دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەریی پەکەکە میوانى بەرنامەى ئولکەدەنی کەناڵی مەدیا هەبەر بوو و شیکاریی بۆ هەڵمەتى بەرخودانى مانگرتن، هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا، ئەو کۆمەڵکوژییەى لە کوردستان ئەنجام دەدرێن، دۆخی باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا، ساڵیادی کیمیابارانکردنى هەڵەبحە و نەورۆزی ئەمساڵ کرد.
کاڵکان لە کەسایەتیى لەیلا گیوڤەن، سەباحەت تونجەل و سەلما ئیرماک دا رۆژی ٨ی ئاداری لە هەموو ژنان پیرۆز کرد و ئومێدى سەرکەوتنى بۆ تێکۆشانی ئازادییان خواست.
کاڵکان سەرنجی خستەسەر بەرخودانى مانگرتن و رایگەیاند، ئەوان لەو بڕوایەدان، کە بەرخودانەکە سەردەکەوێت.
کاڵکان وتی، ئامانجی هەڵمەتەکە "ئێمە کۆتایى بە گۆشەگیری دەهێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین" ژمارەیەکى زۆر هێز و لایەنى خستووەتە جموجوڵ و وتیشی "توڕەیى و ناڕەزایەتى لە دژی گۆشەگیری و فاشیزم زۆرە. ئێمە ئەوەمان لە توڕەیى شۆڕشگێڕە دیلکراوەکان و وڵاتپارێزاندا بینی و ئەوەش رۆژ لە دواى رۆژی جەماوەری تر دەبێتەوە. لە دەرەوەش ئەو راستییە دەبینرێت. رووداوەکانى باکوور، رۆژئاوا، باشوور، چوارپارچەى کوردستان و بە تایبەتى لە ئەوروپا جموجوڵی جەماوەری هەیە ئەو راستییە دەخەنە بەرچاومان و گەیشتووەتە ئاستێکى گرنگ و گەورەتریش دەبێت. ئەو ئاستەى ئێستا گرنگە، کە کاریگەریى لەسەر دونیا دروستکردووە. بە بەهێزی کاریگەریى کردووەتە سەر هێزە سیاسییەکان، رێکخراوەکانى مافەکانى مرۆڤ و هێزە دیموکراتیکەکان و رۆژ لە دواى رۆژ زیاتر سەرنجیان رادەکێشێت".
بەرخودان لە سەرکەوتن نزیکە
کاڵکان باسی ئەوەیکرد، ئەو دۆخە فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە تەنگاو دەکات و وتی "وەک هەندێک لە چالاکوانانیش رایانگەیاند و ئێمەش هاوڕاین لەگەڵیان، چالاکییەکە گەیشتووەتە ئاستێکى گرنگ و لە سەرکەوتن نزیک بووەتەوە. ئەو بەرخودانە بە دڵنیاییەوە سەردەکەوێت. کەسیش ناتوانێت بە نەبووی بزانێت و چاوی لێ دابخات، چونکە ئەوە بە ئاشکرا ئەوە دەرکەوت، کە ئیرادەیان (ئیرادەى چالاکوانانى مانگرتوو) تێکناشکێت".
کاڵکان ئەوەشی وت "نەورۆزمان لە پێشە و هەڵبژاردنیشمان لە پێشە. هەفتەى قارەمانى نەتەوەیشمان لە پێشە. ئێمە لەو بڕوایەداین، کە چالاکییەکان و کاریگەرییان بەرفراوانتر، قوڵتر و گەورەتر دەبێت. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوە کە چالاکییەکە سەردەکەوێت".
کورد ئیدی جگە لە ئازادی ژیانێکى تر قبوڵ ناکات
کاڵکان لە بەردەوامیى وتەکانیدا وتی، ژنان، گەنجان و وڵاتپارێزانى کورد بەرخودان و بەرەنگاری دەکەن و جگە لە ژیانێکى ئازاد ژیانێکى تر قبوڵ ناکەن. وتیشی "خۆی لە خۆیدا ژیانێکى تر نابێت، کە مرۆڤ نەتوانێت بوونی خۆی بپارێزێت، چونکە بۆ بوون بەرخودان و بەرەنگاری دەکەن. دونیا دەیبیستێت و پشتیوانیى لێدەکات. ئەوان ئەرکی مرۆیى خۆیان جێبەجێ دەکەن. هەڵوێستى دیموکراتیکى خۆیان دەخەنەڕوو. ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن و داواى دیموکراسی و ئازادی بۆ خۆیان دەکەن. ئەو گوشارەی سەر رێبەر ئاپۆ گوشارە لە دژی هەموان. گۆشەگیریى ئیمراڵی گۆشەگیرکردنی هەموانە و هەموو کەسیش ئەوە دەڵێت و ئەوەشیان بینی.
تەڤگەر و گەلەکەمان هەر لە سەرەتاوە ئەوە دەڵێن، ئەو سیستمە کە لەگەڵ شەڕی یەکەمی جیهانییەوە دروستبوو، عەقڵییەت و سیاسەتى پاکتاوکردن و سڕینەوەیە. رێبەر ئاپۆ دەستنیشانیکرد، کە ژیانێکى لەو جۆرە قبوڵ ناکرێت و ژیانێکى جیاوازی خوڵقاند. هەندێک لە چالاکوانانیش ئەوەیان وت و منیش بە دڵ و گیان بەشداری بۆچوونەکەیان دەبم. ئەو بەرخودانە ئێمەى هێنایەوە سەر هۆشی خۆمان و بووە بەرخودانکردنێک بۆ ئێمە".
بە دڵنیاییەوە فاشیزم لە بەرامبەر مرۆڤایەتى دا سەر نەوی دەکات
لەبارەى ژیانى ئازادەوە کاڵکان وتى، ژیانێکى ئەوەندە هێژایە کە دەبێت مرۆڤ بتوانێت لە پێناویدا بەختکردنی ژیانى خۆی لەبەرچاو بگرێت و بەو شێوەیە خاوەنداریى لێ بکات.
کاڵکان وتیشی "ئەگەر ئێوە ژیانێکتان هەبێت، پێویستە ئازاد بێت، ئەگەرنا خۆی لە خۆیدا لەناوچوونی بەدوادا دێت. ئەوە هێڵە. بەرخودان لەسەر ئەو بنەمایە بەڕێوەدەچێت. با کەس نەڵێت، کە گوایە دەتوانن کورد لەو بەرخودانە پاشگەز بکەنەوە. بەڕاستى ئێمە هێڵێکى باشمان خوڵقاند. ئەوە بووە هەوڵێک بۆ بە خۆداچوونەوە و سەرراستکردنەوە. ئێمە بەو بەرخودانانە ئەوەمان سەلماند، کە چۆن لە هەڵەکانى خۆمان هەڵگەڕێینەوە و بکەوینە سەر هێڵی بەرخودان. ئەوە بەرخودانە ئاشکرای کرد کە دەبێت ژیانی ئازاد چۆن بێت. لەبەر ئەوەش ئەو بەرخودانە تاوەکو سەرکەوتن بەردەوامیى دەبێت. تاوەکو تێکشکاندنى فاشیزم بەردەوامیى دەبێت. خۆی لە خۆیدا فاشیزم وەک بێشکەیەک دەهەژێت و دەلەرزێت و بە دڵنیاییەوە تێکدەشکێت. هەر چۆن ئێستا فاشیستەکانى داعش سەر نەوی دەکەن، چۆن لە کەسایەتیى داعش دا فاشیزم سەر دەچەمێنێت، ئەوا بەو شێوەیەش هەموو فاشیستەکان لە بەرامبەر مرۆڤایەتی دا، لە بەرامبەر ئازادی دا سەر دەچەمێنن و جگە لەوەش هیچ چارەیەکى تر لە گۆڕێ نییە".
دوران کاڵکان رایگەیاند، بەرخودانی مانگرتن هێڵێکى لەو جۆرەی خوڵقاند و راشیگەیاند "کاریگەری لەسەر هەموو کەسێک دروست دەکات. لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و لە هەموو دونیادا مرۆڤایەتیى رادەکێشتە سەر هێڵی راست. راستی دەخاتەڕوو و ئەوە ئاشکرا دەکات، کە پێوەرەکانى مرۆڤبوون، کەرامەت و شکۆ و ئازادی و دیموکراسی چین. جگە لەوە ژیانێکى ئازاد، دیموکراتیک و هەبوون بوونی نییە. ئێمە ئەوەمان باش بینی، باش لێى تێگەیشتین و چالاکوانەکانیش ئەوەیان زۆر بە جوانى خستەڕوو و باسیان لێکرد. هەموومانیان پەروەردە کرد. لەبەر ئەوەش ئێمە سپاسی هەموو چالاکوانەکان دەکەین. ئێمە بڕیارماندا کە بە بەرخودانێکى لەو جۆرە ئەنجام بەدەست بهێنین. باجەکەى چی دەبێت با ببێت، بەڵام تاوەکو دوا هەناسە بەرخودان درێژەى پێدەدرێت و بە دڵنیاییەوە سەردەکەوێت".
شێت و هار بوون
کاڵکان ئەندامى کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لە بەردەوامیى وتەکانیدا شیکاریى بۆ هەڕەشە و هێرشەکانى رژێمى ئاکەپە – مەهەپە بۆ سەر کوردان و هەدەپە کرد و سەرنجی خستە سەر لێدوانەکانى ئەردۆغان و بەرپرسانى ئاکەپە، کە لە گۆڕەپانی کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا دوژمنایەتیى کورد دەکەن و وتى "هەر وەک ئەوەى هاربووبن دەجوڵێنەوە و دەڵێن 'ئێمە دەریان دەکەین'، دەڵێن 'ئێمە حیزب دادەخەین'. دەڵێن 'با بچن بۆ فڵان شوێن' و هەموو جۆرە سوکایەتییەک دەکەن. هەموو کەس بە تیرۆریستبوون تاوانبار دەکەن. دەڵێن 'مافی ژیانیان نییە'. من پێشتریش وتبوم 'تۆ بوویت بە چی؟ تۆ بوویت بە نرۆن، بوویت بە فیرعەون، بوویت بە نەمرود!' باشە لەم دونیایەدا تەنها تۆ هەیت، لە بەرامبەر بوونی تۆدا هەموو کەس بچووکە، مێرولەیە؟ مرۆڤ دەبێت هەندێک بە حورمەتەوە بجوڵێتەوە. هەموو کەس تاوانبار دەکات، هەموان بە یەکەوە دەبەستێتەوە. بە پینسیلڤانیا دەڵێت، ترسناک. بە قەندیل دەڵێت، ترسناک. خۆی بۆ خۆی شتى ترسناکى دروستکردووە. باشە تۆ چیت؟ تا دوێنێ بوو تۆ ئەو هەموو پەیامەت بۆ قەندیل دەنارد. ئەوەى لە تەنیشت پینسیلڤانیا دادەنیشت تۆ بوویت. تۆ بە فەتحوڵا گیولەنەوە دروست بوویت، تۆ کێ فریو دەدەێت؟ بە دیماگۆکی و هەڵخەڵتاندنێکى بەو رادە زۆرەش راستییەکان ناشاردرێنەوە. هەموو چاپەمەنی و میدیاکانى خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی، هەموانى بێدەنگ کردووە تاوەکو بە هەموو شێوەیەک درۆ بکات".
کێ کێ دەردەکات؛ رۆژێک یەکێک هەڵدەسێت و بە تەیب ئەردۆغان دەڵێت 'ئادەى هەستە بڕۆ بۆ جۆرجیا'
کاڵکان ئاماژەى بەو لێدوانەى ئەردۆغان کرد، کە بە دەرکردن هەڕەشەى لە گەلی کورد دەکرد و وتى "ئەگەر بابەتەکە بێتە سەر دەرکردن، ئەو کاتە ئەوەى زۆرترین زیان دەکات تەیب ئەردۆغان و هاوبەشەکانین. دەبێت خۆیان ئەوە بزانن. تۆ کێ لە کوێ دەردەکەیت؟ هەندێک هەڵدەستن و بە تەیب ئەردۆغان دەڵێن 'ئادەی هەستە بڕۆ بۆ جۆرجیا'. با هەڵە نەکەن، با شتی مەترسیدار نەکەن. چونکە ملی هاوبەشەکانیان دەگرن و دەڵێن 'خۆی لە خۆیدا جۆرجین' و دواى ئەوەش لەسەر پشتى گورگ سواریان دەکەن و دەڵێن 'ئادەى هەستە بڕۆ بۆ ئاسیاى ناوەڕاست'. لە دەورووبەرەوە هاتوون، بەڵام هەڵدەستن خاوەن ماڵ دەردەکەن، شتى وا نابێت".
کاڵکان پرسیاری کرد و وتى "تۆ لە کەیەکەوە بوویت بە خاوەنی ئەم وڵاتە، کە مرۆڤەکانى دەردەکەیت؟ و وتى، راستییەکانى مێژوو چی بن، ئەو راستییانە وەک خۆیان دەمێننەوە. ئێمە دەڵێین، ژیانێکى یەکسان، ئازاد، دیموکراتیک و برایانە دەئافرێنین. کارە راست و دروستەکە ئەوەیە. بەڵام ئەگەر بەو زمانە قسە بکەن و بجوڵێنەوە، ئەوا ئەو کاتە ئەوانەى زۆترین زیانیان پێدەگات، ئێوە دەبن. دەبێت هەندێک راست و دروست بجوڵێنەوە، چونکە بە پێچەوانەکردنەوە و هەڵگەڕاندنەوەى راستییەکان کەس ناتوانێت دەنگ بەدەست بهێنێت".
هەڵبژاردنى ٣١ی ئادار بەشێکى بنەڕەتیی تێکۆشانی دژ بە فاشیزمە
کاڵکان لەبارەى هەڕەشەکان بۆ داخستنى هەدەپە لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە وتى "بزووتنەوە و حیزبێک کە تەیب ئەردۆغان سیاسەتى تیادا دەکرد، بزووتنەوەیەکە کە زۆرترین داخستنى رووبەڕوو کراوەتەوە. لەو کاتەدا گلەیى و گازندەیان لە داخستنى حیزبەکان دەکرد. لەبەر ئەوەش لە ناو ئەو بزووتنەوەیە هاتنەدەرەوە و ئاکەپەیان دامەزراند و وتیان 'ئێمە حیزبەکان داناخەین'، بەڵام ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٩ / ٢٠ی سەرماوەز پارتى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (دەتەپە)یان داخست. وەرسوڕان بۆ بزووتنەوەیەک کە حیزبەکان دابخەن. کاتێک لە دژیان (لە دژی ئاکەپە) سکاڵاى داخستنى حیزب تۆمار کرا، دادگای باڵاى دەستووری بە دەنگێک کاریگەریى لەسەر بڕیارەکە دروستکرد و رێگریکرد لە داخستنى حیزبەکەیان. ئێستا ئەوان بۆ خۆیان هەڵدەستن دەڵێن 'ئێمە حیزب دادەخەین'. وایان لێهاتووە، بۆ مانەوەى ئەردۆغان لەسەر دەسەڵات داخستنی هەموو شتێک بە رەوا دەزانن. باشە مرۆڤ دەتوانێت ئەوە قبوڵ بکات؟ لە کەشێکى لەو جۆرەدا هەڵبژاردن دەبێت؟ کێ دەتوانێت بڵێت کە لەو هەلومەرجەدا هەڵبژاردنێکى یەکسان بەڕێوەدەچێت؟ کەس ناتوانێت ئەوە بڵێت. لەبەر ئەوەش ئەوەى هەیە هەڵبژاردن نییە، بەڵکو تێکۆشانە لە دژی فاشیزم. هەڵبژاردنى ٣١ی ئادار بەشێکى بنەڕەتییە لە تێکۆشانی دژ بە فاشیزم. هەڵبژاردن لە هەموو شوێن و ئاستێکدا تێکۆشانە بۆ تێکشکاندنى فاشیزم. دەبێت هەموو کەس بەو شێوەیە سەیری بابەتەکە بکات. ئەوەش ئاست و گۆڕەپانێکى تێکۆشانە. هەر وەک رێبازەکانى تری تێکۆشان، پێویستە هەڵبژاردنیش بەو شێوەیە بەکار بهێنرێت".
دەزانن تێکدەشکێن، بۆیە هار بوون
کاڵکان سەرنجی راکێشایە سەر هێرشەکانى پۆلیس و سەربازانی رژێمى ئاکەپە – مەهەپە و وتى "هاوپەیمانیى ئاکەپە – مەهەپە سەرباری ئەوەى ئەو هەموو گوشار و تیرۆرە ئەنجامى دەدەن و تواناکانى دەوڵەتە بەکار دەهێنن، بەڵام ناتوانن ئەو لاوازبوونەوەى کە تووشیان بووە بشارنەوە. بە دڵنیاییەوە لە هەڵبژاردندا تێکدەشکێن، چونکە خۆی لە خۆیدا دۆڕاون. بۆ ئەوەى پێش لەوە بگرن بە شێوەیەکى تر دەجوڵێنەوە. هێرشی سەربازی ئەنجام دەدەن، هەڕەشەی ئەوە دەکەن، کە ئۆپەراسیۆنى سەربازی ئەنجام دەدەن. ئیتر لەوە زیاتر دەیەوێت چی بکات؟ سوپا و پۆلیس بە بەردەوامى هێرش دەکەن. لە چیا هێرش ئەنجام دەدەن، لە شارەکان هێرش ئەنجام دەدەن، کەسەکان زیندانى دەکەن، پێشێلکاری ئەنجام دەدەن و ئەشکەنجە دەکەن. هەموو شتێک ئەنجام دەدەن. هیچ شتێک نەماوە کە فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە ئەنجامى نەدات. دیکتاتۆریى فاشیستی ١٢ی ئەیلول و ئەو بەڕێوەبەرییانەى سەر بەو فاشیزمە کە دروستبوون بەو شێوەیە نەبوون. بە ئەندازەی دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە زوڵمیان نەکرد. جا ئێستا چاوەڕێ دەکەن بەو شێوەیە سەربکەون. بەڵام دیسانەوە ئەوەش دەبینن، کە هەر تێکدەشکێن. لەبەر ئەوەى تێکشاندنیان ئاشکرا بووە، هار بوون. تاوەکو تێکشکاندنیان زیاتر ئاشکرا ببێت زیاتر هار دەبن. ئەگەری ئەوە هەیە دەست بەکاری تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانەى جیاجیا بکەن. پێویستە هەموو کەسێک ئامادە بێت. دەبێت تێکۆشان ئەنجام بدرێت و نابێت کەس بە گومانی ئەوەى 'کاری تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانە ئەنجام دەدەن' خۆی لە تێکۆشان بکشێنێتەوە. پێویستە هێزە دیموکراتیکەکان، هێزە وڵاتپارێزەکان، هێزە شۆڕشگێڕەکان لە تێکۆشاندا بن. دەبێت تێکۆشان لە دژی فاشیزم لە هەموو ئاست و گۆڕەپانێکدا بەڕێوەبچێت. دەبێت ٣١ی ئادار بکرێتە ئاهەنگی سەرکەوتنى گەورەى دیموکراسی".
بەشی دووەم
ر.م