پۆلیسی تورک لەسەر شەقامەکانی بسمیل منداڵێکى ٨ ساڵی کوردیان ئەشکەنجە کرد

پۆلیسی دەوڵەتى تورک لەسەر شەقامەکانی ناوچەى بسمیلی ئامەد منداڵێکى تەمەن ٨ ساڵی کوردیان لە کاتی یاریکردندا ئەشکەنجە کرد. چەند رۆژ لەوە پێشیش پۆلیس لە ناوچەى نسێبینی مێردین بە هەمان شێوە پەلاماری منداڵێکى کوردیان دابوو و ئەشکەنجەیان کردبوو.

هاوشێوەى هێرشەکەى پۆلیسی دەوڵەتى تورکی داگیرکەر بۆ سەر منداڵێکى کورد لە نسێبین، پۆلیس لە ناوچەى بسمیلی ئامەدیش هێرشکردە سەر منداڵێکى کوردی تەمەن ٨ ساڵ و ئەشکەنجەیان کرد.

پۆلیسەکانى دەوڵەتى تورک لە گەڕەکی شەنپەپە هێرشیان کردە سەر منداڵان لە کاتی یاریکردندا. منداڵانی تەمەن ٧ بۆ ٩ ساڵ لە دواى قەدەغەکارییەکان هاتوچۆ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا چووبونە بەردەرگای ماڵەکانی خۆیان و لەگەڵ یەکتردا یارییان دەکرد. کاتێک پۆلیسیان لە ناوچەکەیان بینی هەڵهاتن و پۆلیسیش دواى منداڵەکان کەوت و منداڵێکى تەمەن ٨ ساڵیان بە ناوی (ئە.م) گرت و دایانە بە زلـلە.

ئەو منداڵەوە بەهۆی پەلامار و توندوتیژیی ئەو پۆلیسە داگیرکەرانەوە زۆر ترسابوو و بە گریانەوە گەڕابووە بۆ ماڵەوە، بەڵام بنەماڵەکەشی بەهۆی ترسی دەرکردنیان لەسەر کار نەیانوێرا لەو توندوتیژییە بێنە دەنگ و ناڕەزایەتى نیشان بدەن و سکاڵا تۆمار بکەن.

ژ.ت