ناوەندى راگەیاندن و چاپەمەنیى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) رایگەیاند، لە چوارچێوەى هەڵمەتى شۆڕشگێڕیى شەهید پیرۆز و شەهید ئاگریدا، هێزەکانیان لە جۆلەمێرگ گورزێکى تریان لە سوپاى تورکیا داوە.
لە چەلێ ٤ و لە خەرەگۆلیش ٨ سەربازى تورکیا کوژران
لە راگەیاندراوەکەى هەپەگەدا هاتووە "هێزی یەژەئا ستارمان رۆژی ٢٢ى حوزەیران لە دژى داگیرکەران لەسەر گردی خەرەگۆل لە ناوچەى چەلێى جۆلەمێرگ چالاکییەکیان ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا گورزێکى قورس لە سەنگەرەکانى دوژمن درا و ٤ سەرباز کوژران.
هەروەها هێزەکانمان، هەر لەو رۆژەدا لە کاتژمێر ١٥:٥٠ دا، جارێکیتر چالاکییەکیان لە دژى داگیرکەران لە گردى خەرەگۆل ئەنجامداوەتەوە و لەو چالاکییەشدا ٨ سەنگەرى هێزە داگیرکەرەکان تێکشکێنران و ئەوەندەشى روون بووەتەوە، ٨ سەربازى تری دوژمن کوژراون".
چالاکى لە دژى یەکەى تایبەتى هەواڵگریى سوپاى تورکیا ئەنجامدرا
لە بەردەوامیى راگەیاندراوەکەى هەپەگەدا ئەوەش هاتووە "هێزەکانمان رۆژی ١٩ى حوزەیران و لە کاتژمێر ١٥:٠٠دا لە نێوان چەمی هەنێ و دەڤالان لە ناوچەى هەنێى چەولیک لە دژى ئۆتۆمبێلێکى یەکەى تایبەتى هەواڵگریى جەندرمەى سوپاى تورکیا چالاکییەکیان ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا ٤ ئەندامى ئەو یەکە تایبەتەى هەواڵگرى برینداربوون، کە برینى ٢ کەسیان قورسە. هێزە داگیرکەرەکان لە دواى ئەو چالاکییە دەستیان بە ئەنجامدانى ئۆپۆاسیۆن کرد. ئۆپراسیۆنەکە تاوەکو رۆژی ٢٢ى حوزەیران بەردەوامیى هەبوو، بەڵام بە بێ ئەوەى ئەنجامێکیان دەست بکەوێت، کۆتاییان بە ئۆپراسیۆنەکەیان هێنا".
لە ئەرزینجان ئۆپراسیۆنە
ناوەندی راگەیاندنى هەپەگە لە کۆتایى راگەیاندراوەکەیدا باسى ئەوەیکردووە "سوپاى کۆمارى تورکیا رۆژی ٢١ى حوزەیران لە ناوچەى کاتر گیولەر لە ناوچەى کەماه لە پارێزگاى ئەرزینجان دەستی بە ئۆپراسیۆن کردووە و تاوەکو ئێستا ئۆپراسیۆنەکەیان بەردەوامیى هەیە".
ر.م