یەبەشە: شەنگال لە هەموو کاتێک ئارامترە
فەرماندەیی یەبەشە وڵامی هەندێک ڕاگەیەنراو و لێدوانی دژی ئارامی شەنگالی دایەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە شەنگال لە بەرلە ساڵی ٢٠١٤ ئارامترە.
فەرماندەیی یەبەشە وڵامی هەندێک ڕاگەیەنراو و لێدوانی دژی ئارامی شەنگالی دایەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە شەنگال لە بەرلە ساڵی ٢٠١٤ ئارامترە.
فەرماندەیی یەبەشە لەبارەی قسەکانی فازڵ میرانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پەدەکە کە بانگەشەی ئەوەی کردبوو شەنگال ئارام نییە و یەبەش هێزێکی دەرەکیە و ئێزدی نین، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
فەرماندەیی یەبەشە ئەو بانگەشانەی بە توندی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند کە شەنگال لە هەموو کاتێک زیاتر ئارامە و هێزی سەرەکی پاراستنی شەنگالیش یەبەشە و یەژەشەیە.
یەبەشە فازڵ میرانی وەک یەکێک لە بەرپرسەکانی کۆمەڵکوژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ لە شەنگال بە دەستی داعش پێناسە کرد و وەبیریهێنایەوە کە بەهۆی کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە هەزاران شەنگالی کۆمەڵکوژ کران، بە سەدان هەزار کەس ئاوارەبوون، ئازار و ئاوارەیی، برسیبوونیان بەسەردا سەپێنرا.
فەرماندەیی یەبەشە ئاماژەی بەوەشکرد کە هەمان سیاسەت، زۆردەستی و سەختی لە ئیستادا لەسەر شەنگالیەکانی ناو کەمپەکانی باشووری کوردستان دەسەپێنرێت و ژیانیان وەک زیندانی لێهاتووە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا باسی ئەوەشکرا،"بە پرۆپاگاندە و سیاسەتی خۆیان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ژیان لە کەمپەکان زۆر ئارام و ئاسانە، بەڵام ژیان لە شەنگال نائارام و سەختە."
یەبەشە ڕاشیگەیاند کە پێویستە هەموو کەسێک بزانێت، شەنگال لە هەولێر و دهۆک ئارامترە و وتی، "لە بەرلە فەرمانی ٢٠١٤ ئارامترە. ئەوەش بە واتای ئیرەیی ئەوان دێت. ئەم زمان و سیاسەتە موڵکی دەوڵەتی تورکە، بەم شێوەیە قسە دەکەن و دەیانەوێت هێرش بکەنە سەر گەلەکەمان. لەبەرئەوەی نە گەلەکەمان و نە ئەو گروپانەی کە سەر بە ئەوانن متمانەیان بەوان نەماوە.
فەرماندەیی یەبەشە وەبیریهێنایەوە، شەنگال شەنگالی پێشوو نییە، خەڵکەکەشی، وەک جاران نین و ڕایگەیاند،" گەلەکەمان بە ئیرادەی خۆی لە چوارچێوەی نەتەوەی دیموکراتیکدا خۆی بەڕێوەدەبات، یەبەشە / یەژەشە لە چوارچێوەی سیستمی دیموکراتیدا نەتەوەبوونی هەرێمی دەپارێزن."
یەبەشە ئاماژەی بە مافی ئێزدیان کرد لە هەرێمی شێخان و ئەوەی خستەڕوو،"پێویستە مافی گەلی ئێمە لە شەنگال بدرێت. پێویستە گەلەکەمان لە شێخانیش خۆسەر بێت، بەڕێوەبەرایەتی خۆی دروست بکات و خۆی بپارێزێت."
فەرماندەیی یەبەشە هوشداریدا کە هەڵوێستی بەم شێوەیە خزمەتی گەلی کورد ناکات، دەکەوێتە خزمەتی دوژمنی کورد و ئاماژەی بەوەدا،"ئێمە دەڵێین ئەم شێوازە، نەتەوەی کورد دەخاتە مەترسیەوە. لەبەرئەوەش کەسانی وەک فازڵ میرانی و پارتەکەی با دەست لەم هەڵوێستە خراپە هەڵگرن و کێشەکانیان بە شێوازی دیموکراتی و ئاشتیانە و بە دانوستان چارەسەر بکەن.
ئێدی متمانەی گەلی ئێزدیمان بەو کەسانە و پەدەکە نەماوە. ئەو جۆرە کەسانە دەیانەوێت ئارامی و ئاسایشی گەلەکەمان تێکبدەن و ئامانجیان بە تەنها ئەوەیە. ئێمە وەک هێزی جەوهەری شەنگال ئەو لێدوانانە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین. با گەلەکەمان لە بەرانبەر ئەو لێدوانانە هوشیار بێت و متمانەیان پێنەکات."