کەجەکە: دەبێت یەکێتى لەسەر هێڵەکەى مام جەلال بێت

کەجەکە رایگەیاند، بارەگاکانى تەڤگەری ئازادی لە ژێر گوشاری دەوڵەتى تورک دا داخراون. راشیگەیاند "هۆکارەکانی دامەزراندنى یەکێتى و هێڵی سیاسیى مام جەلال ئەو رێگایەیە کە دەبێت یەکێتیى ئەمڕۆش لەسەری بێت". کەجەکە داواى لە یەکێتى کرد دەست لەو هەڵوێستەى هەڵگرێت.

هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، لە کاتێکدا کە لە هەموو کات زیاتر کوردانى پێویستیان بە یەکێتى و پەیوەندیى دیموکراتیک هەیە، لە باشووری کوردستان دەستبەسەرداگرتن و داخستنى بارەگاکانى تەڤگەری ئازادی بەشێوەیەکى بەدەر لە ئەخلاقی سیاسی و حقوقی روویدا، کە ئەوە لەلایەن گەلی کورد و سیاسەتمەدارەکانییەوە قبوڵ ناکرێت.

هاوسەرۆکایەتیى کەجەکە راشیگەیاند "هەڵوێستێکى لەو جۆرە بەرامبەر بە بزووتنەوەیەکى کورد، کە کاری دیموکراتیک دەکات، هەڵوێست و رەفتاری قڕکەرانە و پاکتاوکارانەى دوژمنانی کورد بە بیری مرۆڤدا دەهێنێتەوە. روون و ئاشکرایە ئەو بڕیارە لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە دەرکراوە. بڕیارەکە لەلایەن گەلەکەمانەوە قبوڵ ناکرێت".

لە دواى هەڕەشەى دەوڵەتى تورک بڕیاری داخستن دەرکرا

کەجەکە بۆ بیرخستنەوە نووسیویەتى، هەر چەند داخستنى بارەگاکانى تەڤگەری ئازادی بەناوی حکومەتى باشووری کوردستانەوە ئەنجام درابێت، بەڵام ئەو کارە لە هەرێمی ژێر  دەستى یەکێتیدا ئەنجامدراوە و هیچ پەیوەندییەکى بە حقوق و ماف و یاساکانەوە نییە.

لە راگەیاندراوەکەى کەجەکەدا ئەوەش هاتووە "ئەو بڕیارە هیچ پەیوەندییەکى بە حقوق و یاسا و مافەکانەوە نییە. تەنانەت هیچ پەیوەندییەکى بە سیاسەتى باشووری کوردستان و سیاسەتى عێراقیشەوە نییە. دەبێت هەموو کەس ئەوە بزانێت دەوڵەتی تورک هەڕەشەى لێکردن و بەڕێوەبەرانی پارتی دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) و یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان (یەنەکە) ئەو بڕیارەیان دەرکرد. ئەو نزیکایەتییە سیاسەتى کوردان بێ ئیرادە دەکات و دەیخاتە ژێر خواست و داواى هێزە دەرەکییەکانەوە. سیاسەتى کورد لە بریی ئەوەى یەکێتیى نەتەوەیى و هاوکاریى دیموکراتیک بە ناوی کوردەوە بکاتە بنەمای خۆی، لە بن گوشار و هەڕەشەى هێزەکانى دەرەوەدا سیاسەت دەکات. ئەوەش بووەتە کێماسی و کەموکوڕییەکى زۆر بەرچاو لە سیاسەتى کورد دا".

ئەو رێگایەى کە دەبێت یەکێتى لەسەر بڕوات هێڵی مام جەلالە

کەجەکە لە راگەیاندراوەکەیدا سەرنجی خستە سەر ئەم بابەتانە:

"لە سیاسەتى کورد دا، لە ژێر گوشاری هێزەکانى دەرەوەدا گوشار و زەخت بەرامبەر بە حیزب و بزووتنەوەکانى تری کوردستان بەڕێوەدەچێت. دەبیت کۆتایى بەو نزیکایەتییە بهێنرێت. تاوەکو سیاستى کورد ئەو کێماسی و کەموکوڕییە لە خۆی دوورنەخاتەوە، نە دەتوانێت خۆی بکات بە هێز و نە دەتوانێت دژی ئەو ئاستەنگییانە تێبکۆشێت، کە بۆی دێنە پێشەوە.

کاتێک سیاسەتى کورد پشتبەستوو بوو بە گەل و لەگەڵ هێزە دیموکراتیکە سیاسییەکانى کورد دا هێزى خۆی یەکخست، ئەو کاتە دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات. هەڵەیە بەرژەوەندیى نەتەوەیى و سیاسەتى درێژخان بۆ سیاسەتى رۆژانە بکرێنە قوربانی. هەموو کات ئەوەش بەسەر خاوەنەکەى خۆیدا شکاوەتەوە.

سەردانەواندن بەرامبەر گوشاری هێزەکانى دەرەوە و بەپێى گوشاری هێزەکانى دەرەوە،  گوشار و زەخت لە حیزبەکانى تری کورد دەکرێت، ئەوە پێش هەموو شتێک کارێکى وڵاتپارێزانە و نیشتمانپەروەرانە نییە. بۆیە ئەو کار و رەفتارە بەرامبەر بە تەڤگەری ئازادی جگە لە زیاتر تێکشکاندنی کەرامەت و شکۆ هیچ شتێکى تر بۆ یەکێتى بە دوای خۆیدا ناهێنێت. پێش هەموو شتێک دەبێت یەکێتى بگەڕێتەوە سەر ئەو هۆکار و بنەمایانە کە بوونی خۆی پێ رەوا دەکات. ئەو داوایە پێش هەموو شتێک لە پێناو خێر و بەرژەوەندیى یەکێتیدایە.

هۆکارەکانى دامەزراندنى یەکێتى و هێڵی سیاسیى مامە جەلال ئەو رێگایەیە، کە دەبێت یەکێتى ئەمڕۆ لەسەر رێ بکات. ئەگەر نایەوێت لە دژی هۆکارەکانى دامەزراندن و بوونی خۆی، لە دژی بەها و پەیوەندییەکانى خۆی بوەستێتەوە، ئەوا پێویستە ئەو رێگایە بگرێتە بەر. ئەگینا ئەو جیاوازییە فرە رەنگییە، کە لە مێژوویى خۆیدا ئافراندوێتى خۆی لەناویان دەبات. ئەوەش زۆرترین زیان بە یەکێتى دەگەیەنێت و دەکەوێتە دۆخێکەوە، کە بەپێى داوا و خواستى دەوڵەتى تورک بجوڵێتەوە، کە دەوڵەتى تورکی داگیرکەری پاکتاوکاری قڕکەر نەک تەنها دوژمنایەتیى کوردانى باکوور، بەڵکو دوژمنایەتیى هەموو کوردان دەکات. ئەوەش لە هۆکارە مێژووییەکانى دامەزراندنی خۆی و لە هەستیارییەکەى مام جەلال ناوەشێتەوە.  

زیانی بۆ هەموو کوردان دەبێت

ئەگەر یەکێتى سەر بۆ داواکانى دەوڵەتى تورک دابنەوێنێت، کە پێشەنگایەتیى دژومنایەتیى کوردان دەکات، ئەوا داواکانى سنووریان نابێت و بەمەوە ناوەستێت. دەوڵەتی تورک خاوەنى فاکتەری هەڕەشەلێکردن و چاوسوورکردنەوەیە و دەیەوێت کورد بکات بە گژی یەکتردا و بەوەش کورد لەسەر دەستى کورد لاواز بکات.

ئەوە باش دەزانرێت، کە دەوڵەتى تورک پێشتریش ئەو سیاسەتەى بەڕێوەدەبرد و ئێستاش بەڕێوەى دەبات. ئێمە دوژمنایەتیى دەوڵەتى تورک بەرامبەر بە کوردان لە باکوور، رۆژئاوا و باشوور بە روونی بینیوە. بۆیە کارێکى شیاو و شایستە نییە کە بۆ بەرژەوەندیى رۆژانە سەر لە بەرامبەر داوای هێزێکى دوژمنی کورددا دابنەوێنرێت. ئەوە نەک تەنها زیانی بۆ یەکێتى دەبێت، بەڵکو رێگا بۆ دەرەنجامی لەو جۆرە خۆش دەکات، کە زیان بە هەموو گەلی کورد بگەیەنێت.

ئەوەى کە دەبێت یەکێتى ئەنجامی بدات، ئەوەیە کە لە دژی هێرشەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر هێزەکانى تر و بەرامبەر بە حیزبە سیاسییەکانی کورد و دەستکەوتەکانى کورد، خاوەنی هەڵوێست بێت. ئەوەی یەکێتى بەهێز بکات و لەسەر پێ رایبگرێت، ئەو کارەیە.

لە کاتێکدا، کە دەبوایە یەکێتى لە بەرامبەر بڕیارەکەى ئەمریکا لە دژی ٣ پێشەنگی سیاسیى کورد هەڵوێستێکى روون و ئاشکرای هەبوایە، هاتووە لە دژی تەڤگەری ئازادی کەوتووەتە نزیکایەتییەکی چارەڕەشانەی لەو جۆرە.

هەموو دەزگا و دامەزراوە سیاسییە دیموکراتیکەکان، رووناکبیران و گەلەکەمان دەبێت لە دژی ئەو هەڵسوکەوت و رەفتارە بەرامبەر بە تەڤگەری ئازادی بوەستنەوە و راپەڕن.

ئێمە هەموو کات لەگەڵ دۆستایەتیکردن لەگەڵ یەکێتى دا بووین و هەموو کات خواستومانە یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، لە ناو یەکێتى و سیاسەتى کورد دا بێت.

بۆیە بە ناوی بزووتنەوەکەمانەوە بانگ لە یەکێتى دەکەین، کە دەست لەو هەڵوێستەى هەڵگرێت و پشت بە بنەما راستەقینەکانی هێزێک  ببەستێت، کە بەرزی دەکاتەوە بۆ سەر تەختەی مێژوو".

ر.م