گەنجانی باشورچالاکی ڕێپێوان بۆ سەر زینی وەرتێ ئەنجام دەدەن
گەنجانی باشوری کوردستان بە دەسپێشخەری ڕێکخراوی گەنجانی وڵات پارێز چالاکی ڕێپێوان لە دژی هاتنی هێزی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەر زینی وەرتێ ئەنجام دەدەن.
گەنجانی باشوری کوردستان بە دەسپێشخەری ڕێکخراوی گەنجانی وڵات پارێز چالاکی ڕێپێوان لە دژی هاتنی هێزی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەر زینی وەرتێ ئەنجام دەدەن.
لە ماوەی ڕابردودا بە بڕیاری پارتی دیموکراتی کوردستان هێزێکی هاوبەش نێردرا بۆ سەر زینی وەرتێ(زینی ئەستێرۆکان) بە بیانوی کۆنترۆڵ کردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناوچەکە، بەڵام وەک ئاشکرایە هێنانی ئەو هێزە ئامانجی دیکەی لە پشت بوو و بۆیە هۆی دروست بونی گرژی و ئاڵۆزی لە ناوبەر لایەنە سیاسیەکان و ناڕەزایەتی خەڵکی ناوچەکەی لێکەوتەوە.
لە دەرئەنجامی ئەو گرژی و ئاڵۆزیانە گەنجانی باشوری کوردستان ڕۆژی شەمەی داهاتوو کە دەکاتە ١٦ی مانگی ئایار لە شارۆچکەی ڕانیە ڕێپێوانێک ئەنجام دەدەن و بەرەو زینی وەرتێ بەڕێدەکەون و پەیامی خۆیان ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن.
قانع خەلیل دەستەی ئامادەکاری ڕێپێوانەکە بە ئاژانسی هەواڵی فورات-ANFی ڕاگەیاند:"ئێمە وەک گەنجانی باشوری کوردستان لە بەرامبەر هێنانی ئەو هێزە لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بۆ زینی وەرتێ و جێگیرکردنی ئەو هێزە بە بیانوی هەبونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناوچەکە. هێنانی هێزێکی لەو جۆرە گرژی لێکەوتوەتەوە لە نێوانە لایەنە سیاسیەکان، ئێمەش وەک گەنجان لە باشوری کوردستان لەسەر ناوی ١٠٥ ڕێکخراوی مەدەنی هەڵوێستی هاوبەشمان نیشانداوە و لە ڕۆژی شەمەی داهاتو هەڵدەستین بە ئەنجامدانی ڕێپێوانێک لە شاری ڕانیەوە بۆ ناوچەی زینی وەرتێ، دەمانەوێت لە ڕێگەی ئەو ڕێپێوانەوە پەیامی گەنجانی باشوری کوردستان بگەیەنینە لایەنە پەیوەندیدارەکان کە چیتر کۆمەڵگای باشوری کوردستان قەبوڵی ئەوە ناکات دوو هێزی کوردی لە ناوخۆی خۆیاندا شەڕ و ئاڵۆزی هەبێت چونکە زەرەرمەندی یەکەم کۆمەڵگای باشور دەبێت.
دەستەی ئامادەکاری چالاکیەکە بانگەوازیان بۆ ڕۆژنامەنوسانیش کردوە کە بەشداری ڕێپێوانەکە ببن و هەڵوێستی خۆیان لەبەرامبەر ئەو هێزە دیاری بکەن، باهۆز جودی وەک ڕۆژنامەوانێک کە بەشداری لە ڕێپێوانەکە دەکات ڕایگەیاند:"لە باشوری کوردستان هێزی داعش لە چەند ناوچیەک هێزی خۆی بەجێکردوە بۆ نمونە لە کەرکوک و خانەقین چەند جارێک هێرشیان کردوەتە سەر پێشمەرگە و شەهید و برینداریشی لێکەوتەوە، پێویستە ئەو هێزەی بردراوە بۆ سەر زینی وەرتێ بکشێنەوە و ببردرێن بۆ ئەو ناوچانەی هەڕەشەی داعشی لەسەرە".
هەروەها وتیشی:" گەلی باشوری کوردستان و بەتایبەتیش گەنجانی باشوری کوردستان لەم ماوەیە هەڵوێستیان هەبوو لە دژی هێنانی ئەم هێزانە و بەرپرسانە مامەڵەیان لەگەڵ هاتنی ئەم هێزە کرد، بۆ ئەم مەبەستەش چالاکیەک ڕێک دەخەن و بانگ لە تەواوی چین و توێژەکان دەکەن کە بەشداری ئەو چالاکیە ببن و ئێمەش وەک ڕۆژنامەوان بەشداری دەکەین".
ز.ش