هەپەگە: لە گەڤەر ٨ سەربازى تورکیا کوژران

ناوەندى راگەیاندن و چاپەمەنیى هەپەگە رایگەیاند، لە گەڤەر ٨ سەربازى سوپاى تورکیا کوژراون. هەروەها لە شاخێ کۆپتەرێکى تورکیا پێکراوە و لە بەدلیسیش سەربازێکى ترى تورکیا کوژراوە.

ناوەندى راگەیاندن و چاپەمەنیى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) رایگەیاند، لە چوارچێوەى هەڵمەتى شۆڕشگێڕیى شەهید پیرۆز و شەهید ئاگری دا لە رۆژی ٢٥ى حوزەیران / ٤ى پووشپەڕ و لە کاتژمێر ١٩:٤٥ دا لە گردی شەهید هۆزان لە ناوچەى گەڤەرى جۆلەمێرگ دژى یەکەیەکى سوپاى تورکیا چالاکییەک ئەنجامدرا.

لە گەڤەر ٨ سەربازی تورکیا کوژران

 بەپێى راگەیاندراوەکەى هەپەگە، هێزى گەریلا لە ٢ قوڵەوە گورزى گەورەیان لە سەنگەرەکانى دوژمن داوە و لە ئەنجامدا ٨ سەرباز کوژارون و ٤ سەربازى تریش برینداربوون.

کۆپتەرێک پێکرا

هەپەگە راشیگەیاندووە، لە چوارچێوەى هەڵمەتى شۆڕشگێڕیى شەهید دەلال ئامەد و شەهیدانى بەستادا، هێزى گەریلا لە ٢٦ى حوزەیران / ٥ى پووشپەڕ کۆپتەرێکى جۆرى سکۆرسکیى سوپاى تورکیا، کە لە سێرتەوە بەرەو ناچەى شاخێ لە وان دەڕۆیشت، لەلایەن گەریلاوە کراوەتە ئامانج. کۆپتەرەکە پێکراوە و بەهۆى ئەو زیانانەوە بەریکەوتوون، ناچاربووە لەو ناوچەیە دوور بکەوێتەوە.

هەروەها گەریلاکانى یەژەئاستار، رۆژی ٢٥ى حوزەیران / ٤ى پووشپەڕ و لەکاتژمێر ١١:٤٥دا یەکەیەکى سوپاى تورکیایان لە گردێکى نێوان ناوچەى شاخ چوما و کاتلی بەدلیس کردووەتە ئامانج و لێیانداون، بەڵام زیانەکانى دوژمن لەو چالاکییەدا روون نەبووەتەوە.

لە بەدلیس سەربازێکى ترى تورکیا کوژرا

ناوەندى راگەیاندنى هەپەگە ئەوەشى بڵاوکردووەتەوە، لە چالاکییەکى هێزى گەریلادا سەربازێکى دوژمن کوژراوە و ٢ سەربازى تریش بریندار بووە. لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "سوپاى کۆمارى تورکیای داگیرکەر دواى چالاکییەکە، بە پشتیوانیى کۆپتەرى جەنگیى جۆرى کۆبرا، سەربازى لە رێگەى کۆپتەرى جۆرى سکۆرسکییەوە، لە ناوچەیە دابەزاندووە و دەستیان بە ئۆپراسیۆن کردووە. سوپاى کۆمارى تورکیاى داگیرکەر، لە دواى بۆردومانکردنى ناوچەکە، لە ئێوارەى هەمان رۆژدا لە ئۆپراسیۆنەکەیان کشانەوە".

لە کۆتایى راگەیاندراوەکەى هەپەگەدا ئەوەش هاتووە، فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا رۆژی ٢٦ى حوزەیران / ٥ى پووشپەڕ و لە کاتژمێر ١٣:٣٠ دا ناوچەى شەهید خەیرییان لە زاپ لە هەرێمى پاراستنى مەدیا بۆردومان کردووە.

ر.م