کەجەکە: ئەنجامى هەڵبژاردنەکان ڕەوا نییە

هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە لەبارەى ئەنجامى هەڵبژاردنەکانى ٢٤ى حوزەیرانى تورکیاوە رایگەیاند 'سەرکەوتنى' ئەردۆغان و بەرەى فاشیست رەوا نییە.

هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) راگەیاندراوێکى لەبارەى هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕى تورکیاوە بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى کەجەکەدا هاتووە، هاوپەیمانیى فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپە بە ساختەکاری دەستیان گرتووە بە سەر سەرۆکایەتیى کۆمار و زۆرینەى پەرلەمانیان بەهۆى ساختەکارییەکانیانەوە بە دەستهێناوە.

کەجەکە رایگەیاندووە "ئەوە سەرکەوتن، یان بەهێزبوون نییە" و راشیگەیاند، هاوپەیمانیى فاشیست بە هۆى بەکارهێنانى ئیمکانیەت و تواناکان و گوشارەکانى دەوڵەتەوە لە دەسەڵاتدا ماوەتەوە.

کەجەکە ئەوەشى راگەیاندووە، سەردەمێکى نوێ لە گوشار و زۆرداری لە دژى ئەو هێزە دیموکراسیخوازانە دەستپێدەکات، کە بە دەورى هەدەپەدا کۆبوونەتەوە.

کەجەکە تێبەڕاندنى بەربەستى هەڵبژاردنى پەرلەمانیش لە هەدەپە پیرۆز کرد.