وڵاتپارێز لێهات بۆتی لە جزیر بە خاکسپێردرا

لێهات بۆتی وڵاتپارێزی کورد لە ٢ی حوزەیران لە شاری وپیرتاڵ لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کردبوو، تەرمەکەى برایەوە بۆ شاری جزیری زێدی خۆی لە باکووری کوردستان و لەوێ بە خاکسپێردرا.

دواى ئەوەى لە ٣ی حوزەیران لە شاری وپیرتاڵی ئەڵمانیا مەراسیم بۆ لێهات بۆتیی وڵاتپارێز بەڕێوەچوو، تەرمی بۆتی رەوانەى شاری جزیری زێدی خۆی لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان کرا.

لە جزیر سەدان کەس چوون بۆ پێشوازی لە تەرمەکەى لێهات بۆتی و سەرەتا تەرمەکەیان بردە ماڵی دایکی و دواتر رەوانەى مزگەوتى میرەکا کرا و دواى رێوڕەسمە ئایینییەکان لە گۆڕستانی عەسری بە خاکسپێردرا.

محەمەد ئەملەک ناسراو بە لێهات بۆتی خەڵکی شاری جزیری باکووری کوردستانە و لە تەمەنی ٤٠ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیەوە کۆچی دوایی کرد. لێهات بۆتی لە چەندین کۆمەڵە و رێکخراوی کورد لە ئەوروپادا کاری بردووە و ئەرکی بەڕێوەبردنی پێ سپێردراوە. یەکێک لە ئەندامانی کۆمسیۆن هەڵبژاردنی هەدەپە بووە لە ئەوروپا.

لێهات بۆتی ماوەى ٣ ساڵ بوو چارەسەریی نەخۆشیی شێرپەنجەى بۆ دەکرا. پێش ئەوەى گیان لە دەست بدات داوای کردبوو تەرمەکەى بگەڕێندرێتەوە بۆ شاری جزیری زێدی خۆی و لەوێ  بە خاکبسپێردرێت.

ژ.ت