کەجەکە: ئێمە بە یەکێتیی نەتەوەی هێرشەکان تێکدەشکێنین!

کەجەکە رایگەیاند، پەدەکە بووەتە بەشێک لە سیاسەتەکانی قڕکردن و سڕینەوەى دەوڵەتی تورک و داوای لە پەدەکە کرد، بە هیچ شێوەیەک نەبێتە هاوبەشی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک. داواشی لە گەلی کورد کرد، کە بە یەکێتیی نەتەوەیی هێرشەکان تێکبشکێنن.

لە راگەیاندراوەکەى هاوسەرۆکایەتیی دەستەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (KCK)دا هاتووە:

"دەوڵەتی تورکی فاشیستی داگیرکەری قڕکەر، لە هەر شوێنێک دەستکەوتەکانی کوردان و دیموکراسی و ئازادی هەبێت هێرش دەکاتە سەر ئەو شوێنە. دوژمنایەتی بەرامبەر بە هەموو کوردان دەکات و لە زەوی و ئاسمانەوە هێرش دەکاتە سەر رۆژئاوا، شەنگال، مەخمور، هەمرێمەکانی پاراستنی مەدیا و باشووری کوردستان. دەوڵەتی تورک بۆ داگیرکەری هێرش دەکاتە سەر رۆژئاوا و لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و باشووری کوردستانیشدا بە ئامانجی داگیرکەری هێرش ئەنجام دەدات. لە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ەوە هێرشی ئاسمانیی کردە سەر شەنگال و مەخموور و لە حەفتانینیش دەستی بە ئۆپراسیۆنی داگیرکەری کرد. پلانی ئەوەى دانابوو، کە دواى هێرشی داگیرکەری بۆ سەر حەفتانین هێرش بکاتە سەر مەتینا، زاپ و ئاڤاشین، بەڵام بە بەرخودانی مێژوویی لە حەفتانین دا لەو شوێنانەدا چەقیون و گیریان خواردووە، کە تیادان. لە رێگەی هێرشەکانەوە دەیانەوێت حەفتانین تاوەکو خنێرە، هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و ناوچە چیاییە ستراتیژییەکانی باشووری کوردستان داگیر بکەن. دوای ئەوەى ئەو ئامانجەی خۆی پێکهێنا و شوێنپێی خۆی لەو شوێنانەدا قایم کرد، ئەوا دەست بە جێبەجێکردنی پلانەکەی خۆیان بۆ داگیرکردن و لکاندنی باشووری کوردستان بە خۆیانەوە دەکەن. دەوڵەتی تورکی داگیرکەری قڕکەر، دواى ئەوەى دەستی بەسەر باشوور و رۆژئاوای کوردستاندا گرت و لکاندنیانی بە خۆییەوە، ئیدی لەمپەر و رێگریی بەردەم خەونی نیو عوسمانییان بۆ خۆفراوانکردنیان بە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نامێنێت.  

پەدەکە بە لێدوان و راگەیاندنەکانی رەوایی بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەدات

پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دواى دەستپێکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، پەکەکە و گەریلا بە هۆکاری ئەو هێرشانە نیشان دەدات. دەوڵەتی تورک لە ژێر ناوی شەڕ لە دژی تیرۆریزم لە هەموو شوێنێکدا هێرش دەکاتە سەر تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد. پەدەکەش بەو لێدوان و راگەیاندراوانە رەوایی بە هێرشەکان دەدات و هێرشەکان بە ئاسایی نیشان دەدات. هێرش بۆ سەر گەلی مەزڵومی شەنگال، کە ساڵی ٢٠١٤ بووە ئامانجی قڕکردن و هێرشی داعش و هێرش بۆ سەر گەلی مەخمور کە لەلایەن قڕکەران و داگیرکەرانەوە لەسەر شوێن و حاڵ و ماڵی خۆیان هەڵکەندراون، بە هەمان ئەو پاساوانە رەوا دەکات و رەوایی پێدەدات. بە تایبەتی دوای ئەوەى دەوڵەتی تورک دەستی بە هێرشکردنە سەر حەفتانین کرد، ئەو لێدوان و وتانەى خۆیان لە هەموو شونێک زۆر بە زیادەوە و زیاتر لە هەموو کاتێک دەڵێنەوە. دوای دەستپێکردنی هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر حەفتانین، یەکەمجار دەستی بە پڕوپاگەندەی ئەوە کرد، کە هاووڵاتییانی گوندەکان بەهۆی ئەو هێرشانەوە زیانیان پێدەگات و دواى ئەو پڕوپاگەندەیەش وتی، دەوڵەتی تورک ئەو هێرشانە بە پاساوی بوونی گەریلاکان ئەنجام دەدات.

دوای هێرش بۆ سەر حەفتانین، لیژنەیەک لە پەرلەمانی باشووری کوردستان دروستکرا و ناردنیان بۆ ئەو شوێنانە هێرشیان کراوەتەسەر. ئەو لیژنەیە دواى ئەوەى لە ناوچەکە گەڕانەوە راپۆرتێکی وایان ئامادە کردبوو، کە تیادا دەڵێت 'لەبەر ئەوەى گەریلا لەوێن، دەوڵەتى تورک هێرش دەکات، لەبەر ئەوە گوندییەکان زیانیان پێدەگات'. بە شێوەیە خواستیان رەوایی بە هێرشەکانى دەوڵەتی تورک بدەن. بە پێداگری و بە بڕیارەوە دوژمنایەتیی دەوڵەتی تورک بەرامبەر کورد و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی دەستکەوتەکانی کوردان لە هەموو شوێنێکدا نیشان نادەن. بە نزیکایەتیی وەک 'هەبوونی گەریلا لەو ناوچانەدا پێگەکەمان دەخاتە مەترسییەوە' بناغەیەکى سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ شەڕێک لە نێوان کورداندا ئامادە دەکەن. بەو شێوەیە و بەو جۆرە نزیکایەتییە بە گەریلا دەڵێن، دەست لە بەرخودانەکەتان لە دژی کۆماری تورکیا هەڵگرن، ئەگەرنا ئێمەش شەڕتان لە دژ دەکەین. لەگەڵ ئەو نزیکایەتییە، هەوڵ دەدەن ئەوە بسەپێنن، کە هێزەکانی پێشمەرگە لەو شوێنانە جێگیر بکەن، کە شوێنی بەرخودانی گەریلایە و بەو شێوەیە رێگری لە بەرخودانی گەریلا لە دژی دەوڵەتی تورک بکەن.

لە ١١ی ئاب دا لە خنێرە هەوڵێکی لەو شێوەیەیان دا. یەکەیەکی پاسەوانی سنوری عێراقیان دایە پێش خۆیان و بەو شێوەیە خواستیان ئەو شوێنانەى بۆ گەریلا ستراتیژیکن، دەستی بەسەردا بگرن. گەریلا ئەو سەپاندن و ئەو هەوڵەى قبوڵ نەکرد. لەو کاتەدا دەوڵەتی تورک لە خنێرە بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوانی هێرشبەر یەکەکەى پاسەوانی سنووری عێراقی بۆردومانکرد و دوو فەرماندەی ئەو یەکەیەى پاسەوانی سنووری عێراق و فەرماندەیەکی گەریلا بە ناوی عەگید گارزان شەهید کرد. دواى ئەو هێرشە دەوڵەتی تورک و پەدەکە جارێکیتر گەریلا کە ٤٠ ساڵە لەو ناوچەیەدایە، کرد بە پاساو. لە بریی ئەوەى بە دەوڵەتی تورک بڵێن، کێشەى کورد لە رێگەى دیموکراسییەوە چارەسەر دەکرێت، دەست لە زۆرداری و سیاسەتی سەرکوتکردن بە چەک هەڵگرە، بەڵام راگەیاندراو و لێدوانی وایان دا، کە وەک ئەوەیە هێرش لە دژی پەکەکە مافی کۆماری تورکیایە.

کۆماری تورکیا هێرش دەکات و پەدەکەش، پەکەکە وەک پاساو نیشان دەدات

دواى ئەوەى کۆماری تورکیا دەست بە هێرش دەکات، پەدەکە بە پێداگرییەوە پەکەکە بە هۆکاری هێرشەکان نیشان دەدات، ئەوەش نیشانەى ئەوەیە، کە ئەوان لە نێوان خۆیاندا ئەرک و کاریان دابەشکردووە. ئەوە روون و ئاشکرابووە، کە کۆماری تورکیا هێرش دەکات و پەدەکەش، پەکەکە وەک پاساو نیشان دەدات و بەو شێوەیە بناغەیەک بۆ دەرکردنی پەکەکە لەو ناوچانە ئامادە دەکەن، لە دوایی دواییشدا هەوڵ دەدەن لە رێگەى هێرشەکانەوە ئەوە ئەنجام بدەن. بۆ ئەوە پشتیوانی لەو پلانە چەپەڵە بکات لەمدواییانەدا هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی زیاتر کردووە. بۆیە گەلی کورد ئەو لێدوان و راگەیانداراوانەی پەدەکە بە دابەشکردنی ئەرک لە نێوانیاندا لێکدەدەنەوە.

هێرشەکان بۆ سەر خواکورک، حەفتانین و خنێرە ئەوە نیشان دەدن، کە پەدەکە بووەتە هێزێک کە هێرشە پاکتاوکارییەکانی کۆماری تورکیا بۆسەر پەکەکە بە رەوا دەزانێت و رەوای دەکات و بووەتە بەشێک لەو کارە. کاتێک پێشمەرگە لە زینی وەرتێ جێگیرکرا، ئێمە رامانگەیاند، ئەو هەوڵ و کارانە هەنگاوێکە بۆ گەمارۆدانی گەریلا و سیاسەتی پاکتاوکردنی پەکەکەیە، بۆیە ئێمە داوامان لە گەل و رای گشتیی کور کرد، کە لەو بابەتەدا هۆشیار بن. ئەو رووداوانەى کە دواتر روویاندا بە شێوەیەکی روون ئەوەیان ئاشکرا کرد، کە دەوڵەتی تورک پلانی پاکتاوکردنی پەکەکەی پێشکەش بە پەدەکە کردووە و پەدەکەش بووەتە هاوبەشی ئەو پلانە. ئەوە روونە لە چوارچێوەی ئەو پلانەدایە، کە هێرشەکان و پلانەکە رەوا دەکات و رەوایی پێدەدات، دەیانەوێت عێراقیش لەو پلانە پاکتاوکارییەدا بەشداری پێ بکەن.

لە کاتێکدا دەوڵەتی تورک هێرشەکانی زیاتر و چڕتر کردووە و دەیەوێت ناوچەیەکى دەیان کیلۆمەتری لەسەرتاسەری سنوور داگیر بکات، داوای پەدەکە بۆ خۆجێگیرکردنی لەو ناوچانەدا بە مانای گەمارۆدانی گەریلایە و پەیوەندیی بەو پلانە پاکتاوکارییەوە هەیە. ئەو داوایانەى کە پەدەکە لە عێراقی دەکات، بۆ شاردنەوەى ئەو پلانە پاکتاوکارییە، کە دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت ئەنجامی بدات. هەروەها هەوڵ دەدەن هێزەکانی گەریلا و هێزەکانی عێراق رووبەڕووی یەکتر بکاتەوە. ئەو داوایەی لە دەوڵەتی عێراقی دەکەن بۆ ئەوە نییە بەرەنگاری دەوڵەتی تورک ببنەوە، بەڵام خۆی دەبێت بۆ ئەو ئامانجە داوا لە عێراق بکەن، کە یەکەم کاری ئەو داوایە بۆ کۆتایهێنان بە داگیرکەریی دەڵەتی تورک بێت.

دەوڵەتی تورک لە رێگەی جیاجیاوە ئەوەی نیشان داوە، کە ئەو خۆی دوژمنی پێگە و دەستکەوتی هەموو کوردستانە. ئەوەى وتی؛ ئێمە ئەو هەڵەیەی لە باکووری عێراق کردەمان لە باکووری سوریا نایکەینەوە، ئەو دەسەڵات و ئەو دەوڵەتە بوو. ئەو هەڵەیەی کە کردوویانە دەیانەوێت لە یەکەم دەرفەت دا لەناوی ببەن. یان دەڵێن؛ لۆزان ژێرکەوتنە، موسڵ و کەرکوکیان لە دەستمان دەرهێنا، ئەوەیە دوژمنی سەرەکیی پێگەى باشووری کوردستانە. هەموو دونیا ئەوەى قبوڵە، کە دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەى کورد لە رۆژئاوا نەبن بە خاوەنی پێگەی خۆیان داگیرکەری ئەنجام دەدات. ئەوەى بە وتنی 'ئێمە رێگا نادەین لەسەر سنوورەکانماندا دەوڵەتی کورد و کریدۆر و رێڕەوی کورد دروست بکرێت' هێرشی داگیرکەری دەکاتە سەر رۆژئاوا و ئەوەى کە هێرش دەکاتە سەر باشووری کوردستان هەر هەمان ئەو هێز و دەوڵەتەیە. سەرباری ئەو هەڵوێستەی دوای ریفراندۆمی ٢٠١٧ نیشاندرا هێشتا ئەوەیان بۆ روونەبووەتەوە، کە کێ دوژمنی پێگەى کوردە، ئەوە بەمانای ئەوەیە هیچ نەبووە و هیچ شتێک نابینین و هەست بە هیچ ناکەن. بە قسەى 'پەکەکە پاساوە بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک' ئەستەمە راستییەکان هەڵبگەڕێنەوە و بشاردرێنەوە.

هەڵوێستی پەکەکە روونە

هەڵوێستی پەکەکە هەموو کاتێک روون بووە. کوردان زۆر جار بینیویانە فیدایترین هێزی پاراستنی دەستکەوتەکانی کوردان و پێگە بە دەستهاتووەکان گەریلایە. داعش کاتێک هێرشی کرد، گەریلا دەروازەکانی هەولێریان پاراست. مەسعود بارزانی سەرۆکی گشتیی پەدەکە سوپاسی ئەو هەڵوێستەى گەریلای کرد و بە وتنی ئەوەى، تورکیا هاوکاریی نەکردین، خۆی ئەوەی خستەڕوو کە کێ دژی پێگەیە؟ لەو قۆناغەدا هێزی سەرەکیی پاراستنی پێگە گەریلا بوو. دەزانرێت کاتێک داعش هێرشی کردە سەر کەرکوک ئەوەى سەرەتا بەهانایەوە رۆیشت گەریلا بوو. هەموو دونیا ئەوە دەزانێت، کە کێ ئێزدییەکانی لە قڕکردن رزگار کرد. لە دوایین جاردا و لە ٢٠١٧شدا لە کەرکوک ئەوەى هاتەوە پێشەوە دیسانەوە گەریلا بوو. لەبەر ئەوە هیچ کەس ناتوانێت بڵێت، گەریلا مەترسییە بۆ سەر پێگەکەمان. هیچ کەسێک ناتوانێت دەوڵەتی تورک کە هەڕەشە لە پێگە و دەستکەوتەکانی کوردان دەکات و هێزی پێشەنگی دوژمنایەتیکردنی کوردانە ئەو پاساوە نابەجێیانەی بۆ بهێنێتەوە.   

پەدەکە بە قسە و سیاسەتەکانی خۆی خستووەتە ناو پیلانگێڕییەکانی دەوڵەتی تورک

بۆ گەلی کوردی وڵاتپارێز و رای گشتیی کوردی دیموکراتیک؛

دەوڵەتی تورک بە داگیرکردنی رۆژئاوا و باشووری کوردستان و لکاندنیان بە خاکی خۆیەوە، دەیەوێت هەموو کوردان بەشداری سیستمی قڕکردنی کوردان بکات. بەو شێوەیە نەک تەنها باکووری کوردستان، هەموو پارچەکانی کوردستان دەکاتە گۆڕەپانی خۆفراوانکردن و خۆبڵاوەپێکردنی نەتەوەبوونی تورک. بەڵام حیزبێکی کوردی وەک پەدەکە ئەو راستییە نابینێت و دەبێتە بەشێک لە سیاسەتە پاکتاوکارییەکانی دەوڵەتی تورک. دەوڵەتی تورک وەک هەموو کاتێک بۆ ئەوەى بە ئامانجەکەى خۆی بگات، دەیەوێت کوردان بە گژی یەکتردا بکات و بیاندات بە شەڕدا. پەدەکەش بە قسە و سیاسەتەکانی خۆی چووەتە ناو پیلانگێڕییەکانی دەوڵەتی تورکەوە.

ئێمە هەرگیز و هیچ کاتێک شەڕی ناوخۆیی کوردانمان ناوێت. زینی وەرتێ گەیشتە ئاستێکی لەو جۆرە، کە بە مانای گەمارۆدانی گەریلا بوو، سەرباری ئەوەى لەوێ ٣ فیدایی کورد بە هێرشی ئاسمانیی دەوڵەتی تورک شەهید بوون، بەڵام ئێمە هەر بە سەبرەوە نزیکبووینەوە و ئێمە خۆمان لە بەریەکەوتن دوورخستەوە. بەڵام لە دۆخێکی وەهادا، کە دەوڵەتی تورک لە دژی گەلەکەمان شەڕی قڕکردن و سڕینەوە دەکات و هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی گەریلا، پەدەکە هەر هێشتا بەسەر ئێمەدا دێت. بەسەر گەریلادا ئەوە دەسەپێنێت و دەڵێت 'یان ئەوەتا ئێوە خۆتان رادەست بکەن و لە دژی کۆماری تورکیا شەڕ نەکەن، یان ئێمەش بە هێزە سەربازییەکانمانەوە دێینە ناو ناوچەکانی ئێوە. ئێمە بە نزیکایەتی نەرم و بە چاوپێکەوتن خواستمان بەرەنگاری ئەو دۆخە ببینەوە، کە تیایدا مافدارین. بەڵام دوای هێرشەکانی دەوڵەتی تورک هەڵوێستی پەدەکە سەرباری هەموو ئەو نزیکایەتییە بونیاتنەرانەیەی ئێمە، هەڵوێستێک و وەڵامدانەویەکى نەشیاوە.

ئێمە لە دژی مەترسییەکان یەکێتیی نەتەوەی گەش دەکەین

ئێمە داوا لە هەموو گەلی کورد و وڵاتپارێزان دەکەین، کە لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک پشت و پەنای گەریلا بن. چونکا دوژمنایەتی و هێرش بۆ سەر پەکەکە دوژمنایەتی و هێرشە بۆ سەر هەموو کوردان. ئێمە داوا لە پەدەکەش دەکەین، کە بۆ بەرژەوەندیی بەرتەسکی رۆژانەی حیزبی بەشێوەیەک، کە داهاتووی گەلی کورد بخاتە مەترسییەوە، بە هیچ شێوەیەک نەبێتە هاوکار و پشتیوانی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، بە بەشداربوون لە ناو خەباتی یەکێتیی کورد، بە هەوڵدان بۆ پاراستنی هەموو دەستکەوتەکانی کورد و ئەو پێگەیەی بە دەستهاتوە، بە ئەرک و رۆڵی خۆی هەستێت.

شەڕی جیهانیی سێیەم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرباری ئەوەى بۆ ژیانی ئازاد و دیموکراتیکی گەلی کورد دەرفەت و رەخساندنی دۆخە، بەڵام هاوکات مەترسیشە. ئێمە داوا لە هەموو گەلە وڵاتپارێزەکەمان، هێزە سیاسییەکان، رۆشنبیران و هونەرمەندان دەکەین، کە بە پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەی مەترسییەکان بێکاریگەر بکەن و دەفەرت و تواناکانیش لە هەموو پارچەکانی کوردستان بۆ ژیانی ئازاد و دیموکراتیک بخرێنەگەڕ و بونیات بنرێن و تێکۆشان گەش بکەن".

ژ.ت