گەریلاکانی خواکورک: بە ڕۆحی ١٥ی تەباخەوە بەرەو سەرکەوتن
ئەو گەریلایانەی کە لەناو بەرخۆدانی مێژوویی خواکورکدان وتیان، بە ڕۆحی ١٥ی ئابەوە سەردەکەون و بۆ بەرخۆدان بانگەوازیان بۆ گەل کرد.
ئەو گەریلایانەی کە لەناو بەرخۆدانی مێژوویی خواکورکدان وتیان، بە ڕۆحی ١٥ی ئابەوە سەردەکەون و بۆ بەرخۆدان بانگەوازیان بۆ گەل کرد.
گەریلاکانی هەپەگە و یەژا ستار کە لە خواکورک، لەدژی هەوڵە داگیرکەرییەکانی سوپای تورک لە بەرخۆدانێکی مێژوویی دان، پیرۆزبایی ساڵیادی ١٥ی ئابیان کرد.
'سەرکەوتن دەکەینە دیاریی بۆ گەلەکەمان'
یەکێک لە گەریلاکانی یەژا ستار بەناوی کۆچەرین کۆچەر، خەڵکی ئێلهێ وتی: "بە ڕۆحی ١٥ی ئابەوە سەرکەوتنی مێژوویی دەکەینە دیاری بۆ گەلەکەمان".
کۆچەرینی گەریلای یەژا ستار وتی: "دەبێت دوژمن باش بزانێت کە هیچکات لە شەڕە چەپەڵەکەیدا سەر ناکەوێت. هەتا دوادڵۆپی خوێنمان بەرخۆدان دەکەین، خاکی خۆمان دەپارێزین. هەتا کۆتایی لەدژی داگیرکاریی دەوەستینەوە. شەڕ و تێکۆشانمان بە بناغەی بەهێزەوە بەڕێوەدەچێت. بناغەکەش بە هەڵمەتی ١٥ی ئاب داڕێژراوە. هەڵمەتی ١٥ی ئاب گەورەترین گورزە کە لە دوژمن، لە فاشیزم دراوە. گەلێک کە لەبەردەم لەناوچوون بوو، لە نوێوە خوڵقاندییەوە. هەتا کۆتایی لەسەر ڕێبازی فەرماندە عەگید بەردەوام دەبین. ئێمە ئەوانەی ئێستا لە خواکورک بەرخۆدان دەکەین، خوێندکاری فەرماندە عەگیدین. ئێمە وەکو گەریلاکانی یەژا ستار لە خواکورک بەڵێنی سەرکەوتن دەدەینە گەلەکەمان".
'هەڵمەتی ١٥ی ئاب ڕۆحێکی تازەی بە بەر گەلی کورددا کردەوە'
گەریلا ئاماژەیان بە بەرخۆدانەکانیان لە ناوچەی قەلقەلی وان کرد کە هەڵمەتی ١٥ی ئاب بۆ گەلی کورد بە واتای ژیانەوەیەکی نوێیە وتی: "هەڵمەتەکە هەم بۆ بزووتنەوەکەمان و هەم بۆ گەلی کورد بە واتای ژیانەوەیەکی نوێیە. ئەو فیشەکەی سەرەتا تەقێندرا بۆ گەلی کورد بووە ڕۆح. بەهۆی سیاسەتە قڕکارییەکانی دوژمن، گەلەکەمان لە ڕاستیی خۆی دوور کەوتبوەوە. بە هەڵمەتی ١٥ی ئاب گەلی کورد بووە خاوەن ڕۆحێکی نوێ. ئێستا لە چوار پارچەی کوردستان بە سەرکێشییەکانی دەوڵەتی تورک بە فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە لەدژی گەلەکەمان هێرشی گەورە دەکرێت. بەو هێرشانە دەیانەوێت تۆڵەی ١٥ی ئاب بکەنەوە. هەڵمەتی ١٥ی ئاب گەلی کوردی هۆشیار کردەوە و گەیاندییە ئاستی بەرخۆدان لەدژی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر. لەبەر ئەوە بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکاتە سەر خاک و گەلەکەمان. سوپای تورکی داگیرکەر چی دەکات با بیکات، بەڵام ناتوانێت لەبەرانبەر تێکۆشانەکەمان هیچ ئەنجامێک بەدەست بهێنێت".
'ئەو ڕۆژەی کە ڕاستیی نیشان دا'
دیار خەیری جوودی، یەکێکە لە گەریلاکانی هەپەگە و خەڵکی ئەردیشی وانە، ڕایگەیاند: "ئەگەر مرۆڤ بیەوێت ڕاستیی لانکەی کوردستانی کۆن بزانێت، دەبێت پێش هەموو شتێک لە هەڵمەتی ١٥ی ئاب تێبگات. مرۆڤ چەندە لە واتای یەکەمین فیشەک تێبگات، هێندەش دەتوانێت لە ڕاستیی کوردستان تێبگات. ئەو کاتە ئەو تێکۆشانە پیرۆزە دەتوانێت دەرک بکرێت. هەڵمەتی ١٥ی ئاب تەنیا هەڵمەتێکی سەربازی نەبوو. هەم ژیانەوە بوو هەم بۆ گەیشتن بە ڕاستیی خاکی وڵات بوو".
'بەشداری شەڕی شکۆ بکەن لە کوردستان'
جوانا دەستان، گەریلای یەژا ستار کە خەڵکی قەلقەلێی وانە و ماوەیەکی زۆرە لەناو بەرخۆدانی خواکورک دایە، ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵیادی ١٥ی ئاب دەبێتە گۆڕستان بۆ داگیرکەران.
جوانا دەستان وتی: "بانگەوازی بۆ هەموو ژنانی گەنج دەکەم کە بە ڕۆحی ١٥ی ئاب بەشداری شەڕی شکۆ بکەن لە کوردستان. ڕێگە نادەین کە سەربازانی دوژمن پێڵاوە چەپەڵەکانیان خاکەکەمان پیس بکەن. هەتا گەنجێک بە تەنیاش لە کوردستان بمێنێت، هەتا گەریلایەک بە تەنیاش بمێنێت، ئەو بەرخۆدان و تێکۆشانە شکۆدارە بەردەوام دەبێت".
ک-ش