گەریلا پزیشکەکان: ئەنجامی کارەکانمان بۆ داهاتوویەکى ئازادە

گەریلا پزیشکەکان وتیان "ئێمە هێزی خۆمان، ورەی خۆمان و سەرکەوتنی کارەکانمان لە هەڤاڵێتیی پەکەکەوە وەردەگرین".

گەریلاکانی ئازادیی کوردستان، لە هەموو بوارێکدا خۆیان بە ڕێکخستن کردووە و لە چیاکانی کوردستاندا بە ژیانی ئازادانەی خۆیان  کارەکانیان بە ڕێکوپێکی ئەنجام دەدەن. ئێمەش لە مەیدانی زاگرۆسەکان، لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، لەگەڵ گەریلا پزیشکەکاندا چاوپێکەوتنمان ساز کرد.

گەریلا پزیشکەکان وتیان "ئێمە هێزی خۆمان، ورەی خۆمان و سەرکەوتنی کارەکانمان لە هەڤاڵێتیی پەکەکەوە وەردەگرین".

'ئێمە هەم شۆڕشگێڕین و هەم کارمەندی تەندروستین'

دکتۆر دەلال ئارین جەخت لەوە دەکاتەوە، لە کارەکەیاندا ئەوان هەست بە خۆشەویستیی هاوڕێیانە دەکەن و وتیشی "هەستی ئێمە زۆر جیاوازە. لەم کارەدا مرۆڤ زیاتر حەز لە هاوڕێیەتیی دەکات. کارەکەمان دڵسۆزییەکی جیاواز لەنێوان ئێمە و هەڤاڵانی نەخۆشدا دروست دەکات. هێز و ئیرادەی گەورە دێنە ئاراوە. ئێمە هەم گەریلا و شۆرشگێڕین، هەم کارمەندی تەندروستین. پێکەوە تەمسیلکردنی ئەو ناسنامانە، بۆ من شکۆیەکی گەورەیە. بۆ شۆڕش، بەکارهێنانی ئەم ناسنامانە، مرۆڤەکان بەهێزتر دەکات. کاتێک مرۆڤ هێز و باوەڕیی خۆی دەبینێت، بەرپرسیارێتیی مرۆڤەکان گەورەتر دەبێت. ئێمەش دەمانەوێت شایانی ئەوە بین".

'هەڤاڵێتیی نرخی هەرە گەورەیە'

 دکتۆر بروسک دۆغان دەڵێت "شتی هەرە گرنگ ئەوەیە، ئێمە هەڤاڵانی خۆمان ڕزگار بکەین. کاتێک لە مەیدانەکانی شەڕدا هەڤاڵێک بریندار دەبێت، ئامانجی یەکەمین و سەرەکیی ئێمە ئەوەیە ئەو هەڤاڵە لە مەترسیی شەهادەت ڕزگار بکەین. ئەمەش تەنها ئەرکێکی فەرمیی نییە، ئێمە ئەوە لە ڕێبەر ئاپۆوە فێربووین. بۆ ئێمە، هەڤاڵێتیی لە پێش هەموو شتێکەوەیە. هەڤاڵێکی پزیشکمان بەناوی خەبات، بۆ ئەوەی هەڤاڵێکی بریندار بپارێزێت، خۆی شەهید بوو. ئێرە مەیدانی زاگرۆسە. گۆڕەپانێکە کە هەمیشە شەڕی تیایدا ڕوودەدات. کاری سەرەکیی ئێمە، دەرمانکردنی هەڤاڵانی بریندارە. بەگوێرەی دەرفەتەکانی خۆمان، هەڤاڵانی بریندار بە باشی تەداویی دەکەین".

'ڕەنجی ڕێبەر ئاپۆ و شەهیدان هێزمان پێدەدات'

دکتۆر دەلیل تۆلهەڵدان، سەرنجی ڕاکێشایە سەر ڕەنجی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و شەهیدانی تەڤگەری ئازادی و وتی "تەڤگەرەکەمان بە ڕەنجی ڕێبەر ئاپۆ و شەهیدانمان گەورە بووە، بناغەی ژیان و بەردەوامیى تەڤگەرەکەمان بە هۆی ڕەنجی ئەوانەوەیە. لەبەر ئەوە ئێمە هەموو هێزی خۆمان و ورەی خۆمان لەم ڕاستییەوە وەردەگرین. هەڤاڵانمان گرێدراوی بەهێزی هەر بوارێکی ژیانن. بۆیە هەڤاڵێتیی بۆ هەموو گەریلاکان، پشتیوانییەکی مەعنەویی گەورەیە. ئێمەش لە هەمان کاتدا، هێز لە هەڤاڵانی خۆمانەوە وەردەگرین و سەرکەوتنیشمان لە کارەکانماندا بە هەڤاڵێتییە".

'ئێمە بە کارەکانمان خزمەتی شۆڕش دەکەین'

دکتۆر ئاراس سیڤەرەک، دەربارەی کارەکانیان باس لەوە دەکات کە ئەوان خزمەت بە شۆڕش دەکەن و دەڵێت "ئامانجی سەرەکیی ئێمە ئەوەیە کە بۆ برینی هەڤاڵەکانمان ببین بە دەرمان. لە مەیدانی زاگرۆس کە هەمیشە شەڕ ڕوودەدات، ئێمەش بە کاری خۆمان، پشتیوانی هەڤاڵانی خۆمان دەکەین. وەک گەریلاش، ئێمە هەمیشە تێکۆشینی خۆمان بەهێزتر دەکەین و کار بۆ ژیانێکی ئازاد دەکەین. ئێمە هێز لە ورەی هەڤاڵانمانەوە وەردەگرین. لەنێوان ئێمە و هەڤاڵانماندا هەستێکی بەهێز دروست دەبێت. بێگومان ئێمە هەموو هێزی خۆمان و باوەڕیی خۆمان لە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆوە وەردەگرین. ژیانێکی پێکەوەیی هاوبەشمان هەیە. ئێمە هەموو شتێک دابەش دەکەین".

'هەموو شتێک بۆ هەڤاڵێتییە'

گەریلای پزیشک دەڤریم سۆزدار دەڵێت، کاری ئەوان بۆ پاشەڕۆژێکی ئازادە. دەڤریم وتیشی "تەڤگەرەکەمان خاوەنی مێژووییەکی ٤٠ ساڵەیە. بە دەرفەتی زۆر بچووک تەڤگەری ئێمە خۆی دروست کرد، بەڵام ئێستا خاوەنی زۆر دەزگا و ڕێکخراوە. هەندێک جار ئێمە لە نەخۆشخانە، هەڤاڵانی بریندار تەداویی دەکەین، هەندێک جاریش دەچینە ئەو بەرانەی شەڕ کە هەڤاڵانی لێیە. هەندێک جار هەڤاڵان بە سەختی بریندار دەبن و هەندێک جاریش بە سووکی بریندار دەبن، بەڵام پێش هەموو شتێک، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە، هەست و خۆشەویستیی هەڤاڵێتییە. ئامانجی ئێمەش ئەوەیە کە زیاتر کار بۆ تەڤگەرەکەمان بکەین. زیاتر لە سەرۆک ئاپۆ تێبگەین و تێکۆشان زیاتر بە هێز بکەین. بۆ ژیانی ئازاد لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ و گەلدا، دەبێت ئێمە باشتر کار بکەین".

ر.م