گەلی باسان بە سیستمى ئاغایەتى دەڵێت "ئیدی بەسە"

زیلان ئەجەڤیت پاڵێوراوی هەدەپە بۆ هاوسەرۆک شارەوانیى باسان لە پارێزگاى شرنەخ رایگەیاند، ئیتر بە بەڕێوەبەریى ٢٩ ساڵەی ئاغایەتى دەڵێن "ئیدی بەسە".

لە ناوچەى باسان لە پارێزگاى شرنەخ ماوەى ٢٩ ساڵ سیستمى ئاغایەتى لەلایەن بنەماڵەیەکەوە لەو ناوچەیەدا بەرێوەدەچێت. کار و هەڵمەتەکانى هەڵبژاردنیش لەو ناوچەیەدا زیادیان کردووە. پاڵێوراوانى هەدەپە بۆ هاوسەرۆک شارەوانیى باسان دەستیان بە جموجوڵ و ئامادەکاری کردووە و باسی پرۆژەکانى خۆیان بۆ گەل دەکەن.

 

زیلان ئەجەڤیتى تەمەن ٢٥ ساڵ لەلایەن هەدەپەوە کراوە بە پاڵێوراو بۆ هاوسەرۆک شارەوانیى باسان. زیلان ئەجەڤیت بەشی ئەندازیاریی کشتوکاڵی لە زانکۆی ئیجە تەواو کردووە. لە تەمەنی ٣ ساڵیشەوە لە جزیردا بووە و پێش ئەوەش لە گوندی کانی رەشی جزیردا بوون و کاتێک گوندەکەیان لەلایەن هێزەکانى دەوڵەتى تورکەوە سوتێنرا، بنەماڵەکەى ناچار بوون کۆچ بۆ جزیر بکەن.

"بۆ نوێنەرایەتیکردنى ژنان لە سیاسەتدا"

جگە لە خوێندن لە زانکۆ، ژیانى زیلان ئەجەڤیت لە شاری جزیردا تێپەڕیوە. ئەجەڤیت وتى "کاتێک لە زانکۆ بووم بە شێوەیەکى چالاکانە لە ناو کاری ژنان و گەنجاندا کارم دەکرد. کاتێکیش زانکۆم تەواو کرد و گەڕامەوە، زۆر زیاتر لە پێشتر بەشداریم لە کاروباری سیاسەتدا کرد".

وتیشی "لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بە تەواوی هەموو ئەو ئەرکانەى کەوتوونەتە سەر شانم ئەنجامم داون و ئەرکەکانم بەڕێوەدەبەم و هەوڵ دەدەم خزمەتى گەلەکەى خۆم بکەم. لە هەڵبژاردنى پێشووی پەرلەماندا خۆم پاڵاوت و هۆکارەکەشی بۆ بەرزکردنەوەى رێژەى ژنان بوو لە پەرلەماندا، چونکە ژمارەى ژن لە پەرلەماندا کەمە، بەڵام هەڵنەبژێردرام، ئەوە هەرگیز کاری لە من نەکرد و بە ورە و گوڕ و تینەوە بەردەوامم لە کار و ئەرکەکانم".

ئەجەڤیت ئەوەشی راگەیاند، ٢٩ ساڵە لە ئیمراڵی سیستمى داگیرکەر و ئاغایەتى پەیڕەو دەکرێت "ژنان ئیتر بە سیستمی ٢٩ ساڵەى ئاغایەتى دەڵێن 'ئیدی بەسە'. ئەگەر ئێمە لە باسان سەربکەوین ئەوا چەندین کار و بەرپرسیارێتى چاوەڕێمان دەکات، ئێمە دەمانەوێت زۆر کار بکەین و سەربکەوین".

ر.م