به ٧ ده‌نگ به‌رانبه‌ر ٤ ده‌نگ. چی بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی بڕیاری ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردن له ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێردا بگۆڕێت كه ده‌یانویست هه‌ڵبژاردن له‌و ناوچانه دووباره بكرێته‌وه؟ ئێمه چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامین و به‌دوای ئه‌م بابه‌ته‌دا ده‌چین.»
میدحه‌ت سانجار په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په ڕاشیگه‌یاند، «ئێمه سكاڵامان له دژی باری نائاسایی تۆمار كردووه. ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردن ئه‌ركی خۆی له پڕۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه له هه‌لومه‌رجی بڕیارنامه‌كان نه‌كردووه. به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌ندامانی ده‌سته‌كه باڵاده‌ستن، ده‌بێ ده‌سته‌ی دادوه‌ران و داواكارانی گشتی بابه‌ته‌كه ڕوون بكه‌نه‌وه. ده‌رباره‌ی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردن له لای ده‌سته‌ی دادوه‌ران و داواكارانی گشتی سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ین.»
سانجار ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد بڕیاره‌كه له دژی ناوچه‌كانی ئه‌رته‌مێتان، توشبا و ئه‌به‌خ-ی سه‌ر به وان و ناوچه‌ی تاتۆس-ی ئه‌رزرۆم و شارۆچكه‌ی داغپنار-ی قه‌رس ده‌ركراوه. گوتیشی، ئێمه ناتوانین ڕێگری له‌و كه‌سانه بكه‌ین كه به بڕیارنامه‌كان دوورخراونه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان كاندید نه‌كه‌ن. هیچ ڕێگرییه‌كی قانوونی له‌وباره‌یه‌وه نییه. ئه‌مه بابه‌تێكی ڕوون و ئاشكرایه.
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی هه‌ده‌په ڕایگه‌یاند: «٣ ڕێگه هه‌ن. یه‌كه‌م؛ بڕیاره‌كه‌ی ئێستایه. واته به‌ڵگه‌نامه‌ی ده‌ستبه‌كاربوون بدرێت به‌و كه‌سانه‌ی پله‌ی دووه‌میان به‌ده‌ستهێناوه. دووه‌م؛ دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن. سێیه‌م؛ هاوسه‌رۆكانی شاره‌وانی له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانییه‌وه هه‌ڵبژێردرێن. ئێمه داوا ده‌كه‌ین هه‌ڵبژاردن دووباره بكرێته‌وه له‌و ناوچانه.»
s.m