بۆ پشتیوانیی خۆپیشاندەران بەشێک لە پەرلەمانتاران مانیان گرت
بۆ پشتیوانیی لە داواکاریی خۆپیشاندەران و دژی بە گولـلە وەڵامدانەوەیان، بەشێک لە پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان مانیان گرت.
بۆ پشتیوانیی لە داواکاریی خۆپیشاندەران و دژی بە گولـلە وەڵامدانەوەیان، بەشێک لە پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان مانیان گرت.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ، نزیکەی ٣٠ پەرلەمانتاری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، کە ئاڕاستەی “خۆپیشاندەران و کەسوکاری ئەو گەنجانە کراوە، کە لە خۆپیشاندانەکاندا لەسەر داواکردنی مافە ڕەواکانیان شەهید کران”، کراوە، مانگرتنیان لەناو بینای پەرلەمان ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم خەمساردن لە چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە دروستکراوانەی خۆیان بوونەتە ئەندازیاری و هەرێمی کوردستانیان نغرۆی کارەساتی گەورەی دارایی کردووە، کەچی هیشتا بەردەوامن لە برسییکردنی خەڵک و ناشەفافیەتی داهاتی نەوت و گرێبەستەکان، گەنجی غەدرلێکرا و بێکاریش بە گولـلە شەهید دەکرێن”.
ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، ئەوان دژی توندوتیژیین، “بەڵام کە گەیشتە توندوتیژیی، خوێنی مرۆڤێکمان لا پیرۆزتر و گەورەترە لە دەرگا و پەنجەرەی بارەگایەکی حزبیی”.
ئەو پەرلەمانتارانە، داوا لە حزبەکان دەکەن، لەو شوێنانەی گرژیی و ئاڵۆزیی تێدایە، بارەگاکانیان چۆڵ بکەن و خۆیان بەدووربگرن لە ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران.
ئەوەش هاتوو: بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان یاداشتێک ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەین، بۆ ئەوەی بەزووترین کات کۆببینەوە و حکومەت بێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی مولزەم بکرێت بە چاکسازیی لە دۆسیەی نەوت، ڕوبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی، قاچاغچێتیی، چارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەران، ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەند و کۆتاییهێنان بە توندوتیژیی دژ بە خۆپیشاندەران.
داواشیان لە خۆپیشاندەران کردووە، کە ڕێبازی ئاشتییانە بگرنە بەر بۆ داواکردنی مافەکانیان.
لە کۆتاییشدا بەڵێن بە هاوڵاتیان دەدەن، کە بەردەوام بن لە مانگرتن و پشتیوانیی ناڕەزایەتییەکان، تا ئەو کاتەی ئاسۆیەکی ڕاستەقینە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک دەردەکەوێت و پەرلەمان کارا دەکرێتەوە و کۆتایی بەم دۆخە نەخوازراوە دەهێندرێت.
ز.ش