١٢ کەس لە دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکەی دهۆک ئازادکران

دوای سێ ڕۆژ لە دەستگیرکردنیان، ١٢ کەس لە دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکەی دهۆک بە کەفالەت ئازادکران.

ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە لە پارکی ئازادی شاری دهۆک، لەلایەن گروپی "کانێ پاشەکەفت" خۆپیشاندانێک دژی دواکەوتنی مووچە لە لایەن مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە ڕێکخرا، پێش دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکە چەند کەسێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی دهۆکەوە دەستگیرکران، پاشان بە گشتی زیاتر لە سەد مامۆستا، ڕۆژنامەنووس، فەرمانبەر و چالاکوان دەستگیرکران و دواتر بەشێکیان ئازادکران و ١٤ کەسێکیشیان تا ئەمڕۆ لە زینداندا مابوونەوە.

خەتاب عومەر، سەرۆکی گروپی پارێزەرانی خۆبەخش لە دهۆک، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: ١٢ کەس لە دەستگیرکراوەکانی خۆپیشاندانەکەی دهۆک کەمێک پێش ئێستا تا ڕۆژی داگایی کردنیان بە کەفالەت ئازادکران.

وتیشی: هەریەک لەو کەسانە بە کەفالەتی دوو ملیۆن دینار سەربەست کراون و ئێستا هەریەک لە 'هاوار بەهجەت مامۆستا و دڵشاد ئیبراهیم، فەرمانبەر' لە زینداندا ماون و بڕیارە سبەینێ ئەوانیش ئازاد بکرێن.

وەک تیمی پارێزەران بەردەوام دەبین لە داکۆکیکردن لەو خۆپیشاندەرانە و بە گوێرەی بەدواداچوونمان لە ئێستادا کەس لەزینداندا نەماوە.

ف.ق