کەژەکە: دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە بە دوای پلانێکی نوێی داگیرکاریەوەیە!

کۆردیناسیۆنی کۆمەلەی ژنانی کوردستان-کەژەکە تیشکی خستە سەر هێرشەکانی سەر مەخمور و قەندیل و رایگەیاند ئەمە "هێرشێکی بەفراوانە" و وتیشی، دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە ڤایرۆسی کۆرۆنا وەکو دەرفەتێک دەبینێت و خەریکی پلانێکی نوێیە بۆ هێرش و داگیرکاری.

کەژەکە لە بارەی هێرشەکانی سەر کەمپی مەخمور و قەندیل بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

لە بەیاننامەکەی کەژەکەدا هاتووە:

"لە بەرواری ١٥ی نیساندا دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشی کردە سەر مەخمور و لە ناوچەی زینی وەرتێی سەر بە قەندیلیش دەستی بە ئۆپڕاسیۆنێکی ئاسمانی کرد. ئێمە شەهیدانی کەمپی مەخمور بە رێزەوە بە بیر دێنینەوە و رایدەگەیێنین کە بیرەوەریەکانیان لە کوردستانی دیمۆکراتیک و ئازاد دەهێڵینەوە.

جموجوڵی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە ناوچەی زینی وەرتێ سەرنجڕاکێشە

دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە بۆ ئەوەی لەم قۆناغە قەیراناویەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا سیاسەتە میلیتاریستەکانی زیاد بکات، بە دوای پلانێکی دیکەی داگیرکاری و هێرشکردندایە. هێزی سەربازی پەدەکە خۆی لە زینی وەرتێ جێگیر دەکات و لە دەوروبەریشی سوپای داگیرکەری تورک ئۆپڕاسیۆنەکانی زیاد کردووە، ئەمە کارێکی بێمەبەست نیە.

 لێدوانەکەی وەزارەتی پێشمەگە راست نیە

وەزارەتی پێشمەرگە لەم بارەیەوە لێدوانێکی بڵاو کردەوە و تێیدا رایگەیاند، ئەو هێزەی نێردراوە بۆ ناوچەکە سەر بە ئەوانە. رایدەگەیێنێت، "ناردنی فەوجێکی لیوای ٧ ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ (زینی وەرتێ) رێکارێکی کاتی بوو، لەسەر داوای لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا بووە". دەیانەوێت بڵێن، ئەو هێزە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا رەوانەی ناوچەکە کراوە. بەڵام بە داخەوە ئەم لێدوانە راستیەکان دەشارێتەوە. چونکە ئاشکرا دەبێت بە ناردنی ئەو هێزە و جێگیرکردنیان لەو ناوچەیە، هەڕەشەیەکی دیکە بۆ سەر ژیان دروست دەبێت.چونکە بە ناردنی هێز، مەترسی دروستبوونی شەڕی نێوان پارتە سیاسیە کوردیەکان زیاد بووە و هاوکات ئەو ناوچانە بوردومان دەکرێن.

دەیانەوێت ڤایرۆسی کۆرۆنا وەکو دەرفەتێک بەکار بهێنن

دانیشتوانی ئەو ناوچانە لەم قۆناغی کۆرۆنایەدا نازانن و ناتوانن رووبکەنە کوێ و بەم هۆیەشەوە هەموویان لە دڵەڕاوکێدان. تەنها ئامانجیان ئەوە بوو کە لەم قۆناغەدا بە جێبەجێکردنی ئەم پلانە دەرفەتێک بەدەست بهێنن. لەم بارودۆخەدا دەوڵەتی تورک بە رێگای سەربازی ئەم هەنگاوە دەنێت و هێرش دەکاتە سەر مەخمور و ناوچەکانی دیکە. ئەگەر پارتی دیمۆکراتی کوردستان-پەدەکەش نەیەوێت ئەم قۆناغە وەکو دەرفەتێک بەکار بهێنێت، دەبێت چاو بەم هەنگاوانەیدا بخشێنێتەوە. ئەگەر قسەی وەزارەتی پێشمەرگە راست بوایا، یەکێتی نشتیمانی ناڕەزایەتی دەرنەدەبڕی و ئەمە بە رەزامەندی هەردوولا ئەنجام دەدرا، بەڵام بارودۆخەکە بەم شێوەیە نیە. فەوجی لیوای ٧ ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، لە هێزەکانی زێرەڤانی پێک دێت کە سەر بە پەدەکەیە.

پەدەکە هێز دەنێرێت بۆ ناوچەیەک کە لە ژێر کۆنترۆلی یەنەکە دایە...

هێچ هێمایەکی خێر نابینرێت لەوەی، پەدەکە بێت و لە ناوچەیەکی سەر بە یەنەکە جێگیر ببێت. بە جێگیربوونی ئەو هێزە لە ناوچەکانی قەندیل و زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر بزوتنەوەی ئازادی، ناردنی هێزی سەربازی دەوڵەتی تورک بۆ باشوری کوردستان زیادی کردووە. کاتیک ئەو هیزە دەربازی ناوچەکە بوون، چەکی قوڕسیشی لەگەڵدا نێردرا و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیش ئەوانیان پاراست.

هاوتا لەگەڵ هێزەکانی دەوڵەتی تورک ئەنجامدرا

ئەم هەنگاوانەی نران و جێبەجێ کران، لەگەڵ هێزی سەربازی دەوڵەتی تورک بە رێکوپێکی بەڕێوە چوو. دەبێت رای گشتی ئەمە بزانێت، ئەو هێزەی لەو ناوچەیە جێگیر کراوە، بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نیە. کارێکی نالۆژیکیە کە بە مەبەستی رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هێزێکی سەربازی بێت و لە گردێکی ستراتیجی جێگیر ببێت. بۆیە دەبێت ئەمە باش بزانرێت کە ئەم هەنگاوە بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەڕوات و دەبێت لە دژی ئەم هەنگاوانە هەڵوێستی جدی پیشان بدرێت.

دەبێت هیچ بزوتنەوەیەکی سیاسی کوردی هەڵنەخەڵەتێت

ئەم شێوازە سیاسەتەمان بینیوە کە لە شەڕی ناوخۆی کورددا ئێش و ئازاری زۆری بەجێ هێشت. دوژمن، وڵاتەکەمان داگیر دەکات و لە دژی ئەو هێزەی تێدەکۆشێت بۆ ئازادی و دەیەوێت گەلەکەی لە داگیرکاری رزگار بکات، پلانی بۆ دادەڕێژێت و دەیەوێت لەناوی بەرێت. بۆ ئەوەی ئەم پلانەی جێبەجێ بکات، دەیەوێت پشتیوانی هێزی سیاسی کوردی بەدەست بهێنێت و ئەوانیش بکات بە پارچەیەک لەو پلانە قێزەوەنە. دەبێت هیچ بزوتنەوەیەکی سیاسی کوردی نەبیتە پارچەیەکی ئەم یاریە. هەر هێزێکی سیاسی کە بچێتە ناو ئەو یاریەوە، بە هۆی ئەو تاوانەی دژی مێژوو و گەلەکەمان، درەنگ یان زوو دادگایی دەکرێت. بە تێگەیشتن لەم راستیە دەبێت مرۆڤ نەچێتە ناو ئەو یاریەی دوژمن و رێگا بە دوژمنانی کورد نەدات.

هێرشەکەی سەر مەخمور

مەخمور کەمپی پەنابەرانە. ١٢ هەزار خەڵکی مەدەنی تێیدا دەژین. بەو دەرفەتە کەمەی هەیانە لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا تێدەکۆشن. لەگەڵ ئەوەش پارتێکی کوردی سیاسی بە ناوی پەدەکە، بۆ ماوەی ٩ مانگە گەمارۆی سیاسی، مرۆیی، ئابوری، تەندروستی و لە سەر هەموو ئاستەکانی ژیان، خستووەتە سەر کەمپەکە. ئامانج لەو گەمارۆیە ئەوەیە کە سزای گەل بدات. رژێمە دەسەڵاتخوازەکان بۆ ئەوەی گەل بێدەنگ بکەن، برسیان دەهێڵنەوە. گەمارۆکەی دەستی پەدەکەش بۆ سەر مەخمور کە بە رقەوە بەردەوامە، هەمان ئامانجی لەپشتەوەیە. هاوکات دەوڵەتی تورکیش بە ئۆپڕاسیۆنە ئاسمانیەکانی، هەناسەی لە بەر کۆمەڵگا بڕیوە. لەم دوو بارودۆخەدا لێدانە لە هەردوو لایەنی گیانی و مادی گەل. دەوڵەتی تورک دوژمنە و ئەوەی دەیکات و دەیەوێت بیکات، لێی تێدەگەین، بەڵام پارتێکی سیاسی کوردی چۆن دەبێت بەو رق و قینەوە بەردەوامی بدات بە سیاسەتی گەمارۆدان. ئەمە دەهێڵینەوە بۆ ویژدان و ئەخڵاقی رای گشتی کورد.

دەبێت بە بێ دوودڵی هەڵوێستی جدی بنوێنن

گەل بە هەموو شێوەکانیەوە رووبەرووی مەرگ کراوەتەوە. بۆیە دەبێت باس لەوە نەکرێت کە "ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئارادایە و ناتوانین بچینە دەرەوە و چالاکی ئەنجام بدەین". لە بارودۆخێکی وەها دا کە دوژمن کۆرۆنای کردووە بە دەرفەتێک و هێرش دەکات، دەبێت ئێمەش بە بێ دوودڵی هەڵوێستمان بنوێنین و لە خۆڕاگریدابین. چالاکیەکان هیچ سنوورێکیان نیە، مرۆڤ دەتوانێت خوڵقێنەر بێت. لەم قۆناغەدا زۆر گرنگە لە دژی ئەو هێرشانەی بەڕیوە دەبرێن و بەردەوامیشن، رای گشتی بە هەستیاریەوە لێی نزیک ببێتەوە. هاوکات دووپاتی دەکەینەوە کە دەبێت هێزە کوردستانیەکان خاوەنداری لە رۆحی یەکیتی نەتەوەی و پشتیوانی نشتیمانی بکەن و ئەرک و بەرپرسیاریەتیەکانیان جێبەجێ بکەن."

ز.ش