گەلی چاڵدران بۆ کۆتایهاتن بە تاڵانکارییەکانی قەیومەکەى ئاکەپە دەستبەکاربووە

گەلی چاڵدران لە هەڵبژاردنى ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨ بۆ پەرلەمان بە رێژەی ٧٥% دەنگەکانى بۆ هەدەپە بوو و ئێستاش خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەى ٩٠%ی دەنگەکانى لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا بە هەدەپە بدات.

گەلی چاڵدران خۆی ئامادە دەکات بە هەڵبژاردنى فاروق دەمیر و لەیلا ئاتساک بۆ هاوسەرۆکایەتیى شارەوانییەکەیان، کۆتایى بە تاڵانکاریى قەیومەکەى ئاکەپە بهێنن.

چاڵدران شارۆچکەیەکەى پارێزگاى وانە و لە پاڵ چیاى ئاگریى سەرکەش دایە و هاوسنوری پارێزگاى ئاگرییە نزیکەى ١٤ هەزار دانیشتوی هەیە. چاڵدران ٢ هەزار و ٥٠ مەتر لە ئاستى دەریا بەرزە و پلەى گەرمای بۆ ٤٥ پلەى ژێر سفر دادەبەزێت، لەبەر ئەوەش پێى دەڵێن سیبریاى ناوچەکە.

چاڵدران سەرباری ئەوەى لەسەر سنووری رۆژهەڵاتى کوردستاندایە، بەڵام دەرەوازەى سنووریى نییە و کار و کاسبی و بازرگانیکردنى سەر سنوور لە هاووڵاتییانى چاڵدران قەدەغى کراوە. دەوڵەتى تورک هەر بەو قەدەغەکارییەوە نەوەستاوە و بە پاساوی "ئەمنی" دیوارێکى لەسەر سنووری نێوان چاڵدران و ئێران دروستکردووە.

لە هەڵبژاردنى ساڵی ٢٠١٤دا گەل دەنگی بە پاڵێوراوانی پارتى دیموکراتیکى هەرێمەکان (دەبەپە)دا و نوێنەری خۆی بۆ شارەوانی هەڵبژارد، بەڵام رژێمى ئاکەپە لە ساڵی ٢٠١٧ دا دەستى بەسەر شارەوانیى گەل دا گرت و قەیومێکى داگیرکەری بەسەردا داسەپاند.  سەرباری ئەوەش گەلی چاڵدران لە هەڵبژاردنى ٢٤ی حوزەیرانى ٢٠١٨ بۆ پەرلەمانى تورکیا بە رێژەى ٧٥% دەنگی بە هەدەپە دا. ئێستاش خۆیان بۆ ئەوە ئامادە دەکەن لە هەڵبژاردنى شارەوانیدا بە رێژەى ٩٠% دەنگ بە پاڵێوراوانى هەدەپە بۆ هاوسەرۆکایەتیى شارەوانییەکەیان بدەن.

فاروق دەمیر هاوسەرۆک شارەوانیى چاڵدران، کە  لەلایەن ئاکەپەوە قەیومێک لە شوێنەکەى دانراوە، لەگەڵ لەیلا ئاتساک لەلایەن هەدەپەوە بۆ هاوسەرۆکیى شارەوانیى چاڵدران پاڵێوراون.

ئاتساک ساڵی ١٩٩٤ لە چاڵدرانی وان لە دایکبووە. خوێندنى سەرەتایى و ناوەندی و ئامادەیى لە چاڵدران تەواو کردووە. بەشی کۆمەڵناسیى لە زانکۆی یوزوجو یل لە وان تەواو کردووە.

فاروق دەمیر ساڵی ١٩٧٥ لە گوندی نۆشارای سەروو لە چاڵدران لە دایکبووە. خوێندنى سەرەتایى لە گوندەکەیان و دواتر خوێندنى ناوەندی و ئامادەیى لە مورادییە تەواو کردوە.

فاروق دەمیر ساڵی ٢٠١٤ بۆ هاوسەرۆک شارەونیى چاڵدران هەڵبژێردرا و لە شوباتی ٢٠١٧دا لەلایەن رژێمەکەى ئاکەپەوە زیندانیکرا. دواتر قەیومێکیشیان لە شوێنەکەى داسەپاند بەسەر شارەوانیى چاڵدراندا. دەمیر ماوەى ساڵێک لە زینداندا راگیرا و دوای ئەوە بە مەرجی مانەوە لە ژێر چاودێریى دادگادا ئازاد کرا.

ر.م