حکوومەتی ھەرێمی كوردستان پڕۆژه‌یاسای خانه‌نشینی ئاراستەی پەرلەمان کرد و پێشنیازی كردبوو مووچه‌ی خانه‌نشینی په‌رله‌مانتاران بۆ ٢ ملیۆن كه‌م بكرێته‌وه، بەڵام پەرلەمان به ٥٢ ده‌نگی ئه‌رێ و ٣٧ ده‌نگی دژ ئه‌و بڕگه‌یه‌یان هه‌موار كرده‌وه و بڕی ٤ ملیۆن دینار وەک مووچەی پاش خانەنشینبوون دیاریكرا. ئەمە لە کاتێکدا كه کەمترین مووچەی خانەنشینی هاوڵاتیان له یاساكه‌دا بە ٣٠٠ ھەزار دینار دەستنیشانکراوە.
یاسای خانه‌نشینی لەنێو سەرجەم چین و توێژەکاندا ناڕەزایی لێکەوتۆتەوە. هاوڵاتیان ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه ده‌گرن كه نادادپه‌روه‌ری گه‌وره هه‌یه له‌نێوان مووچه‌ی خانه‌نشینی پله‌باڵاكان و هاوڵاتیانی دیكه. ده‌شڵێن: حکوومەت و په‌رله‌مانی ھەرێم بەبێ ھەڵسەنگاندن، بڕی خانەنشینییان دیاریکردووە.
ناڕەزایه‌تییه‌كان تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی داپۆشیوه و ھاوڵاتیان بە شێوازی جۆراوجۆر له دژی ئه‌و بڕیاره وه‌ستاونه‌ته‌وه. ھەر ئەمڕۆش کۆمەڵێک چالاکی مەدەنی لە بەردەم پەرلەمانی کوردستان گردبوونەوە و داوای پێداچوونه‌وه‌یان به یاساكه‌دا كرد.
له دوای په‌ره‌سه‌ندنی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان، ھەریەکه لە فراکسیۆنی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی هه‌رێمی کوردستان به‌یاننامه‌یان بڵاوكرده‌وه.
فراکسیۆنی گۆڕان ڕایگه‌یاندووه: پاش پێداگری زۆر و ٢٥ جار جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی فیدڕاڵ، بەڵام داواکارییەکانمان دەنگی پێنەدرا.
فراكسیۆنی گۆڕان ڕایگه‌یاند، ئه‌وان به نه‌خێر ده‌نگیان بۆ پڕۆژه‌یاساكه داوه.
فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامیش ڕایگه‌یاند: ھەر ١٠ ئەندام پەرلەمانه‌كه‌یان به ھەموو شێوەیەک لەنێو ھۆڵی پەرلەمان، لە کاتی خوێندنەوەی دووەم و گفتوگۆی پڕۆژە یاسای چاکسازی، دژی خانەنشینکردنی پەرلەمانتاران و پلە تایبەتەکان بە چوار ساڵ و بێ مەرج، وەستاونه‌ته‌وه.
فراكسیۆنی یه‌كگرتوو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه، زۆریان ھەوڵداوه کە کەمترین مووچەی خانەنشینی لە ھەرێمی کوردستان هاوشێوه‌ی عێراق ببێتە ٤٠٠ ھەزار دینار، بەڵام بڕگه‌كانی پڕۆژه‌یاساكه بە دەنگدانی زۆرینە یەکلایی كراونه‌ته‌وه.
له لایه‌كی دیكه‌وه فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ڕایگه‌یاند: ئه‌وان پشتیوانی تەواویان لە پرۆژەکە کردووه و بەشداری کارایان لە گفتوگۆکاندا کردووه. فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه: هەندێ لە بڕگە و ماددەکانی پڕۆژه‌یاساكه بە دڵی ئه‌وان نه‌بووه، بۆ نموونە خانەنشینی پلەباڵاکان كه پێیان وابووه ئەو ڕێژەیە زۆرە، بۆیه ده‌نگیان پێی نه‌داوه.
له به‌رانبه‌ر ڕاگه‌یه‌ندراوی ئه‌و سێ لایه‌نه، ئومێد خۆشناو سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتیی دێمۆكراتیی كوردستان - په‌ده‌كه ڕایگه‌یاند: ٦٨ ئه‌ندامی په‌رله‌مان ده‌نگیان بە پڕۆژەیاساکە داوە و هیچ ئه‌ندام پەرلەمان یان فراکسیۆنێکیش دژی نه‌بووه.
s.m