٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندان بۆ دیلەک ئۆجالان

بەبیانووی ''پروپاگەندەی ڕێکخستنی، دادگە سزای ٢سال و ٦مانگ زیندانیکردنی بۆ دیلەک ئۆجالان، پەرلەمانتەری هەدەپە-ی شاری 'ڕۆحا' بڕییەوە.

ئەو دۆسیەیەی کە بەبیانووی پڕوپاگەندەکردن بۆ ڕیکخراێکی قدەدەخەکراو، لە دژی دیلەک ئۆجالان و عوسمان بایدەمیر، پەرلەمانتەرانی شاری ڕۆحا کرابوویە، لە لقی ٥ی دادگەی سزای قورسی شاری ئامەد، بەڕێوەچوو.

لە دانیشتنی دادگەی تایبەت بە دۆسیەکەی دیلەک ئۆجالان، پارێزەرەکانی ڕایانگەیاند کە بەشێک لە قسەکانی دیلەک ئۆجالان بڕاون و بە هەڵە نووسراونەتەوە. پارێزەران داوایانکرد کە لەلایەن وەرگێڕێکی کوردی بێ‌لایەنەوە جارێکی دیکە بنووسرێتەوە. هەروەها پارێزەران داوای مۆڵەتیان لە دادگە کرد بۆ ئەوەی بتوانن پاریزگاری لەناوبراو بکەن.

دەستەی دادوەران، داواکاری پارێزەرانی ڕەتکردەوە و سزای ٢ساڵ و ٦مانگ زیندانیکردنی بەسەر دیلەک ئۆجالاندا سەپاند. دادگە هەروەها ڕایگەیاند کە پێویست ناکات دۆسیەکە وەدوا خەن.

دیلەک ئۆجالان، بەهۆی قسەکردن لە مەراسیمی بەخاک‌سپارتنی تەرمێکدا لە وێرانشار، ڕووبەڕووی دادگە کرابوویەوە.

 دانیشتنی تایبەت بە دۆسیەی عوسمان بایدەمیر بۆ ٧ی حوزەیرانی داهاتوو دواخرا.