پەرلەمانتارانی بزوتنەوەی گۆڕان پشتیوانی خۆیان بۆ کەمپینی کۆکردنەوە ئیمزا دەربڕی

هەر یەک لە شاخەوان رەئوف بەگ و گۆڕان عومەر عەلی پەرلەمانتارانی بزوتنەوەی گۆڕان پشتیوانی خۆیان بۆ کەمپینی کۆکردنەوەی ئیمزا بۆ دەرکردنی سوپای دەوڵەتی تورک لە خاکی باشوری کوردستان، دەربڕی.

کەمپینی کۆکردنەوەی ئیمزا بۆ دەرکردنی سوپای داگیرکەری دەوڵەتی تورک لە سەر خاکی باشوری کوردستان کە لە لایەن گەنجانی وڵاتپارێزەوە دەستی پێکردبوو، بەردەوامە و رۆژ بە رۆژیش پشتیوانی بۆ ئەو کەمپینە لە زیادبووندایە. تا ئێستا زیاتر لە ١٨ هەزار ئیمزا بۆ وەدەرنانی سوپای دەوڵەتی تورک کۆکراونەتەوە.

لە چوارچێوەی پشتیوانی بۆ کۆمپینەکە، هەر یەک لە شاخەوان رەئوف بەگ و گۆران عومەر عەلی  پەرلەمانتارانی بزوتنەوەی گۆڕانیش پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ کەمپینەکە دەربڕی.

لەم بارەیەوە پارلمانتەر شاخەوان روعوف بەگ رایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا جاری یەکەم و دووهەم نیە کە سنووری هەرێمی کوردستان دەبەزێنێت و بوردومانی خاکی هەرێمی کوردستان دەکات. بەڵکو چەندین جار ئەم کارەی کردبووە. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت تا ئاستێک سنوورەکانی خۆی بەفراوان کردووە. ئێمە وەکو پارلمانتەرانی کوردستان داواکارین کۆتایی بەم کارە بهێنرێت. داگیرکاری و زیادەڕەوی خزمەتی هەرێمی کوردستان ناکات. تەنها ماڵوێرانی، ئاواربوون و شەهید و بریندار، بە دوای خۆیدا دەهێنێت."

بۆ لێکۆلینەوە لەسەر ئەو هێرشانە، لە پەرلەمانی کوردستان ٣ لیژنە دروست کراون

رەئوف بەگ هەروەها رایگەیاند کە ئەوان لە پەرلەمان پێشنیاری ئەوەیان کردووە کە دەستەی سەرۆکایەتی پارلەمان، دەستەیەکی تایبەت دروست بکات و ئەم بڕیارەش لە لایەن فراکسیونەکانەوە پەسەند کرا. لەم چوارچێوەیەدا ٣ لیژە دروست کران. لیژنەیەکیان بۆ شاری دهۆک، یەکێک بۆ شاری هەولێر و یەکێک لە لیژنەکانیش بۆ شاری سلێمانی و هەلەبجە. ئێمە بەرپرسی لیژنەکەی شاری سلێمان و هەلەبجەین. سەردانی ناوچەکەمان کردووە. بە تایبەتیش سەردانی شارباژێرمان کرد، واتە (گوندی سەفرە) و کونەماسی. سەردانی ئەو خانەوادانەمان کرد کە لە ئەنجامی ئەو هێرشە دا بریندار بوون. هەر دوو لیژنەکەی دهۆک و هەولێریش سەردانی ناوچەکەیان کردووە.

'سوپای تورکیا لە چەند ناوچەیەک بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر خاکی باشوری بەزاندووە'

لە بەردەوامی قسەکانیدا رەئوف بەگ وتی:"کاروباری لیژنەکە کۆتایی پێهات. ئێمە وەکو لیژنە کۆبونەوەمان ئەنجامدا و راپۆرتێکی هاوبەشیشمان ئامادە کردووە و رادەستی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەین. هەفتەی داهاتوو پەرلەمان لەسەر ئەم بابەتە کۆدەبێتەوە و گۆتوبێژ لە بارەی بەزاندنی سنوور و هێرشە داگیرکەریەکان دەکات. لەم بارەیەوە پەرلەمان بانگەوازیەک ئاڕاستەی حکومەت دەکات. بڕیاریش وایە حکومەت لەم بارەیەوە کۆ ببێتەوە و هەلوێستەیەک بکات. دەبێت ئەوە باش بزانرێت کە حکومەتی تورکیا بە مەبەست سنوور دەبەزێنێت، لە هەندێک شوێن ٣٠ کیلۆمەتری بەزاندووە. بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندیش لەسەر ئەم بابەتە هەڵوێستەیەکیان هەبێت و میکانیزمێک بگرێتە بەر. دەبێت لە دژی ئەو دەستوەردانەی دەوڵەتی تورکیا هەڵوێستیان هەبێت."

'دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت هەرێمی کوردستان تێک بدات'

لە بەردەوامی قسەکانیدا پەرلەمانتار شاخەوان رەئوف بەگ وتی:" ئەمە یەکەم جار نیە کە دەوڵەتی تورکیا سنووری هەرێم دەبەزێنێت. بە بڕوای من ئەوەی دەوڵەتی تورکیا دەیکات، شکاندنی شکۆی عیڕاق و هەرێمی کوردستانە. یاسایەکی پەرلەمانی هەیە کە لە ساڵی ٩٩ دەرکراوە. بە پێی ئەو یاسایە رێگە نادرێت هیچ وڵاتێکی دراوسێ یان هەر وڵاتێکی دیکە، سنووری هەرێمی کوردستان ببەزێنێت. دەبێت لە دژی داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا لۆبی هەبێت. ئەم سنووربەزاندنەی دەوڵەتی تورکیا تەنها بە دەستی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێنایەت، بەڵکو دەبێت لە دژی ئەم داگیرکاریە، هەموو کوردێک هەڵوێستی هەبێت، لە هەر جێگایەک هەن، دەبێت لۆبی بەکار بێت."

'دەبێت هەموومان بە یەکدەنگی و یەکگرتووانە بجوڵێنەوە'

رەئوف بەگ لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی:"دەوڵەتی تورکیا بە بیانووی بوونی هێزی باکور و رۆژهەڵات لەو ناوچانە، هێرش دەکات. دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هێزەکانی باکور و رۆژهەڵات لە سەر ئەم بابەتانە قسە بکات. ئەمە پرسێکی نشتیمانی و نەتەوەییە. دەبێت هەموومان بە یەکدەنگی و یەکگرتووانە بجوڵێینەوە. هیچ دەوڵەتێکی دراوسێ بۆی نیە سنوورمان ببەزێنێت و وڵاتمان داگیر بکات.

بابەتی نشتیمانی و نەتەوەیی و خاکی کوردستان زۆر گرنگە. بۆ ئەوەی ئەم پرسانە چارەسەر بکرێت، دەبێت دانیشتنی لەسەر بکرێت. دەبێت لە دژی هاتنی تورکیا هەڵسینە سەر پێ. دەوڵەتی تورکیا سنوور دەبەزێنێت، گەلەکەمان وێران دەکات، زیانێکی گەورە لە رەز و باخی گەلەکەمان دەدات. خەڵکی ئێمە شەهید دەبێت. پێویستە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق لە سەر ئەم بابەتە هەڵوێستەی جدیان هەبێت."

'دەوڵەتی تورکیا، دەوڵەتێکی داگیرکەرە'

رەئوف بەگ وتیشی:"بیانووی ئەوان، بوونی پەکەکە و پژاکە لەو ناوچانە. بەڵام ئێمە رێگە نادەین دەوڵەتی تورکیا خاکی هەرێمی کوردستان داگیر بکات. ئێمە و کوردانی باکور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا، هەموومان کوردین. بیانووی دەوڵەتی تورکیا هەر چیەکیش بێت، ئێمە رێگە نادەین بارودۆخی سیاسی لە هەرێمی کوردستان تێک بچێت. هەرێمی کوردستان بە خوێنی هەزاران شەهید بونیاد نراوە. دەوڵەتی تورکیا دەوڵەتێکی داگیرکەرە. دەبێت رێگە بەو داگیرکاریە نەدەین."

'من پشتیوانی خۆم بۆ کەمپینەکە دەردەبڕم'

رەئوف بەگ لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ کەمپینەکە دەستخۆشی لە گەنجان کرد و وتی:"بۆ ئەم هەنگاوەی کۆکردنەوەی ئیمزا، دەستخۆشی لە گەنجان دەکەم. هیوادارم ئەم کەمپینەتان جێگای خۆی بکاتەوە. کاتێک رادەستی پەرلەمان کرا، پەرلەمانیش کاری لەسەر دەکات. ئێمە لەم رووەوە پشتیوانی تەواوتان دەکەین. دەبیت هەموو تاکێکی کورد کار بۆ ئەمە بکات و رێگر بێت لە لەشکەرکێشی تورکیا."

'ئەگەر ئەمڕۆ دەنگمان بەرز نەکەینەوە، کەی دەنگمان بەرز بکەینەوە؟"

 گۆران عومەر عەلی پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕانیش بە هەمان شێوە پشتیوانی خۆی بۆ کەمپینی کۆکردنەوە ئیمزا دەربڕی و رایگەیاند، لە دژی داگیرکاریەکانی تورک و فارس و عەرەب بۆ سەر کورد و کوردستان، هەڵوێستمان روون و ئاشکرایە. لە دژی ئەم داگیرکاریە ئەگەر دەنگمان بەرز نەکەینەوە، دەبێت کەی دەنگ بەرز بکەینەوە؟

ئامانجی دەوڵەتی تورکیا تەنها داگیرکردنی خاکی کوردستان نیە، بەڵکو داگیرکردنی کلتوری کوردستانیشە. بۆ ئەوان هیچ جیاوازیەکی نیە، چی گەریلایەک بێت، کوردێکی باکور بێت یان رۆژهەڵات و باشور. ئامانجیان لەناوبردنی کورد و فەرهەنگی کوردیە. گەلی کورد لە هەر جێگایەک بێت، ئەم داگیرکاریە قبول ناکات."

پەرلەمانتار گۆران عومەر عەلی هەروەها رایگەیاند، ئەوان وەکو بزوتنەوەی گۆڕان داوایای ئەوەیان کردبوو کە لە پەرلەمان لەسەر ئەم بابەتە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدرێت و وتیشی:" ئەندام پەرلەمانەکان لەم بارەیەوە قسەی خۆیان هەیە. دەبێت دەنگی کورد بگەیێننە جیهان. دەستخۆشی لەو کەسانە دەکەم کە ئەم کەمینەیان دەست پێکردووە. پشتیوانی خۆشم بۆ کەمپینەکە دەردەبڕم."

ز.ش

****