کاڵکان: دەبێت لە پێناو ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەریدا داعش وەک فاشیزمی هیتلەر دادگایى بکریت

کاڵکان باسی لە چالاکییەکانى مانگرتن لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و چالاکییەکانى پشتیوانیکردن لەو بەرخودانە کرد و رایگەیاند "کورد ئیدی ژیانێک جگە لە ژیانى ئازاد قبوڵ ناکات، چونکە ژیانێکى تریش نابێت".

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەریی پەکەکە میوانى بەرنامەى ئولکەدەنی کەناڵی مەدیا هەبەر بوو و شیکاریی بۆ هەڵمەتى بەرخودانى مانگرتن، هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا، ئەو کۆمەڵکوژییەى لە کوردستان ئەنجام دەدرێن، دۆخی باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا، ساڵیادی کیمیابارانکردنى هەڵەبحە و نەورۆزی ئەمساڵ کرد.

شەهیدانى کۆمەڵکوژییەکەى قامیشلۆ ئێستا لە رۆژئاوا بە ئازادی دەژین

کاڵکان بە بۆنەى ١٥هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیى قامیشلۆوە بە رێزەوە یادی ئەو شەهیدانەى کردەوە و رایگەیاند "بەڕاستى لە ماوەى ١٥ ساڵدا لە رۆژئاوا هەنگاوی مێژووی نرا. شەهیدانى کۆمەڵکوژییەکەى قامیشلۆ ئێستا لە رۆژئاوا ئازاد، لە باکوور و رۆژهەڵاتى سوریای دیموکراتیک دا دەژین. رۆحی بەرخودانیان رێگاى بۆ پێشکەوتنەکانى ئەم سەردەمە کردەوە. ئاشکرا بوو و سەلمێنرا، کە ئەوان بوونە راستیى زیندوو".

کاڵکان دەستنیشانیکرد، لە کۆمەڵکوژییەکەى ١٥ ساڵ لەوە پێش لە قامیشلۆ تاوەکو ئێستا سەرکەوتنى زۆر گەورەی دیموکراسی ئافرێنرا. ئێستا بەرماوەى کۆتایى فاشیستەکانى داعش، کە بەڵاى سەر گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و مرۆڤایەتى بوون دەسڕدرێتەوە و لە ناو دەچێت.

قەسەدە، یەپەگە – یەپەژە، ٤ ساڵە وانەى مرۆڤایەتى بە هەموان دەدەن

کاڵکان شەڕڤانانى قەسەدە، یەپەگە – یەپەژە کە لە دێرەزۆرن پیرۆز کرد و سڵاوی بۆ ناردن و وتى "شەهیدەکانیان بە رێزەوە بەرز رادەگرم. ئەوان ٤ ساڵە وانەى مرۆڤایەتى بە هەموان دەدەن. ئازایانە و فیداکارانە وانە دەڵێنەوە. وانەى ژیانى راست بە هەموان دەدەن".

لە کەسایەتیى داعشدا فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە و سەری ئاکەپە دەچەمێنرێت

کاڵکان رایگەیاند، تێکۆشان لە باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا رێگاى بە ڕووی ئەنجامى گەورەدا کردووەتەوە و راشیگەیاند "فاشیزم دیسانەوە سەر دەچەمێنێت. هەر چۆن لە ساڵی ١٩٤٥ دا فاشیزمی هیتلەر و فاشیزم لە دونیا تێکشکێنرا، هیلتەری سەردەمی ئێستاش خواستی داعش لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بچەسپێنێت، بەڵام لە کەسایەتیى داعشدا چەتە فاشیستەکان ئێستا لە دێرەزۆر تێکدەشکێن. پێویستە ئەوە بەمشێوەیە لێکبدرێتەوە. هەندێک بیریان لەوە دەکردەوە، کە شۆڕشی دیموکراسی و ئازادی لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە ناو ببەن 'پلانى چالاکیى تێکشکاندن'یان ئامادە کرد و لەو چوارچێوەیەدا هێرشیان کردە سەر هێزەکانى ئازادیى کورد. ئەوانەى بیریان لەوە دەکردەوە دەیانخواست سەری کوردی ئازاد بچەمێنن، بەڵام لە دێرزۆر سەر دەچەمێنن، فاشیزم سەر دەچەمێنێت. ئەوانەى داعشیان بەردایە کۆبانێ و هێرشیان کردە سەر کوردان، سەر دەچەمێنن. لە کەسایەتیى داعش دا ئاکەپە، مەهەپە، فاشیزمی ئەردۆغان – باخچەلی سەر دەچەمێنن. دەبێت ئێمە ئەوە ببینین. ئەوان کە ئەوە دەبینین هار دەبن. بە رق و نفرەتەوە دەجوڵێنەوە. کاتێک سەیری راگەیاندن و چاپەمەنییەکانى ئاکەپە بکرێت ئەوە دەبینرێت، کە بەشێوەیەکى نامەردانە درۆ دەکەن. خاوەنداری لە داعشەکان دەکەن. دەڵێن 'ئەوانیان لە کامپەکاندا کۆکردووەتەوە و هەموویان دەکوژن'. تۆ ئەوە لە کوێ دەزانیت، کێ لێدوانى لە جۆرەى داوە؟ فریودان و درۆیەکى ئەوەندە گەورەش نابێت. ناکرێت پشتیوانیى ئەوەندە ئاشکرا لە فاشیزم بکرێت. دەمامکی سەر دەموچاویان لادرا، ئەگەر ترسیان لە دونیا نەبێت ئەوا خاوەندارییان لێدەکەن. خودی ئەو داعشانەى کە رادەست بوون دەڵێن 'بمان نێرن بۆ تورکیا'. هەموویان دەیانەوێت بڕۆن بۆ تورکیا، چونکە زۆربەیان لەوێیەوە هاتوون. دونیاش ئەوە دەزانێت. لەبەر ئەوەش فەرماندەیى یەپەژە لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاند 'ژنان لەسەر پێن و فاشیزم تێکدەشکێت'. بەڵێ ژنانی ئازاد لەسەر پێن. ئەوانەى خواستیان ژنان کۆمەڵکوژ بکەن، ئەوانەى خواستیان ئەوەى لە شەنگال ئەنجامیانداوە دووبارەی بکەنەوە، ژنان قڕ و کۆمەڵکوژ بکەن، بەو ئاستە گەیشتوون کە دەبێت باج بدەن".

  کاڵکان ئەوەشی راگەیاند، ئەو دۆخە زۆر گرنگە و وتى "نیشانى دەدەن، کە مرۆڤایەتى هەیە و لەسەر پێیە. بۆ داهاتووی مرۆڤایەتى دەبنە ئومێد و بڕوا. نیشانى دەدەن، کە دەکرێت ئازادی و دیموکراسی بەدی بهێنرێت. مرۆڤایەتى و خوشک – برایەتى بەدی بێت".

دەبێت وەک دادگایکردنى فاشیزمی هیتلەر داعش-یش لە پێناو شکۆ و بەهاکانى مرۆڤایەتی دا دادگایى بکرێت

کاڵکان لەبارەى دادگایکردنى داعشەوە وتى "ئێستا تێکشکاون. هەر چۆن کاتێک فاشیزمی هیتلەر تێکشکا و لە پێناو شکۆی مرۆڤایەتى دا و لە پێناو بەهاکانى مرۆڤایەتى و دادپەروەریدا دادگایى کرا، پێویستە بۆ داعش-یش هەر ئەو کارە بکرێت. بەرپرسیارى تەنها لە ئەستۆی قەسەدە دا نییە. هەر خۆی لە خۆیدا بەڕێوەبەریى خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیکى باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا باری تێکۆشانەکەى هەڵگرت، بەرپرسیاریى خۆی جێبەجێ کرد و هەزاران شەهیدی لەو پێناوەدا بەخشی. ئێستا هەموویان خۆیان رادەستى ئەوان کردووە و لە دەستی ئەواندان. ئەی چییان لێ بکەن؟ پێویستە هەموو کەس بە بەرپرسیارێتیى خۆی هەستێت. هێزەکانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى بەرپرسیارێتیى خۆیان بەجێبهێنن و مرۆڤایەتى بە بەرپرسیارێتیى خۆی هەستێت. پێویستە لە رەقا دادگایەک بۆ دادپەروەری دابمەزرێت تاوەکو ئەو چەتە فاشیستانەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، کە فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپەشیان لە ناودایە دادگایى بکرێن. پێویستە حسابی ئەو خوێنەى رژێنراوە و عەقڵییەت و سیاسەتى فاشیست و خاوەنەکانیان لێپرسینەوەیان لێ بکرێت. ئەگەر لێپرسینەوەیان لێ نەکرێت ئەوا خاوەنداری لەو ئەنجامە، کە شەڕڤانانى قەسەدە بە شەهیدەکانیان ئافراندویانە، ناکرێت. ئەو کاتە ماف و دادپەروەری جێبەجێ ناکرێت. ئەوەش قبوڵ ناکرێت. لەو کاتەدا ئەوانەى لەو تێکۆشانەدا ئەو هەموو شەهیدەیان بەخشیووە لێپرسینەوە دەکەن. لەبەر ئەوەش پێویستە هەموو کەس بە ئەرک و بەرپرسیارێتیى خۆی هەستێت. ئێستا دەڵێن 'با بڕۆن بۆ ناوچەى تر و دادگایى بکرێن'. ئەوە بە باشی نازانم، بەڵام زۆر شوێن هەیە، کە دەکرێت ئەوانى تیا دادگایى بکرێت. بێگومان پێویستە بەو بەرپرسیارێتییە هەستن و هەموان پێکەوە بجوڵێنەوە".

نابێت بارەکە تەنها لەسەر شانی گەلانى باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا بێت

کاڵکان باسی ئەوەیکرد، گرنگ ئەوەیە تەنها بارەکە لەسەر شانی هێزەکانى ئازادی و گەلی باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا نەهێڵرێتەوە و پێویستە ئەو بارە پێکەوە شان بدرێتە بەری. ئەوەشی وت "پێویستە فاشیزم دادگایى بکرێت. هەر چۆن لە گۆڕەپانى شەڕ تێکشکێنران، پێویستە دادپەروەریش بڕیار لەسەر تاوانباران بدات و سزایان بدات و ئیدانەیان بکات. هەروەها پێویستە بۆ چاکسازیکردن و ئاسایکردنەوەى ئەو کەسانە، کە سزا دەدرێن هەموان بە بەرپرسیارێتیى خۆیان هەستن. ژمارەشیان زۆر زۆرە. دیارە پێویستە توانای ئاسایبوونەوەیان پێببەخشرێتەوە. پێویستە لە داعشەوە دەستپێبکات و قاعیدە و ئاکەپە – مەهەش بخرێنە ناو پرۆسەى ئاسایکردنەوەوە".

قاعیدە و داعش پارچە بچووکەکەن، جەستە سەرەکییەکە ئاکەپە و مەهەپەن

کاڵکان لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى "بۆ نمونە ئێمە سەرنج بدەینە سەر کردارەکانى تەیب ئەردۆغان لە تورکیا. ٢٤ کاتژمێر دوژمنایەتیکردنی کورد دەخاتە مێشکى مرۆڤەکان لە تورکیا. دنەى نەژادپەرستی و شۆڤێنیزم دەدات و شێرەیان دەکات. هەزار جار زیاتر لە داعش شۆڤێنیزمی، نەژادپەرستی و نەتەوەپەرستى دەکات. مێشکى مرۆڤەکان دەشواتەوە و ئەوەش لە رێگەی  دوژمنایەتیکردنى کوردانەوە دەکات. ئەوانە خوێنخۆر (ڤەمپیر)ن و خۆیان ئامادە دەکەن خوێنى کورد بخۆن. عەقڵییەت، سیاسەت و هەوڵەکانى تەیب ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی رێگای بۆ ئەوە کردووەتەوە. پێویستە هەموویان ئاسایى بکرێنەوە. باشە شتێکى وا دەبێت؟ فتوا دەدات و دەڵێت 'با ئەمانە بڕۆن' ئەگەری ئەوە هەیە سبەی بەو دەیان هەزار چەتەیە، کە مێشکى شۆردونەتەوە دەست بکات بە هێرش. لەبەر ئەوەش پێویستە رێگەى لێ بگیرێت، چونکە زۆر مەترسیدارە. قاعیدە چییە؟ داعش چییە؟ ئەوانە هەموویان پارچە بچووکەکەن، جەستەى سەرەکی ئاکەپە و مەهەپەن. تاوەکو ئاکەپە و مەهەپە لەبەر یەک هەڵنەوەشێنرێنەوە، تاوەکو ئەو مرۆڤانەی کە کەوتونەتە ژێر کاریگەرییان، پەروەردە نەکرێنەوە و ئاسایى نەکرێنەوە، دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دونیایشدا بەدی نایەت. پێویستە ئەوە ببینرێت. لەبەر ئەوەش تێکۆشانی حقوقی و یاسایى لە دژی داعش پێویستە بە شێوەیەکى بەرتەسک ئەنجام نەدرێت و بەرتەسکیش نەبینرێت. پێویستە هەموو هێزەکانى پشت داعش بخرێنە ناو ئەو پرۆسەى دادگایکردنەوە و دادگایى بکرێن. خۆیان بە ئاشکرا دەڵێن، کە هەموویان لە تورکیاوە هاتوون و تورکیا ئەوانى رێکخستووە. ئێستاش دەڵێن 'رێگا بدەن با بڕۆین بۆ تورکیا'. پێویستە دونیا ئەوە بە نەبوو نەزانێت و چاوی لێ نەنوقێنێت. دەبێت کردارەکانى ئاکەپە – مەهەپە بۆیان نەمێنێتەوە".

دوێنێ سەدام لە هەڵەبجە کۆمەڵکوژیى ئەنجامدا و ئەمڕۆ فاشیزمی کۆماری توورکیا لە باشوور، باکوور و رۆژئاوای کوردستان کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات 

دوران کاڵکان بە بۆنەى ٣١هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیى هەڵەبجەوە ئەو کۆمەڵکوژییەیی ئیدانە کرد و شەهیدانى کۆمەڵکوژییەکەى بە رێزەوە یادکردەوە و رایگەیاند "هەڵەبجە برینێکى قوڵ بوو، هێشتاش لە دڵ و دەروونی کورداندا برینێکى گەورەیە. ئازارەکانى هێشتا بەردەوامن. کوردبوونی ئازاد پێشکەوت، تێکۆشانی ئازادیى کورد پێشکەوت و بە هەموو شوێنێکدا بڵاوبوویەوە. هەر چەند کێشەى قورسیش هەبن، بەڵام لە باشووری کوردستاندا پێشکەوتن روویدا. ئەوە هەندێک لە ئازارەکەى کەمکردەوە. ئەو پێشکەوتنە چۆن بوو؟ بەهۆی بەرخودانى ئەو شەهیدانەوە بوو، بەهۆی کاریگەریى ئەو شەهیدانەوە بوو. ئەوانەى رێ نیشاندەر بوون ئەوان بوون. پێویستە ئەوە بەشێوەیەکى راست و دروست ببینرێت. لەبەر ئەوەش زۆر گرنگە کە لە کۆمەڵکوژیى هەڵەبجە تێبگەین و بەشێوەیەکى راست و دروست لە شەهیدەکانى هەڵەبجە تێبگەین".

ئێمە هەڵەبجە و عەفرین بە شاری دەستە خوشک – برا دەزانین

کاڵکان کۆمەڵکوژیى ئەمدواییەى دەوڵەتى تورک لە شیلادزێ و دێرەلوک بەبیرخستەوە و وتى "دوێنێ سەدام لە هەڵەبجە کۆمەڵکوژیى ئەنجامدا و ئەمڕۆ فاشیزمی کۆماری تورکیا لە دێرەلوک، لە شیلادزێ و لە هەموو ناوچەکانى باکوور کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات. لە رۆژئاوا کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات. لە عەفرین کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات. دەبێت ئێمە هەڵەبجە و عەفرین بە شاری دەستە خوشک – برا بزانین. بەڕاستیش دەبێت بەو شێوەیە ببینرێت. پێویستە دوژمن لەو بوارەدا بە باشی بناسین. ئەگەر سیاسەتمان لە باشوور، ئەگەر گەلەکەمان لە باشوور یادی هەڵەبجە دەکەنەوە پێویستیشە لێى تێبگەن، پێش هەموو شتێک پێویستە لە راستیى دوژمن تیبگەین و لە یەکپارچەبوونی دوژمن تێبگەین و بیبینین. هەروەها دەبێت ئێمە راستیى شەهیدان بە شێوەیەکى راست و دروست تێبگەین، چونکە ئەو باجەى شەهیدەکانمان داویانە بووەتە هۆی ئەوە تێکۆشانەکەمان بەم ئاستە بگات. گرنگ ئەوەیە ئێمە خۆمان لەسەر هێڵی شەهیدان پەروەردە بکەین. بۆ من ئەوە دەڵێم؟ چونکا بەڕاستى لە باشووری کوردستان ماددەپەرستى زۆر زیادیکردووە. ئەو گەلە بە ژیانى ماددییەوە بەستێنراونەتەوە. گەل زۆر دواى پارە کەوتووە. لە ناو گەل دا دۆخێکى لەو جۆرە هەیە. ئێمە ئەوە دەبینین. گەل بەڕاستى خاکی و ساکارە، رۆژانە کاری خۆیان دەکەن، بەرهەمهێنان و زۆرێک لە نەریتە دێرینە باشەکان لە ناویاندایە، بەڵام ئەوانەى سەرەوە چاویان بە دەوڵەمەندی کوێر بووە و بەو شێوەیە تاڵانى دەسەپێنن. ئەوە زۆر مەترسیدارە".

با هێزەکانى باشوور "هێڵی پێشمەرگە" بۆ خۆیان بکەنە بنەما، کە نوێنەرایەتیى هەزاران شەهید دەکات

دوران کاڵکان ئاماژەى بەوەشکرد "ئێمە ناڵێین با هێڵی پەکەکە، یان گەریلا بە بنەمان بگرین، بەڵکو دەڵێین، با هێڵی پێشمەرگە بۆ خۆیان بە بنەما بگرن. پێشمەرگایەتى نوێنەرایەتیى هەزاران شەهید دەکات. نوێنەرایەتیى ٥ هەزار شەهیدی هەڵەبجە دەکات. با هەموو کەس لەسەر هێڵی شەهیدانى هەڵەبجە پەروەردە بکرێت و رەخنە لە خۆیان بگرن و بکەونەوە سەر رێگاى راست".

کاڵکان راشیگەیاند، لەو بڕوایەدان، سیاسەتمەداران، ژنان، گەنجان و رۆشنبیرانی باشووری کوردستان وانەیەکى باشتر پێشبخەن، شەهیدانى هەڵەبجە باشتر تێبگەن و لەسەر ئەو بنەمایە لە پێشەڕۆژدا تێکۆشانی دیموکراسی لە باشوروی کوردستان بەهێز بکەن، هەم لە باکوور، لە رۆژئاوا تێکۆشانی ئازادی بەهێزتر بکەن.

پەیام بۆ نەورۆز

کاڵکان لە بەشی کۆتایی وتەکانیدا سەرنجی خستەسەر نەورۆز و وتى "ئێمە لە مانگی نەورۆزداین. بە ئەندازەى کۆمەڵکوژییەکان بەرخودانى زۆر گەورەش تیایدا روویداوە. ئێمە لە رۆژانى قارەمانیى نەتەوەیداین. لە هەر رۆژێکى ئاداردا دەیان شەهیدمان داوە. هەموو رۆژێک رۆژی قارەمانییە. نەورۆز رۆژی قارەمانیى نەتەوەییمانە، رۆژێکە نوێنەرایەتیى مێژووی قارەمانیى ٢٥٠٠ ساڵە دەکات. ٢٨ی ئادار رۆژی قارەمانیى ئێمەیە. لە کەسایەتیى فەرماندەى گەورەى گەریلا هاوڕێ عەگید دا و لە رۆژی نەورۆزدا مەزڵوم دۆغان، زەکییە ئالکان، رۆناهی و بێریڤان سەرلەنوێ رۆژی قارەمانیى نەتەوەییان گەورەتر و گەشاوەتر کردەوە.

لە مانگێکى لەو جۆرەدا تێکۆشان بەهێزتر دەبێت و بەهێزتریش دەبێت. پێش هەموو شتێک نەورۆز لە گەلەکەمان پیرۆز دەکەم. لەو بڕوایەدام ئێمە لە هەموو شوێنێکدا بە جۆشێکى گەورە و بەرخودانێکى گەورە لە  دژی فاشیزم پێشوازی لەم نەورۆزە دەکەین. بڕوام بەوە هەیە، کە هەڵمەتەکەمان بە ناوی 'گۆشەگیری تێکدەشکێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین' لەگەڵ پیرۆزبایى نەورۆزی ئەمساڵ دا دەگاتە بەزرترین ئاستی خۆی و فاشیزم هەڵدەوەشێت و گۆشەگیرى تێکدەشکێنرێت. دەبێت بەرخودانێکى یەکلاکەرەوە پێش بکەوێت. لەبەر ئەوەش دەبێت هەموو کەس بە بەرپرسیاریی خۆی هەستێت و هەموو کەس شان بداتە بەر ئەو بارە".

کاڵکان جەژنی ئازادیى نەورۆزی لە هەموان پیرۆز کرد و بانگەوازی گەورەترکردنى تێکۆشانی کرد.

بەشی یەکەم

ر.م