کۆڵبەرێک لە سەرمادا رەقبویەوە

دوێنێ شەممە ١ی شوبات / ١٢ی رێبەندان کۆڵبەرێک لە بەرزاییەکانى گوندی میشیاو لە سەرشیوی سەقز لە سەرمادا رەقبوویەوە.

ئەو کۆڵبەرە ناوی عوسمان فتوحییە و تەمەنى ٥٥ ساڵە و خەڵکی گوندی میشیاو و دانیشتونى تازاواى سەقزە و لەگەڵ ٢٣ کۆڵبەری تردا لە بەرەبەیانى دوێنێ شەممەدا لە بەفر و کڕیوەى بەرزاییەکانى گوندی میشیاودا ون بوو بوون.

کامیل کەریمیان قائمیقامی سەقز لەوبارەیەوە رایگەیاند، بەرەبەیانى شەممە ٢٣ کۆڵبەر، کە لە ٣ دەستەدا بوون لە ناوچەکە ون بوون و سەرەتا لەلایەن خەڵک و تیمەکانى فریاکەوتنەوە ١٥ کەس لە کۆڵبەرەکان لە سەرما و کڕێوەى ناوچەکە رزگارکران و گواسترانەوە بۆ گوندی مام سفیدین.

راشیگەیاند، ٢ کەس لەو گروپە ١٥ کەسییە تاوەکو ئێستا نەدۆزراونەتەوە و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە.

بە وتەى کەریمیان، دواى گواستنەوەى ئەو ١٥ کەسە دەرکەوتووە گروپێکى تر لە کۆڵبەرەکان کە ٦ کەس بوون لە کڕێوە و بەفری ناوچەکەدا گیریان خواردووە و لەبەر ئەوەش تیمەکانى فریاکەوتن و خەڵک چوونەتەوە بۆ ناوچەکە بۆ دۆزینەوەى ئەو کۆڵبەرانە.

لە دواى چەندین کاتژمێر لە گەڕان بە دواى ئەو کۆڵبەرانەدا ٥ کەسیان دۆزراونەتەوە، بەڵام کەسێکى تریان بەهۆی سەرماوە رەقبووبووە و بەهۆی کڕێوە و سەرماى زۆر و سەختیى رێگەکە و تاریکبوونى هەواوە نەتوانراوە تەرمەکەى لەو بەرزاییانە بهێننە خوارەوە.

چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ تەرمی ئەو کۆڵبەرە لەو بەرزایانە بهێنرێتە خوارەوە.

ژ.ت