فاتح یڵدز باڵێوزی تورکیا لە عێراق، بە پاساوی سەردانکردنی پاشماوەی سوتاویی شوێنەواری قەیسریی کەرکووک سەردانى ئەو شارەی کرد، بەڵام یڵدز لە سەردانەکەیدا و بە هەڵوێستى رەفتار و لێدوان و جۆری مامەڵەى پاسەوانەکانی پەیامی داگیرکەری و ئاژاوەگێڕیی بڵاوکردەوە.
یڵدز لە لێدوانێکیکدا بۆ ڕاگەیاندنەکان شوێنەوارە مێژووییەکانی شاری کەرکووکی بە موڵکی عوسمانی ناوزەد کرد.
باڵیۆزی تورکیا لە عێراق بەوەوە نەوەستا لە سەردانەکەیدا بۆ لای پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک، لە ناو بینای ئەنجوومەنی پارێزگاکەدا پاسەوانەکانی بە چەک و جلووبەرگی سەربازی و ئاڵای تورکیاوە و بە دوور لە هەموو ئەتەکێتێکی سیاسی وێنەیان لە پێش تابلۆ بینای پارێزگاکەدا گرت، لە وێنەکاندا پەیامێکی داگیرکەریى ڕوون دەبێنرێت.
راکان جبوری پارێزگاری بە وەکالەتى کەروکووک لەدوای سەردانەکەی باڵیۆزی تورکیا بۆ کەرکووک وتی "تورکیا نووسینگەیەک لە شاری کەرکووک دەکاتەوە"، بۆ پێدانی ڤیزای تورکیا بە هاووڵاتییانی کەرکووک.
ئەوەش لەکاتێکدایە لە جەژنی قوربان پێشوودا جاریکیتر یڵدز سەردانی کەرکووکی کردبوو و کەرکووکی بە شارێکی تورکمانی بەناو کردبوو، ئەوەش ناڕەزایەتیی زۆری لە ناو هاووڵاتییانی کەرکووک، بەشێک لە رۆشنبیران و میدیاکاندا لێکەوتەوە و ئەو قسەیەیان بە هەوڵێکی تێکدرانە و داگیرکردنی کەرکووک لێکدایەوە.
تورکیا هەر بەوە نەوستاوە، بەڵکو لە ماوەی ڕابردوودا هێزیکی چەکداری بۆ تورکمانەکانی کەرکووک دروستکردووە و تەواوی ئەو هێزە لە تورکیا راهێنانی سەربازییان پێکراوە و هەر ئەو دەوڵەتە مووچە و پێداویستییە سەبازییەکانیان بۆ دابین دەکات.
ئەوەی جێگای سەرنجە تاوەکو ئێستا نە حکومەتی هەرێمی کوردستان نە حکومەتی عێراق هیچ هەڵوێستیکیان بەرامبەر ئەو دەستێوەردانە ئاشکرایانەی تورکیا و باڵیۆزەکەی لە عێراق دا لە خۆیان پێشان نەداوە.
ر.م