ڕۆژەڤی سەرەکیی گەریلا لە قەندیل گۆشەگیریی سەر ئۆجالانە

لەسەر بەرزایی چیاکانی قەندیل چاومان بە هێزێکی گەریلا دەکەوێت، کە بە هەموو شێوەیەک ئامادەن. ئێمە لەلای ئەم هێزە بینیمان کە ڕۆژەڤی سەرەکیی گەریلاکان لە قەندیل، گۆشەگیریی سەر ئۆجالانە.

ماوەیەکی دوورودرێژە هاوپەیمانی ئاکەپە و مەهەپە، ئۆپەراسیۆنی لە دژی قەندیل خستووەتە ڕۆژەڤەوە. ئێمەش بارودۆخ و ئامادەکاریی گەریلاکانی هەپەگە و یەژا ستار لە قەندیل، دژ بەو ئۆپەراسیۆنانە، ڕووماڵ دەکەین. گەریلاکان ئارامن و وا دەردەکەوێت کە ئامادەن.

ڕۆژ نییە فڕۆکەی چاودێری بەسەر ئاسمانی قەندیلدا نەسوڕێنەوە. بەگوێرەی گەریلاکان، جموجوڵی زۆری فڕۆکەی چاودێری نیشانی دەدات، کە دەوڵەتی تورکیا چەندە بێچارەیە. منیش ئەمجارە ویستم لەسەر کاریگەریی فڕۆکەی چاودێری لەسەر جموجوڵەکانی گەریلا هەڵوەستە بکەم. بە بۆچوونی من ئەوە زۆر هەڕەشە لەسەر گەریلا دانانێت. ئێمە ئەوە دەببینین، کە گەڕانی فڕۆکەی چاودێری نە کاریگەریی لە جۆش و خرۆشی گەریلا دەکات و نە لەبەردەم کارەکانی گەریلاکانیشدا دەبێتە ئاستەنگی گەورە.

هێزەکانی گەریلا لە هەموو روویەکەوە ئامادەیە

سووپای تورکیا پشت بە فڕۆکەی چاودێری دەبەستێت و دڵی خۆی پێ خۆش دەکات، بەڵام ئەوەی کە بۆ ئێمە جێگاى سەرسوڕمانە ئەوەیە، گەڕانی فڕۆکەی چاودێری خەمی گەریلا نییە. بێگومان گەریلاکان ڕێوشوێن دەگرنە بەر و بە ئەزموونی چەندین ساڵەی خۆیان، دەزانن چۆن خۆیان نیشان نەدەن. مەبەستم ئەوەیە لەگەڵ گەڕانی فڕۆکەی چاودێری، گەریلاکان پەروەردەی خۆیان، خوێندن، نووسین و کارەکانی خۆیان بەردەوامیی پێ دەدەن. ئێمە لەسەر بەرزایی چیاکانی قەندیلەوە دەبینین، کە گەریلا لەهەموو روویەکەوە ئامادەن.

لە چوارچێوەی کارەکانی ڕۆژنامەوانیی خۆماندا، ئێمەش لە چیاکانی قەندیل، بەناو هێزەکانی گەریلادا گەڕاین و لە کاتی سەردانەکەماندا، زۆر جار فڕۆکەی چاودێریمان دەبینی. هەندێک جار لەو کاتەی کە دەگەیشتینە گروپێک لە گەریلاکان فڕۆکەی چاودێریمان دەبینی و هەندێک جاریش بە ڕێوەبووین و فڕۆکەی چاودێریی بەسەر سەرمانەوە بوو.

دوو گەریلای یەژا ستار بەدەم زەردەخەنەوە، لە دوورەوە سڵاومان لێ دەکەن و پێمان دەڵێن "هەڤاڵ ئەوە ئێوەش لێرەن، ئەم فڕە فڕە دیسانەوە بەسەر سەرمانەوەیە. باوەڕ بکەن ئەوانە بۆ خۆشیان نازانن چی دەکەن. بەهەرحاڵ بیر لەوە دەکەنەوە کە دەیان هەزار گەریلا بەو پارچە تەنەکەیە لەناو بەرن". ئێمەش سڵاویان لێ دەکەین و بەدەم قسەکردنەوە لێیان نزیک دەبینەوە.

ڕۆژەڤی سەرەکیی گەریلا لە قەندیل، گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کوردە

ئێمە بەرەو لای گروپێکی تر لە گەریلاکان ڕۆیشتین. ئەم گروپەش لە گەریلاکانی یەژا ستار پێکدێن. وتاری ناو گۆڤارێک بە گروپ خوێندرایەوە و گفتوگۆ کرا و قۆناغەکە شرۆڤە کرا. ئێمە لەلای ئەم گروپە لە گەریلا بینیمان کە لەم قۆناغەدا ڕۆژەڤی سەرەکیی گەریلاکان لە قەندیل، گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە. هەر گەریلایەک، کە ئێمە چاومان پێی کەوت، حەسرەتی خۆی بۆ ئۆجالان دەهێنایە زمان.

ئەو ڕۆژە، ڕۆژەڤی سەرەکیی ئەو گروپەی گەریلاکانی یەژا ستار، ئۆجالان بوو. گەریلا ژنەکان، دەربارەی ئۆپەراسیۆنی داگیرکاریی لە دژی قەندیل، لێکدانەوەى خۆیان هێنایە زمان.

ئەو ژنە شەڕڤانانە زۆر تووڕەن لە بەرامبەر خەمساردیی حکومەتی هەرێم و بەرامبەر هەوڵی داگیرکاری بۆ سەر هەرێمی کوردستان و توڕەشن لە لێدوان و ڕاگەیەندراوی هەندێک لە سیاسەتمەدارانی کورد کە خاکی باشووری کوردستان پێشکەش بە دوژمن دەکەن.

باسیان لەوەش کرد بە ئەزموونی خۆیان دەزانن ئەگەر ئاکەپە دەست بە ئۆپەراسیۆنی داگیرکاریی بکات، ئەوکات زۆرترین ژن، منداڵ، پیر و بەساڵاچوان و گەلی هەرێمەکە زیانیان بەردەکەوێت. گەریلاکان دەڵێن، ئەو سیاسەتمەدارانە گەلی باشووریان خستووەتە ناو ئاگرەوە. گەریلاکان لەو بارەیەوە نیگەرانیى خۆیان ناشارنەوە.

گەریلاکان لە قەندیل بە بڕیارن گەل بپارێزن. باوەڕیان بەخۆیان هەیە و بە بڕیارن نە بە فڕۆکەی چاودێریی و نە بە فڕۆکەی جەنگی، نە بە تانک و نە بە تۆپ ناتوانن بەرەنگارى گەریلا ببنەوە و ببنە رێگر لە بەردەم گەریلا.

ر.م