ناوچەى سارای وان دەکەوێتە رۆژهەڵاتى پارێزگاى وان و لەسەر سنووری ئێراندایە و هاوشێوە بچووککراوەکەى ئیدرە، چونکە چەندین پێکهاتە و نەتەوەی جیاجیای تیادا دەژین. چاوەڕێ دەکرێت لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا هەدەپە سەرکەوتنێکى مسۆگەر و گەورە بەدەست بهێنێت.
عەبدولقادر چاڵشکان ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن پارتی دیموکراتیکى هەرێمەکان (دەبەپە) بۆ سەرۆک شارەوانیی سارای پاڵێورا و سەرکەوتنى بە دەستهێنا. چاڵشکان سەرۆک شارەوانیى هەڵبژێردراوی گەلی سارای لەلایەن رژێمەکەى ئاکەپەوە دەستگیرکرا و ٧ ساڵ سزای زیندانیکردنى بەسەردا سەپێنرا. دوای ئەوەش شارەوانییەکەیان خستە ژێر چەپۆکەى قەیومێکى داگیرکەرى ئاکەپە.
دانیشتوانى ناوچەى سارای بۆ کۆتایهێنان بەو دۆخە خراپە روو لە سندوقەکانى دەنگدان دەکەن و سەرکەوتنێکى گەورە و یەکلاکەرەوە تۆمار دەکەن. ئێمەش پاڵێوراوانى هەدەپە بۆ هاوسەرۆک شارەوانیى سارایى بە ئێوە دەناسێنین.
جازییە دومان
جازییە دومان ساڵی ١٩٩٠ لە گوندی مارنیسی جۆلەمێرگ لە دایکبووە. ساڵی ١٩٩٢ بەهۆی خاپوورکردنى گوندەکەیان لەلایەن سوپاى تورکەوە لەگەڵ بنەماڵەکەى کۆچ دەکات بۆ وان.
دومان خوێندنی سەرەتایى، ناوەندی و ئامادەیى لە وان تەواو کردووە. ساڵی ٢٠١٢ بووە چالاکوانى بزووتنەوەى ژنانى ئازاد و دیموکراتیک (DOKH). ساڵی ٢٠١٥ بووە هاوسەرۆکى دەبەپە لە وان.
بەهۆی کار و چالاکییە سیاسییەکانییەوە لەلایەن دەوڵەتی ئاکەپەوە ١٨ مانگ زیندانیکرا. دواى ئەوەى لە زیندان ئازاد کرا، بووە چالاکوانانى ژنانى هەدەپە و بەردەوام بوو لە کار و چالاکییەکانى.
جازییە دومان هاوسەرگیریى کردووە و دایکى ٢ منداڵە.
شەهابەدین بیلمەز
شەهابەدین بیلمەز ساڵی ١٩٧٢ لە ناوچەى سارای لە دایکبووە. دواتر چوونەتە گوندی رەشکان لە ناوچەى قەلقەلیى وان و لەوێ نیشتەجێ بوون.
خوێندنى سەرەتایى، ناوەندی و ئامادەیى لە قەلقەلی تەواو کردووە. ماوەى ١٠ ساڵ مامۆستا و پەروەردەکاری خوێندنگەکان بووە.
ساڵی ٢٠١٤ بووە هاوسەرۆکی هەدەپە لە ناوچەى سارای.
شەهابەدین بیلمەز هاوسەرگیریى کردووە و باوکی ٤ منداڵە.
ر.م