بە ڤیدیۆ؛ بەڕێوەچوونی ئاهەنگی نەورۆز لە شیوەسوری کەرکوک

لە شاری کەرکوک بە دروشمی (با ئەم نەورۆزە بکەینە نەورۆزی ڕاپەرین دژ بە نادادپەروەری و داگیرکاری) لە ئاهەنگێکی جەماوەریدا ئاگری نەورۆز کرایەوە و نەورۆز پیرۆز کرا.

دوانیوەرۆی دوێنێ لە ناوچەی شێوەسوری سەر بە شاری کەرکوک، لە ئاهەنگێکی جەماوەریدا بەدروشمی (با ئەم نەورۆزە بکەینە نەورۆزی ڕاپەرین دژ بە نادادپەروەری و داگیرکاری)  نەورۆز پیرۆز کرا، لە ئاهەنگەکەدا چەندین لایەنی سیاسی، ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی و هەزاران هاوڵاتیانی کەرکوک و ناوچەکانی دیکەی باشوری کوردستان بەشداری ئاهەنگە جەماوەرییەکە بوون بۆ پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی.

سەرەتای ئاهەنگەکە بە چەند ساتێک وەستان بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدان دەستی پێكرد، پاش چەند ساتێک بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان، بانگ لە کەسوکار و بنەماڵەی شەهیدان کرا بۆ کردنەوەی ئاگری نەورۆز و پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی.

پاش کردنەوەی ئاگری نەورۆز، راگەیەنراوی، کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆز لە کەرکوک و بەیاننامەی ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی، لەلایەن نەوزاد بەکر ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری ئاهەنگی نەورۆز لە کەرکوک پێشکەش کرا.

بەناوی کۆمیتەی ئاهەنگی نەورۆزەوە وتی: " سەرەتا بەناوی کۆمیتەی ئامادەکارەوە، گەرمترین پیرۆزبایی جەژنی نەوروز و ساڵیادی ڕاپەرینە مەزنەکەی گەلەکەمان کە بە ئاگری نەورۆز لە یەکەمین رۆژی نەورۆزدا لەشاری باباگوڕگوڕ پیرۆزکرا.

هەروەها نەوزاد بەکر ووتیشی: "بەناوی ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستانەوە بەخێرهاتنی میوانان و پارت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەکەین، وەک هەمووان دەزانین پیرۆزکردنی نەورۆز بەشێکە لە مێژوو و کەلتوری نەتەوەکەمان ئێمەش وەکو تەڤگەری ئازادی هەموو ساڵێك ئەو جەژنە بە ئاهەنگێکی جەماوەی پیرۆز دەکەین" .

لەکۆتایی وتارەکەیەدا نەوزاد بەکر بەناوی کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆزەوە لە کەرکوک جارێکی دیکە نەورۆزی لە ئامادەبووانی ئاهەنگە پیرۆز کرد وتی: "هاوکات لەهەموو لایەنە سیاسییەکانی کەرکوک، داواکارین لەهەموو هێز و لایەنەکانی کەرکوک ڕۆحی برایەتی بکەینە سیمبولی نەورۆز، هەروەها بانگهێشتی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان دەکەین، بۆ پرۆژەی سیاسی تەڤگەریی ئازادیی، لەسەر بنەمای کۆمەڵگای دیموکراتی و دەستوور" .

پاش کۆتایی هاتنی ووتاری کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆز، چەند بەرهەمێکی هونەرمەندی میللی شاری کەرکوک (پێشەوا ڕەمەزان) لە ئاهەنگەکەدا پێشکەش کرا و پاشان ووتاری (تارا حوسێن) هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادی پێشکەش کرا.

تارا حوسێن بەناوی تەڤگەری ئازادییەوە ووتی: " خەڵکی قارەمان و خۆڕاگری شاری کەرکوک، نەورۆزتان پیرۆز بێت، ئێمە ئەمڕۆ لێرەدا لەکاتێکدا نەورۆز پیرۆز دەکەین کە گەلەکەمان لەدۆخێکی سیاسی ناهەموار دەژێت، سەرەڕای هەموو بەکارهێنانی تەواوی چەکە قەدەغە کراوەکانی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری توتک بەڵام تێکۆشانی قارەمانانەی گەلەکەمان ڕانەوەستا، ئەو تێکۆشانەی کە ٥٠ساڵ لەمەوبەر بەروحی نەورۆز دەستی بە خەبات کرد ئەمرۆش بەروحی نەورۆز بەردەوامە، لەم نەورۆزەدا گەلەکەمان لە تەواوی کوردستان لە ڕێگەی نەورۆزەوە وەڵامی داگیرکەرانی دایەوە".

هەروەها سەبارەت بە بەردەوامی سیاسەتی بەعس دژ بە گەلی کەرکوک، تارا حوسێن ووتی: "سیاسەتی دوژمنان لەسەر کەرکوک و ناوچە (کێشە بۆ دروستکراوەکان) بەردەوامی هەیە، ئەو سیاسەتەی حکومەتی بەعس هەوڵی جێبەجێ کردنی دەدات تا ئەمڕۆ بەردەوامی هەیە، سەرەڕای کۆتایی هاتنی حکومەتی بەعس بەڵام سیاسەتەکانی بەزمانی کوردی و عەرەبی و تورکی بەردەوامی هەیە لە کەرکوک، ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە، گەلی کورد لە کەرکوک و ناوچە کێشە بۆ دروستکاروەکان، گەیشستوونەتە ئەو ڕاستیەتەی کە چیتر بەو عەقڵیەتە ناتوانرێت  چارەسەری و ئارامی بەدەستبهێنرێت بۆ گەلەکەمان".

هەروەها تارا حوسێن هۆشداریی دا لە پیلانگێری هاوبەشی تورکیا و پەدەکە دژ بە گەلی کورد و بزوتنەوەی ئازادخوازی کوردستان و ڕایگەیاند: " ئەمانەوێت لێرەوە ڕایگشتی و جیهان و گەلەکەمان ئاگادارکەینەوە کە پیلانگێرییەک دژی گەلەکەمان هەیە کە لە مانگی نیسانی داهاتوو جێبەجێ دەکرێت، هەر کاتێک کە لە ئامنجە نەتەوەیەکانمان نزیک دەبینەوە داگیرکەری تورکیا بە هاوکاریی نوکەرانی لە باشوری کوردستان بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە خاکەکەمان تەسلیمی تورکیا دەکرێت و سەروەت و سامانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بەناوی ڕیککەوتنی ٥٠ ساڵە تەسلیمی تورکیا دەکرێت، تا دەوڵەتی تورکیا رزگاری بێت لەو پەلەقاژە مردنەی تووشی بووە".

هەروەها سەبارەت بە زانیارییەکان سەبارەت بە پیلانگێرییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان و تورکیا دژ بە بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان، تارا حوسێن ئاشکراشی کرد: "لەمانگی نیسانی داهاتوو لە ڕێگەی تەقاندنەوەی بۆڕی نەوت و ئەنجامدانی تەقینەوە ڕێگە خۆش دەکرێت شەرعەیەت دەدەن بەتورکیا تا بێت بۆ داگیرکردنی تەواوی خاکی باشوری کوردستان" .

لەکۆتایدا تارا حوسێن ووتی: "بانگەوازی بۆ تەواوی گەلەکەمان دەکەین بەتایبەتی ژنان و گەنجان، پێشەنگایەتی بۆ ڕێگەچارەسەرێکی دیموکراتی بکەین و پێکەوە ئاشتی و سەقامگیری بۆ کەرکوک و تەواوی ناوچە کێشە بۆ دروستکراوەکان بەدی بهێنین، ئەویش لە ڕێگەی هاتنە لای یەکتری و قەبوول کردنی هەمووان و خۆ فەرزنەکردن بەسەر هیچ لایەنێک، کەرکوک تایبەتی مەندی خۆی هەیە و پیویستە لەسەر ئەو بنەمایە کێشەکانی چارەسەر بکرێت" .

پاشان هونەرمەند (نیان عەبدوڵا) چەند بەرهەمێکی هونەری پێشکەش بە ئامادەبووانی ئاهەنگەکە کرد.

دوای ئەوەش وتاری ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان (ڕەژاک) لەلایەن (دلڤان ئەکڕەم) بەرپرسی کەرکوکی ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان(ڕەژاک) خوێندرایەوە، کە تیدا هاتبوو: "جەژنی نەتەوەییمان نەورۆزی گەلانی ئازادیخواز، بەڕۆحی سەرکەوتنی زیندانیان و تێکۆشانی گەلەکەمان لە هەرچوارپارچەی کوردستان و ئەندازیاری ئاشتی و ڕێبەری گەلان  ڕێبەر ئۆجالان پیرۆزبێت، هەروەها نەورۆز لە بەرخۆدانوانانی زیندان، تێکۆشەران، بنەماڵەی شەهیدان و ژنانی ئازادیخواز و گەلی خۆڕاگری کەرکوک و هەر تاکێکی  نیشتیمان پەروەر پیرۆزبێت، لەکەسایەتیە ئەفسانەییەکان و ئاگری بەدەنی زەکیە ئالکان، مەزڵوم دۆغان، سەما یوجە و ڤیان سۆراندا، وەکو هەمووساڵێک، ئەمساڵیش بەگوڕ و تین بەرەو ساڵێکی نوێی پڕ لە دەستکەوتی مەزن و لەسەر نانی تاجی سەرکەوتن دەکەینە هەوێنی ئاشتی و هەنگاونانی زیاتر بۆ هێنانەدی خەونی گەلەکەمان و بە ئەنجامگەیاندنی هەوڵەکانمان بۆ ئازادی و یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد و نەتەوەی دیموکراتیک.

هەروەها دلڤان ئەکڕەم ووتی: "هیوادارین ئەم نەورۆزە بکەین بە نەورۆزی یەکڕیزی ژنان، بەزوترین کات کۆنگرەی نەتەوەیی ژنان ببەستین چونکە  ژنان بە یەکێتی و یەکڕیزی خۆیان ئەتوانن تێکۆشانی چارەسەری ئازادی بەهێز بکەن و مافەکانی خۆی بەدەست بهێنێ، چونکە لەکەسایەتی ژندا هەموو مافێک ژێرپێ خراوە و کۆمەڵگە دادەڕوخێنن، ژن لەکوێ بێت و لەهەر بار و دۆخێکدا بێت، پرس و ئازارەکانمان یەکە و هەمان ئەقڵ ستەمی لێدەکات، با سەدەی ٢١ و ئەم نەورۆزە بکەین بەهەنگاوێکی نوێ و ڕادیکاڵانە تێبکوشین بە جەوهەری ژنی ئازاد، بۆ خاک و کۆمەڵگەیەکی ئازاد، وەک ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت (شۆڕشی باشور، شۆڕشی ژنە) بەو ڕۆحەوە هەموو دەنگمان بکەین بەیەک بۆ ڕاستکردنەوەی ژیانی کۆمەڵگەکەمان لە باشوری کوردستان، یەکڕیزی نەتەوەییمان و بیکەینە هەوڵێک بۆئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان" .

لەکۆتایدا دلڤان ئەکڕەم ووتی: "وەکو ڕێکخراوەکەمان بەهێزو ئیرادەیەکی زیاترەوە بۆ بەدەستهێنانی پێکەوەژیان و بونیادنانی ئاشتی و ئارامی و پوچەڵکردنەوەی (پەیمانی لۆزان) بەپێشەنگایەتی ژنانی ئازادی خوازی بەڵێن ددەین، بژی تێکۆشانی ئازادی گەلان بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان، (بژی پێکەوە ژیانی گەل ئازادیخواز)، (بمرێت خیانەتی داگیرکاری لەسەگەلی ڕەسەنی نوچەکە و کوردستان) ".

پاش ووتارەکەی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان، هونەرمەندی میلی شاری کەرکوک (لوقمان سەلیم) چەند بەرهەمیکی پێشکەش کرد.

پاشان کەرکوکییەکان پێشوازییەکی گەرمیان لە (ژینا سەقزی) خانمە هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد، ئەو خانمە هونەرمەند چەند بەرهەمێکی هونەری لە ئاهەنگەکە پێشکەش کرد.

پاشان پارچە هۆنراوەیەک لەلایەن شاعیری گەنجی کەرکوک (دڵدار خاک)ەوە پێشکەش کرا.

لە دوای پێشکەش کردنی پارچە شیعرێکەوە لەلایەن (دڵدار خاک)ەوە، چەند بەرهەمێکی هونەری لەلایەن (گروپی مێزوبۆتامیا) پێشکەش کرا، گروپی مێزوبۆتامیان کە پێکهاتووە لە ژمارەیەک گەنجی شاری کەرکوک.

پاشان ووتاری کۆمەڵەی گەنجانی ووڵاتپارێزی کوردستان لەلایەن (شاتو محەمەد) ئەندامی ژنانی گەنجی تێکۆشەرەوە پێشکەش کرا، لە ووتارەکەدا هاتووە: "ئەی داگیرکار تۆ دەستت برد بۆ قەسری شیرین و پەیکەری مامە ڕیشە، نەفرەت لە لۆزان و سایکسبیکۆکەتان، رۆڵەکانی کوشت وبڕ پێش دۆزەخ لە کوردستان دەسوتێندرێن ڕێگە نادەین لەم خاکە بتاننێژن ئێرە خاکی مامە ڕیشە و لەلایلا قاسمە، ئەی ئەوانەی کە کیمیاباران ئەنفال و جینوسایدمان دەکەن و لە سیدارەمان دەدەن، ئەی داگیرکەرانی عەفرین و سەرێکانی و کوردستان، داگیرکەرەکانی کەرکوک و مهاباد و بۆتان، ڕیگە نادەین لە کوردستان بژێن و بە مەرگتان شاد دەکەین، بەگڕی مەزلوم و زیلان ئیوە دۆڕان، بژی بەرخۆدان نەورۆز پیرۆزبێت لە گەریلا و شەڤانەکان".

هەروەها شاتو محەمەد ووتیشی: "لە کەرکوکەوە بۆ هەموو کوردستان بانگ دەکەین لە نەوەکانی کاوە، دوژمنان پەلەقاژەی مەرگیانە، خەتی خیانەتە چەپڵەی سەرکەوتن بۆ داگیرکەر لێدەدات لەخەیاڵی ئاگایی بەسەر گەلەکەماندا، ڕێگە نەدەن دز و تاڵانچی ڕێکەوتنمان لەسەر بکات، بە بەشداری لە ریزەکانی گەریلا و پتەوکردنی سەنگەرەکانی ئازادی و رزگاری بەر لە کۆچی گەنجان و بەتاڵانکردنی سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی بگرین، کات کاتی ئازادییە و پێویستە خاڵی کۆتایی بۆ داگیرکەران دابنین، لێرەوە بەناوی تەواوی گەنجان پیرۆزبایی نەورپز لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەین و دەلین"بێ سەرۆک ژیان نابێت".

لەکۆتایدا بەگۆڕانی وتن لەلایەن هەردوو هونەرمەندی میڵی (بەرهەم شەمامی) ئاهەنگی پیرۆزکردنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان بە هەڵپەرکێ کۆتایی هات.

ژ.ت