ئاژانسی هەواڵی رۆژنیوز بڵاویکردەوە، گروپێک لە ژنانی گەنج و گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەسەر بانگەوازی سەفەربەری بۆ جەنگی حەفتانین، بە دروشمی؛ “کات کاتی گەریلایەتییە، ڕۆژڕۆژی ئازادییە”، بە خوێندنەوەی ڕاگەیەندراوێک، بەشداربوونی خۆیان لە ڕیزی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان و بەرخۆدانی حەفتانین ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: کات کاتی گەریلایەتییە، لە دۆخیکی وەهادا کە کوردستان بووەتە ناوەندی شەڕی سێیەمی جیهانی، گەلەکەمان ڕووبەڕووی قڕکردنێکی قورسی دەرونی و جەستەیی بووەتەوە، تەنها بەرخۆدانی فیداییانە، هەمەلایەنە و ڕادیکاڵ دەتوانێت ببێتە ڕێبازی خۆگەیاندن بە ئازادی، ڕێبەر ئاپۆ بە فکر و ڕامانی خۆی، وەک نوورێک پێشەڕۆژ و پاشەڕۆژی ئێمەی ڕووناک کردووەتەوە و ڕێگەچارەی ئەخلاقی و مرۆڤانەی گەلی کورد و هەموو گەلانی ئازادیخوازی پێشکەشکرد، بەڵام فشار و ئەشکەنجەیان لەسەری زیاتری کرد، ئەمەش ئەم ڕاستییە دەردەخات کە داگیرکەر بە هەموو شێوازێک دەیەوێت قڕمان بکات و لەناومان ببات.
لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: ئێمەش وەک ژنانی گەنج و گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دژی پیلانی تواندنەوە و قڕکردنی داگیرکەرانەی دەسەڵاتی ئێران کە لەسەر گەلەکەمان بەڕێوەی دەبات و بەردەوامە لە کوشتن، گرتن و لەسێدارەدانی چالاکوانانی مەدەنی و خەڵکی وڵاتپارێز و کۆڵبەران، هەروەها ئەو تاوانانەی بەرامبەر ژینگەی کوردستان دەیکات و دەیسووتێنێت، بە چرۆسکی ئاگری شۆڕش داگیرکەر دەسووتێنین، هەروەها دژی ئەو هێرشە داگیرکەریانەی دەکرێتەسەر ناسنامەی ژنان، بە بەشداربوونمان تۆڵە دەکەینەوە.
لە درێژەی راگەیاندراوەکەدا باسی ئەوەشیکراوە: گەریلایەتی تاقە ڕێی ئازادییە، سڵاو لە بەرخۆدانی ئەفسانەیی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان دەکەین، ئەم بەرخۆدانە کە بە هزری ڕێبەر ئاپۆ و فەرماندەیی هەڤاڵ عەگید دەستیپێکرد، ئەمڕۆ بە پێشەنگایەتی گەریلا لە حەفتانین گەیشتووەتە ئاستی هەرەبەرزی خۆی و بۆ گەلی کورد و هەموو گەلانێک کە خولیای ئازادییان هەیە بووەتە مایەیە سەربەرزی.
لەکۆتایی راگەیاندراوی ئەو گروپە گەنجەى رۆژهەڵاتی کوردستاندا ئاماژە بەوەکراوە: لەسەر ئەم بنەمایە، وەک ژنانی گەنج و گەنجانی ڕۆژهەڵاتی وڵات بۆ هەڵمەتی “کات کاتی گەریلایەتییە و ڕۆژ ڕۆژی ئازادییە”، بەڵێن دەدەین کە بەرەو گەریلایەتی هەنگاو بنێین و داواش لە هەموو گەنجانی کورد دەکەین بەشداری ڕیزەکانی گەریلای ئازادیی کوردستان ببن و لە شەڕی ئازادیی کوردستان جێی خۆیان بکەنەوە.
ژ.ت